ئاڵەکۆک

عەبدوڵڵا پەشێو add_a_photo
بە شەوانی ڕەسپوتین و
گەنجینەکەی قاروونەوە خەو ببینن،
بە کورسییەکەی ناپلیۆن و
پاداشتەکەی خوێنڕشتنی
ئەوینداری بێستوونەوە خەو ببینن

منیش، لێرە،
لەناو دڵی زنجەکەمدا
بە مناڵە قژزەردەکەی دەم ئاسۆوە
خەو دەبینم
بە ئاگردان و پشکۆوە
بە درەخت و بە چرۆوە
بە قوژبنی ئەشکەوتێکی سەربەخۆوە
خەو دەبینم
* * *

دوا دەنگوباسم ئەمەیە:
من شێت دەبم!
کە شێتیش بووم
لەناو گرمەی ئاهەنگێکدا
شرینقەیەک لە تەرمی ڕاستی دەدەم و
لەسەر پشتی تاتەشۆری چەپڵەکانتان
زیت و زیندووی دەکەمەوە!

دوا دەنگوباسم ئەمەیە:
من شێت دەبم!
کە شێتیش بووم
لە گۆڕەپانێکی شاردا،
وەک مناڵێک
بە زەنگیانەی درۆکانتان یاری دەکەم!
(١٩٧٣ - هەولێر)
@abdulla_pashew
نووسین: ٨٣.١٢٠.٨. ٢٤٨

پەراوێز edit