ئاڵەکۆک

عەبدوڵڵا پەشێو add_a_photo
عەبدوڵڵا پەشێو › ڕۆژ نییە لێتان تووڕە نەبم ›
٧٠. ئەو ساتە خۆشەم هێشتا لە بیره
ئەو ساتە خۆشەم هێشتا لە بیرە
کە تۆی نەونەمام.
وەک تاپۆیەکی باڵداری تیژڕەو،
وەک ئیدیاڵێکی ئاسمانی و بێگەرد،
خۆت پێ نیشان دام.
لەناو دوودڵی و سەرقاڵیی ژینا،
دڵ پڕ ئێش و ژان، پڕ نائومێدی،
ماوەیەکی زۆر
دەنگی ناسکت زرینگایەوە و
خەونم بە شێوەی شیرینتەوه دی...

ساڵان هاتن و ساڵان ڕابردوون،
گەلێک گەرداوی سەرکەش هەڵیانکرد،
دەنگ و شێوەتیان لەبیر بردەوە،
هەر خەونێکمیان بۆ ئاقارێک برد.

لە تەنیاییدا،
لە بەندیخانەی ئەنگوستەچاوا
ڕۆژانی ژینم بێدەنگ تێپەڕین.
نە خواپەرستی و سرووشیان تیا بوو،
نە دڵداخورپان، نە ئەشک و ئەڤین.
***
دڵم لێدەدا،
ئاوازی گەرمی لێوە هەڵدەڕژێ،
دیسان سەرلەنوێ، بن ساباتی ژین
پڕاوپڕ بۆوە:
لە خواپەرستی،
لە ئەشک و سرووش،
لە سیحر و ئەڤین.

* تانوپۆی ئەم هۆنراوە هی پوشکینە و چنین و نەخشەکانیش هی خۆم.
نووسین: ناشناس
سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew

پەراوێز edit