ئاڵەکۆک

عەبدوڵڵا پەشێو add_a_photo
درەختەکانی ڤەڕۆنێژ*
وەکوو کیژە کوردی لادێ،
شەرم دەکەن ڕووت ببنەوە
هەرچەند هەوای پایزیشیان بەسەردا دێ
* * *

ئەی نێرگزە کێویلکەکە!
تۆ شارەزای جادەکانی
ئەم شارە غەریبەت کردم
بۆ بەر تیشکی چرای کزی
هەموو باخە پڕ نهێنییەکانت بردم

کۆڵان کۆڵان،
داڵان داڵان،
هەمووی گەڕاین
کۆگا کۆگا
ڕێگا ڕێگا
هەمووی گەڕاین
کام سووچ تاریک و نووتەکە،
لەوێ... خۆمان کرد بە چرا و
تیا داگیرساین!
* * *

ئەی نێرگزە کێویلکەکە!
سوپاس بۆ تۆ!
کە شارەزای جادەکانی
ئەم شارە غەریبەت کردم
سوپاس بۆ تۆ!
بۆ بەر تیشکی چرای کزی
هەموو باخە پڕ نهێنییەکانت بردم
بەڵام، توخوا، لێم ببوورە
ئەگەر بڵێم ڕێگەی دڵت پێ نازانم،
کە چوار پەنجە لە من دوورە!

* ڤەڕۆنێژ: شارێکە، دەکەوێتە سەر ڕووباری ڤەڕۆنێژ، لە خوارووی ڕووسیا. شاعیر ساڵی خوێندنی ١٩٧٣ - ١٩٧٤/ی لەوێ بەسەر بردووە.
(١٩٧٣/٩/٢١ - ڤەڕۆنێژ)
نووسین: ناشناس
سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew

پەراوێز edit