ئاڵەکۆک

عەبدوڵڵا پەشێو add_a_photo
(١)
ئەوەی عاشق بێت پێی دەڵێم،
با بۆ تەواف هەر بەحزان و
بۆ مرازیش هەر گۆڕی تۆ هەڵبژێرێ...
چونکە تەنیا
سەر بە هۆزی پێغەمبەران
تۆ ئاسایی
لەبن کەڵبەی ئازیزانی گیان دەسپێرێ!
(٢)
زریکەیەک دەگاتە گوێم،
ئاسمان هەڵدڕ هەڵدڕ دەکا:
چ قەوماوە؟
چییە خوایە؟
قەولێکی مسحەفاڕەشە پێخوست دەکرێ،
یا سوورەتەکەی حەڕڕایە؟ ٢
سیپارەیەکی ئینجیلە رەجم دەکرێ،
یا گاتایە؟
چ قەوماوە؟
چییە، خوایە؟
شەبەیخوونی مەگۆلانە
بۆ سەر مەعبەدێکی بوودا،
یان زریکەی تەوارێکی باڵشکاوی بێنەوایە؟

(٣)
پارچەیەک نوور لەو ساکەگۆڕە کەوتووە...
هی دوعایە، یا مەفتەنە هەتک دەکرێ؟
ئەو پەڵاسەی دایپۆشیووە
پەڵاسی بەر کچی منە،
یا بەرماڵی خواناسانە
لەبەر تف و بەرد باڵدەگرێ؟
***
ئێستا گومان لە چی بکەم، لە چی نەکەم؟
ئێستا گومان لە کێ بکەم؟ لە کێی نەکەم؟
لە هەر چل هەزار پێغەمبەر؟
لە کتێبە پیرۆزەکان؟
لە کردگار؟
فیڕعەونەکان دنیایان خوارد،
بۆچی مووسا
دار عەساکەی هەڵنابڕێ و نایکا بە مار؟
ئەوا دیسان بەردبارانی مەجدەلییە، ٣
کەنگێ مەسیح دێتە هاوار؟
بۆ شێخ ئادی مەرقەدەکەی جێ ناهێڵێ؟ ٤
بۆ گومبەتێک،
منارەیەک بە زەویدا ناچێتە خوار؟
ئەی من بۆچی ناتپارێزم؟
ئازیزەکەم،
جگەرگۆشەم،
نیشتمانی بن پێلەقە و بڵۆک و دار؟ !
بۆ بڵێسەی قەلەمەکەم،
دەوراندەوری جەستەی پیرۆز،
هەڵنابەستێ شوورە و دیوار؟
دەک شەرمەزاربم... شەرمەزار!

١. دوعا، کچە کوردێکی دەڤەری بەحزانی سەر بە شێخان بوو، لە سۆنگەی دڵداری لە نیسانی ٢٠٠٧دا، بە شێوەیەکی دڕندانە، لەسەر جادە بە ئاشکرا، کەسوکاری خۆی شەهیدان کرد.
٢. حەڕڕا: مەبەست ئەو ئەشکەوتەیە، کە تێیدا پێغەمبەر دەچووە خەڵوەت و هەر لەو ئەشکەوتەش یەکەم سرووشی بۆ هات.
سوورەتەکەی حەڕڕا: إقرأ باسم ربك
٣. مەجدەلی: مەبەست ماریای خەڵکی مەجدەلە، کە حەزرەتی مەسیح نەیهێشت بە عادەتی جوولەکەکان ڕەجم بکرێ.
٤. شێخ ئادی: سۆفییەکی سەدەی یازدەمە، لە هەکارییەوە دێتە لالش، لای کوردانی ئێزەدی شوێنێکی تایبەتی هەیە،
مەرقەدەکەی لە لالشە و ڕووگەی باوەڕمەندای ئێزیدییە.
نیسانی٢٠٠٧ - هێلسنكی
لاپەڕەی ٥٣,٥٤,٥٥,٥٦,٥٧
نووسین: خالید قادری

پەراوێز edit