ئاڵەکۆک

عەبدوڵڵا پەشێو add_a_photo
گوێم لێ بگرن!
مژدەم پێیە، بۆ هەمووتان:
کەفەڵپان و ڕیوەڵەتان،
زڕتەبۆز و بوودەڵەتان،
سیخوڕ و بەچکەسیخوڕتان،
سکرتێر و تڕژمێر و میراخوڕتان،
یەک یەک وەزیر و گزیرتان
قونکی پیاز و سەری سیرتان
دەیڵێمەوە،
مژدەم پێیە بۆ هەمووتان:
سەر و سەکوت بەبۆیاخ و بێبۆیاختان،
فایلسووک و فایلقورسی شار و شاختان
ملیۆنێر و ملیاردێرتان
یەکژنداری بەردکونکەرە و
دەژنداری بنزگتێرتان،
گوێم لێ بگرن،
چونکە ئێوە لەم دنیایە،
کۆبوونەوەی شەووڕۆژتان دوایی نایە،
چونکە ئێوە،
هەموو عومر
ئەم بۆ لای ئەو،
ئەو بۆ لای ئەم،
هەر خەریکی ڕاکەڕاکەن
چونکە ئێوە لە گۆڕیشدا
بێ یەکتری قەت هەڵناکەن،
خەونم دیوە
مژدەم پێیە بۆ هەمووتان:
کە دەشمرن،
خەمتان نەبێ، دڵنیا بن...
لە دۆزەخدا کۆ دەبنەوە،
کۆ دەبنەوە و هاوێر نابن!
٢٠١٩/٢/٢ - ڕیگا
لاپەڕەی ٢٨٨,٢٨٩,٢٩٠,٢٩١
نووسین: خالید قادری

پەراوێز edit