ئاڵەکۆک

عەبدوڵڵا پەشێو add_a_photo
(بۆ تاڤگەی برازام)

تاڤگە، کاریلەی مامی خۆت!
تۆ جاران تەنیا تاڤگە بووی،
ئەمڕۆ لای من گەورەتری.
ئەمڕۆ لای من ئەلبۆمێکی،
وێنەی هەموو مناڵانی
کوردستانم بۆ هەڵدەگری.

تاڤگە،
ئەی سمۆرە کێویلکەکەم!
چ دەکەی لە مۆسکۆ، لێرە؟
چ سیمرخێک
تۆی بۆ من گەیاندە ئێرە؟

چەند ڕۆژێکە
لەناو پۆلی مناڵاندا
دەتبینم خەریکی یاریت.
کە زریزەی بەفری زیوین
زەوی و ئاسمان لێک دەدوورێ،
لەگەڵ بەفرا تۆش دەباریت.

کە دەست دەبەم بۆ کتێبێک،
تۆ، وەک جاران،
تۆتکە ناگری... پەستم دەکەی.
ساپساپانێ
بە پیتەکانی کتێبی دەستم دەکەی.
دەچمە ناو واگۆنی میترۆ_
تۆ وەک ڕێگەی گەڕانەوەم
لەبەر دەممای.

شەقام دەبڕم
وەک سێبەری
چێشتەنگاوی درەنگی خۆم
تۆ لە تەکمای.
جارجار خۆمت لێ ون دەکەم
کەچی لەپڕ
وەک ڕۆژنامە لەناو دەستمای!
***
تاڤگە
ئەی سمۆره کێویلکەکەم!
تۆ جاران تەنیا تاڤگە بووی
ئەمڕۆ لای من گەورەتری...
ئەمڕۆ لای من ئەلبۆمێکی
وێنەی هەموو مناڵانی
کوردستانم بۆ هەڵدەگری!

تۆتکەگرتن: ئارامگرتن، ئۆقرەگرتن، هەدادان
ساپساپانێ: خەتخەتێن
(زستانی ١٩٧٤ - مۆسکۆ)
نووسین: ناشناس
سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew

پەراوێز edit