ئاڵەکۆک

عەبدوڵڵا پەشێو add_a_photo
(١)
کاتێ دووراودوور سەیری کێو دەکەی،
نێزیک دەنوێنی لووتکەی بڵندی.
کە بە ناو بەفرا پێیدا هەڵدەزنێی،
دەڕۆی و دەڕۆی، ناگەیتە دوندی.

کە هۆنراوەیەک دەخوێنیتەوە،
دەڵێی چەند سووک و زەلال و ڕوونە!
بەڵام کە دێڕێک لێت بوو بە گێژاو
دەڵێی ڕەقترین کاری گەردوونه!
لاپەڕەی ٢٩٥

(٢)
تافەی جۆگەلە و هاڕەی تاڤگە دێ،
گوێم لە زەمزەمەی چەم و ڕووبارە.
هەروا مل دەنێن، گوڕ دەبەستن و
بەجێ دەهێڵن ئەم جێ و هەوارە

ئەرێ کاتێ ئاو مەفتەن جێ دێڵێ
بۆ قریوەی دێ و هەر پێدەکەنێ؟
ئەی بۆچی کە من بارگە تێک دەنێم،
خەفەت سەراپای گیانم دەتەنێ؟ !
لاپەڕەی ٢٩٦

(٣)
ئەرێ خەڵکینە! بۆ هێندە خاون؟
مەڵێن کیسەڵیش سست و تەمبەڵە!
چما نازانن، ئەگەر هیچ نەبێ،
سەد ساڵی ڕەبەق عومری کیسەڵە؟ !

ئەرێ خەڵکینە! بۆ وا بە پەلەن؟
مەڵێن کەروێشکی دەشتیش ڕا دەکا
ئاخر کەروێشکی بەدبەخت و کڵۆڵ
ژینی زۆر کورتە، بۆیە وا دەکا!
لاپەڕەی ٢٩٧

(٤)
خەڵکی هیندستان پێیان وایە مار
یەکەم گیانداری سەر ڕووی زەمینە.
شاخنشینەکان سوورن لەسەر وەی
هەڵۆ کۆنترین زەوینشینە!

کەچی من دەڵێم: نەخێر، یەکەمجار
ئادەمیزاد بوو پێی نایە جیهان
پاشان هێندێکیان وەکوو مار خزین،
هێندێک وەک هەڵۆ فڕین بۆ ئاسمان!
لاپەڕەی ٢٩٨

(٥)
کە جاران دوو سوار دەبوو بە شەڕیان،
ژنێک دەسماڵی دەخستە بەر پێ.
بە دەستووری شاخ چەک فڕێ دەدرا،
ئاشت دەبوونەوە هەردووک دەسبەجێ.

هاوار، ئافرەتان، بگەنە هیمداد!
ئەوا دوو برا خەنجەر لێک دەسوون،
دە دەسماڵێکیان باوێنە بەر پێ،
تا دنیا نەبووە هەپروون بە هەپروون!
لاپەڕەی ٢٩٩

(٦)
گەر بووم بە کانزا لە سککەم مەدەن
با نەبمە پارە و نەچمە باخەڵان...
هەرگیز نامەوێ زرینگانەوەم
ببێتە مایەی گەڕ و گێچەڵان

دەستم داوێنتان، گەر بووم بە کانزا،
بمکەن بە چەک و بە هیچی دی نا
با نووکی ڕەمب و دەمکی خەنجەر بم
لە جەنگەی شەڕی مردن و ژینا!
لاپەڕەی ٣٠٠

(٧)
گەر شاخنشینێک لە دەرگەی درا
با خۆی ملکەچی نەریتی چیا کا
نیوەشەویش بێ، با لە خەو ڕابێ،
بۆ ڕێبوارەکە دەرگە واڵا کا.

هەر کە بەستەیەک لە دەرگەتی دا
گەر تۆ شاعیری واز لە خەو بێنە.
دەرگەی دڵی خۆت بخە سەر پشت و
نیوەشەویش بێ تێچریکێنە!
لاپەڕەی ٣٠١

(٨)
هێندە نان و ئاو هەڵگرە بۆ ڕێ،
کە هەم بۆ خۆت بێ، هەم بۆ ڕێبوارێ.
خەنجەرێکیشت لەبەر کەمەر بێ،
نەوەک تێت ئاڵێ گەڕی بەدکارێ.

خۆشم دەمێکە کەوتوومەتە ڕێ،
شیعرم کردووە بە تۆشەبەرە.
بۆ ئەوەی دۆستە خۆراک و ئاوە،
بۆ ناحەزانیش چەشنی خەنجەرە!
لاپەڕەی٣٠٢

(٩)
'هەڵۆیانی شاخ، هەر بێزار نەبوون
لە بەفر و سەهۆڵ، نەهاتی و تێمان؟ '
+'ئێمە نەهاتووین بۆ گەرمی و خۆشی،
ئازادی لووتکەی بەخشیوە پێمان'

-'هاونیشتمانان، چ خۆشییەکتان
لەم شاخە ڕەق و ڕووتانە دیوە؟ '
+'ئێمە نەهاتووین بۆ گەشتوگوزار،
لووتکەی ئازادی پێمان بەخشیوە! '
لاپەڕەی ٣٠٣

(١٠)
گوتمە جۆگەیەک: ' تۆ کۆنەساڵی و
چەندان فەرسەخیش ڕێگەت بڕیوە،
ئاخۆ لە هەموو شتێک دڵکێشتر
لەم جیهانەدا تۆ چیت بینیوە؟ '

جۆگەکە گوتی: ' ڕاستیت گەرەکە؟
نە هەنووکانە، نە ڕۆژگاری زوو،
نەمدیوە جوانتر لە گاشەبەردێک
کە لای سەرچاوەی دایکم کەوتبوو! '
لاپەڕەی ٣٠٤

(١١)
ڕۆژێک کالانی خەنجەرێکم دی،
هەمووی بە زێڕ و زیو ڕووکەشکراو،
کە خەنجەرەکەم هەڵکێشا، بینیم،
گشت ژەنگاوی بوو، کول و ناتەواو.

دیوانێک شیعرم وە بیر هاتەوە،
ناوەڕۆکەکەی پووچ و لەنگ و لار،
بەرگیش، چ بەرگ! هەر شاکارێک بوو،
سەرانسەری تژی لە نەخش و نیگار!
لاپەڕەی ٣٠٥

(١٢)
سێ بەستەی پیرۆز لە دنیادا هەن،
وەک هەنگوین شیرین، وەک کوژاڵک تاڵ.
ئەوەی یەکەمیان پیرۆزترینە
لایلایەی دایکە لای بێشکەی مناڵ.

بەستەی دووەمیش هەر هی دایکانە،
شینە بۆ تەرمی زارۆی مردوویان.
ئەگەر لە بەستەی سێیەم دەپرسن،
ئەوانی دیکەن... هەموو... هەموویان...
لاپەڕەی ٣٠٧

(١٣)
ئێوارە و بەیان، شەوەزەنگ و خۆر،
دوو ماسیگرن: یەک ڕەش، یەک چەرموو.
دنیا دەریایە و ئێمەش وەک ماسین
بە دوای چەشکدا سەرقاڵ و ماندوو

هەمیشە تۆڕ و چەنگاڵ هەڵداوێن
جووتە ڕاوکەری بێسرەوت و خەو.
ئاخۆ کامەیان وەگیرم دێنێ:
چەنگاڵەکەی ڕۆژ، یا تۆڕەکەی شەو؟ !
لاپەڕەی ٣٠٨
نووسین: ڕێزان عەلیپوور

پەراوێز edit