ئاڵەکۆک

عەبدوڵڵا پەشێو add_a_photo
تۆش بەجێم دێڵی
زۆر باش دەزانم، تۆش بەجێم دێڵی
تۆش سەرخۆش دەبی و
وەک بادەیەکی بۆش بەجێم دێڵی
* * *
تۆش بەجێم دێڵی
وەک چۆن سەوزایی باخ بەجێ دێڵێ
وەک چۆن تەمومژ شاخ بەجێ دێڵێ
تۆش بەجێم دێڵی
* * *
تۆش بەجێم دێڵی
چۆن ئەسپێکی خورت سوار بەجێ دێڵێ
چۆن وشەی تادار... زار بەجێ دێڵێ
تۆش بەجێم دێڵی
* * *
ئەگەر دەزانیت، ئەمجارە
بڕیارەکەت دوا بڕیارە:
ناونیشانی خۆت بگوڕە،
جێپێیەکانمان بسڕەوە
لەژێر ئاسمانی ئەم شارە
ئەوسا، خوات لەگەڵ
چۆن ئەسپێکی خورت سوار بەجێ دێڵێ
وام بەجێ بێڵە
چۆن وشەی تادار... زار بەجێ دێڵێ،
وام بەجێ بێڵە
(١٩٧٦/١٠/٢٨ - مۆسکۆ)
نووسین: ناشناس
سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew

پەراوێز edit