ئاڵەکۆک

عەبدوڵڵا پەشێو add_a_photo
هەر ببارە،
داکە سەریان،
جگەرگۆشەی سەوزی پەمۆ!
بێهوودەیە!
نە خوڕڕەی خوێن تێریان دەکا، نە رێژنەی تۆ.
ئەوان خەرەندی بێبن و
کەندولەندی شۆرەکاتن.
هەر تێیان کە...
پڕنابنەوە دەمیان بەشە
وەک چۆن بەش بوو هەرکە هاتن.
*

لەو ڕۆژەوە تۆ دەباریت،
مینبەر نەما، دەمی نەگری و لاڵی نەکەی.
سەنگەر نەما، خۆتی تێدا خاڵی نەکەی.
هەڵۆ نەما، لووتکەکانی پێ بەرنەدەی.
قەلەم نەما، ئاودەستخانەی پێ دەرنەدەی.

لەو ڕۆژەوە تۆ دەباریت،
دیواندڕی دەمهار نەما،
لە ئوتێلی پێنجئەستێرە نەیخارێنی.
چۆڕێک ئاوی ڕۆشن نەما، پێی نەوەڕی.
مژێک هەوای سازگار نەما، نەیتارێنی...
*

گوتم نەرمی، پەمۆزادەی،
کەچی هاتی،
شاخت بە خوێنی شاخ چەش کرد!
گوتم کەسکی، وەک گیا سادەی،
کەچی هاتی،
زەوی و ئاسمان،
سەر و بنی دنیات ڕەش کرد!
تۆ بالۆرە و
سیاچەمانە و
'دەی دەی زەردە' ی'باڵدار' ت کوشت. ١
بۆنی چرووی سەر قەرتاڵە و
گیزەگیزی سەماوەری
دەشتودەری
بەهارت کوشت.
تۆ فجووقی سوێسکە و پۆڕی قەلی چیا و
بازبازێنی کارمامزی بنارت کوشت.
تۆچیت نەکرد
تۆ مێگەل و
بەردەبێر و
گاڕانت برد بە گردەوە.
قاڕە و باڕەت لە بیر کۆز و
شیناوەردت لە بیر کێڵگە و
ترێت لە بیر رەز بردەوە.
تۆ چیت نەکرد؟ !
تۆ غەزەبی ئاسمانان بووی،
داباریت و
دەمی تەووری خۆت گەیاندە بنج و بنیاد:
کۆت و بەندت کردە لینگی
شلکە چەمی زمانی ماد،
شاڵ و شەپکت
لەبەر بەژنی لاوک داکەند.
بۆ لاکخۆران، پارچە پارچە، تیکە تیکە،
هەڵت خستم لەسەر تەناف.
تۆ حەمرینت بۆ لم ڕاخست،
تۆ قەراجت بردە پشت قاف!
تۆ چیت نەکرد؟ !
تۆ 'دڵدار'ت گۆڕبەدەر کرد، ٢
تۆ چاوساغی شەیتانان بووی
بۆ وڵاتی شۆڕەسوار و پەریزادان،
هەی بێ شەڕەف،
تۆ شەڕەفت کرد بە 'دەفتەر'
مەفتەنت کرد بە دۆشەگی بن گەوادان! ٣

١. دەی دەی زەردە: هێمایە بۆ کتێبی فێرکردنی زمانی کوردی
کە برایم باڵدار بۆ زارۆیانی کوردستانی دانابوو.
باڵدار: ئیبراهیم باڵدار، دانەری کتێبی فێرکردنی زمانی کوردی
بۆ زارۆیانی کوردستان.
٢. ئەم دێڕە هێمای تێکدانی کۆنترین گۆڕستانی هەولێرە، بە گۆڕی 'دڵدار' ی شاعیریشەوە و دروستکردنی مارکێت لە جێی.
٣. لە باشوور بە دەهەزار دۆلار دەڵێن 'دەفتەر'!
٢٠١٠/٢/٢ - هێلسنکی
لاپەڕەی ٧٦،٧٧،٧٨،٧٩،٨٠،٨١
نووسین: خالید قادری

پەراوێز edit