ئاڵەکۆک

عەبدوڵڵا پەشێو add_a_photo
کە سەیرم کرد، دیم... دووراودوور...
گەردەلوولێک بەرەو لام دێ،
سەرتاسەری بەژنی لە نوور.

فریشتەیەک بە هەواوە لەنگەری گرت،
ڕووی تێم کرد و بەکاوەخۆ
پەنجەی ڕاداشت بۆ ڕچەیەک،
گوتی: «مژدەم پێیە بۆ تۆ.
ئەم ڕەچەیە بۆ بەهەشتە،
لێی لانەدەی، بیگرە و بڕۆ!».

نە بۆ لایەک ڕووم وەرچەرخاند،
نە بەقەد مووش لە ڕێ لام دا...
لێ، گەردەلوول وا تاوی سەند،
زۆر نەمابوو
بۆ خەرەندی دۆزەخ ڕام دا...

لە پڕێکا...
چنارێکی بەژنزراو
لەبەر دەممدا هەڵتۆقی!
ئامبازی بووم.
هەردوو باڵم لێی ئاڵاند و
گوشیم هەتا هێزم تیابوو...
کاتێ هەڵسام، چنارەکەم،
شەڵاڵی ناو ئارەقە بووم،
ئامێزم تێت وەرهێنابوو!
٢٠١٠/١/٢٥ - هێلسنكی
لاپەڕەی٧٣،٧٤،٧٥
نووسین: خالید قادری

پەراوێز edit