ئاڵەکۆک

عەبدوڵڵا پەشێو add_a_photo
ئەی چیایییە دوورەکان!
ئێستا بڕوام نەماوە
بە هێڵی سنوورەکان،
بە مەودای نێوان دوو شوێن،
بە ئەلفوبێی جوگرافیا و
نەخشە زەرد و سوورەکان
* * *
چۆن ئاگر کەسێک بگرێ،
منتان گرتووە وەک ئاگر
هەرچەند بەتاوتر هەڵێم،
هەرچەند دوورتر کەومەوە،
دەبینم بڵندترن،
گەورەترن، نێزیکتر!

ماڵێک نییە سبەینان
من سەری پێدا نەکەم
پەنایەک نییە شەوان
کە من نەیکەم بە جێژوان

کە مناڵێکتان دەگری
من ژیری دەکەمەوە
نەخۆشتان خەوی دەزڕێ
من دڵی دەدەمەوە

ئێوە شایی دەگێڕن
من سەرچۆپییەکە دەگرم
ئێوە پرسە دادەنێن
من پێش مردووەکە دەمرم

ئەی چیایییە دوورەکان:
چۆن ئاگر کەسێک بگرێ،
منتان گرتووە وەک ئاگر
هەرچەند بەتاوتر هەڵێم،
هەرچەند دوورتر کەومەوە،
دەبینم بڵندترن،
گەورەترن، نێزیکتر!
(١٩٧٦/٨/١١ - بەرلین)
نووسین: ناشناس
سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew

پەراوێز edit