ئاڵەکۆک

عەبدوڵڵا پەشێو add_a_photo
ئەمشەو دەستم
بۆ فەرهەنگی نیوەشەو برد
وشەکانی مێروولە بوون،
له بەردەمما ڕایاندەکرد
* * *

ئەو مناڵەی ئێوارێ دیم
لە سێبەری مزگەوتێکا
برسێتی لە خۆی لوول دابوو
داوەڵی١ خوای خۆی دەپێکا
ئەمشەو لای من میوانێکە
لە بنمچی ژوورەکەمدا ڕاکشاوە

بە ئەنگوستە لاوازەکان
ئەستێرەکان دەسڕێتەوە
بەری کڵاوڕۆژنەی٢ گرتووم
لێ ناگەڕێ
بۆ بسکۆڵەی٣ کراوەی مانگ بکرێتەوە
* * *

ئەی میوانە بچکۆلەکەم!
بۆ مان دەگریت؟
چیت لێم دەوێ؟
وەرە خوارێ!
بەیانی زوو
کڵافەی ڕێ دەکەمەوە،
قاسەی ئاسۆت بۆ دەشکێنم،
کولێرەی زێڕ دەردەهێنم

وەرە خوارێ!
سەری ئەستێرەکان مەبڕە
بەری کڵاوڕۆژنە مەگرە
لێفەی ئەییووب بە خۆتدا دە،
تا دروشمی سەر تاقەکان دەسووتێنم،
چیلکەی پەنجەی ترسنۆکی شاعیرەکان،
کورسی و مێزی
ژووری کۆشکە سامناکەکان دەسووتێنم

بەیانیش زوو
لە بیر ناکەم،
کڵافەی ڕێ دەکەمەوە،
قاسەی ئاسۆت بۆ دەشکێنم،
کولێرەی زێڕ دەردەهێنم

وەرە خوارێ!
سەری ئەستێرەکان مەبڕە،
بەری کڵاوڕۆژنە مەگرە،
ئەی مێوانە بچکۆلەکەم،
وەرە خوارێ!

فەرهەنگۆک؛
١. داوەڵ؛ دارێکە پەڕۆی پێوە دەئاڵێنن لە ناو شینایی بۆ ڕەواندنەوەی باڵندان، (مترسک)
٢. کڵاوڕۆژنە؛ دەلاقەی سەربان، کولانە
٣. بسکۆڵە؛ بسک و ئەگریجەی بچووک
(١٩٧٢/١١/٩ - گوندی گەلیاوە)
نووسین: هەڵاڵە ئیلهامبەخش
@abdulla_pashew

پەراوێز edit