ئاڵەکۆک

سوارە ئیلخانیزادە add_a_photo
سوارە تاپۆ و بوومەلێڵ
٥٦. داخوا ڕوودەکی یەکەم شاعیری فارسە؟
سەلام لە گوێگری بە ھەست و ھونەرپەرستی بەرنامەی تاپۆ.

گوێگرێکی بەڕێز پرسیاری کردووە کە باشتر نییە لەباتی ئەو ھەموو جیاوازی بیر و بڕوایە کە لە نێوان مێژوونووسانی وێژەدا پەیدا بووە و ھەر کام سەبارەت بە ھەوەڵ شاعیری ئێران شتێکیان نووسیوە و کەسێکیان ھەڵداوە، ڕاست و ڕەوان ڕوودەکی بە ھەوەڵ شاعیر دابنێن و خۆمان لەم ھەرایە ڕزگار کەین. ئەو گوێگرە پاشان داوای کردووە کە ئێمە بۆی ڕوون کەینەوە کە ئایا ڕوودەکی ھەر لە مناڵییەوە چاوی نەیدیوە یا پاشان چاوی بەستراوە. نووسەری بەرنامەکە بەم چەشنە وەڵامی ئەداتەوە و ھاوکارییەکی ترمان پێشکەشی ئەکا.

ڕاستە کە ئەمە ھەڵەیە ھەوەڵ کەسێک کە تەنیا شیعرێک یا تەنانەت نیوە شیعرێک ھەڵبەستێ لە مێژووی وێژەدا بەھەوەڵ شاعیر بدرێتە قەڵەم، وەک بەھرامی گۆڕ کە ئەڵێن کوتوویەتی:

منم آن شیر دمان و منم آن پیل یلە نام من بھرام گور و کنیتم بوجبلە

کە ھەڵبەت کەمێک جێگای گومانیشە کە ئەم ھەڵبەستە ھی بەھرام بێت. یاوەک کوڕی یەعقووبی لەیس کە لە یاری مناڵانەدا کوتی: «غلطان غلطان ھمی رود تالب گور».

ئەمانە و کەسی تری وەک ئەمانە ناتوانن ھەوەڵ شاعیر بن. جگە لەمەش ئەگەر بچینەوە بناوانی کارەکە بۆمان دەرئەکەوێ کە ھەوەڵ شاعیر، ھەوەڵ ئادەمیزادێک بوو کە توانی وشە بەزمانا بھێنێ. ئەوەی کە کێ ھەوەڵ شاعیر بوو و کام ھەڵبەست یەکەم ھەڵبەست بوو با بمێنێتەوە بۆ ئەو کەسانە کە مامۆستای ئەو کارەن و لە ڕاستییا بێکارن! بەڵام ئەوەی کە فەرموویانە ڕاست و ڕەوان ڕوودەکی بەھەوەڵ شاعیر دابنێین، ئەمەش ھەڵەیە. چۆن پێش ئەو ئەبوو شەھید و حەنزەلەمان بووە و شاعیری باشیش بوون. ڕاستە کە حەنزەلە تەنیا دوو شیعری لە تەزکەرەکانا ماوەتەوەو دیوانی نییە، بەڵام ھەر ئەو دوو شیعرە نیشانەی دەسەڵاتی ئەوە لە ھەرێمی شاعیریدا، بەچەشنێ کە خەربەندەیەک بەخوێندنەوەی ئەو دوو شیعرە وا ھان ئەدرێ کە تیئەکۆشێ و ناوەستێ تا ئەگا بەپلەی ئەمیری. ئەم دوو شیعرە کە بۆتان ئەخوێنینەوە تەنانەت ئەمڕۆش نوێ و نەشەمزاون و ناوەڕۆکی کۆمەڵایەتی باشیان لێ دەرئەکەوێ. حەنزەلە ئەڵێ:
مهتری گر به کام شیر دراست
شو خطر کن ز کام شیر بجوی
یا بزرگی و عزو نعمت و جاه
یا چو مردانت مرگ رویاروی

بەڵام سەبارەت بە ڕوودەکی، ئەبوو عەبدوڵڵا جەعفەر کوڕی محەممەد کە نازناوی ڕوودەکی بووە یەکێکە لەشاعیرانی پایە بەرزی ئێران و بێگومان ھەوەڵ کەسێکە کە شیعری فارسی پتەو کردووە و لەناو وێژە ویستانا پەرەی پێداوە. ڕوودەکی مامۆستای گەورەی شیعری فارسی لە ساڵەکانی ناوەڕاستی سەدەی سێ لە ئاوایییەک بەناوی «ڕوودەک»ی سەمەرقەندا لە دایک بووە و بەم بۆنەشەوە پێی گوتراوە ڕوودەکی. ئەو شاعیرە بەواتای عەوفی، نووسەری پاراوی «لباب الالباب» ئەوەندە ھۆشیار بووە کە لە تەمەنی ھەشت ساڵییا تەواو قورئانی لەبەربووەو شیعری باشی گوتووە. ھەر «عەوفی»یە کە ئەنووسێ دیمەنێکی جوان و دەنگێکی خۆشی ھەبووە و لای «ابوالعبک» کە مووسیقارێکی ناسراوی ئەو سەردەمە بووە لێدانی بەربەت فێربووە و ئاوازەی ناوبانگی بەھەموو وڵاتا بڵاوبۆتەوە و «ئەمیر نەسری سامانی» کە ئەمیری خوراسان بووە بردوویەتە لای خۆی. سەبارەت بەم باسە کە ڕوودەکی بەکوێری لەدایک بووە یا پاش ماوەیەک بینایی لەدەست داوە، بڕوای جۆربەجۆر ھەیە. «عەوفی» لای وایە کە ھەر بەمناڵی و کاتی لەدایک بوون بەچاوی بەستراوەوە ھاتۆتە دونیا، بەڵام سەمعانی و نیزامی عەرووزی و نووسەری مێژووی سیستان، ھیچکام ئیشارەیەکیان بەم مەبەستە نەکردووە. لە ڕوانگەی ئاوازیشەوە سەلماندی ئەمە کە ڕوودەکی کوێری زگماک بووبێ کەمێک دژوارە. عەوفی لە پێش ئەوەدا کە بنووسێ ڕوودەکی چاوی نەیدیوە، ئیشارەی بەدیمەنی جوانی ئەو شیعرە کردووە و ئەمە کەمێک سەیر دێتە پێش چاو عەوفی بەتان و پۆی جوانی ڕواڵەتی شاعیرێدا چووبێ کە جوانترین ئەندامی دەم و چاو و ڕوخساری ناقیس بووە. جگە لەمەش ئەو ھەوڵدان و پێھەڵگوتنەی تەبیعەت و جوانی ئافرەت و دیمەنە، کە لە شوێنەواری «ڕوودەکی»دا ھەیە، نابێ ھی کەسێک بێ کە ھەرگیز بە چاو ئەو جوانییانەی نەدیبێ، لەباسی پیری خۆیا ئەڵێ:
مرا بسود و فرو ریخت هر چه دندان بود
نبود دندان، لابل چراغ تابان بود
سپید سیم زده بود و در و مرجان بود
ستارهٔ سحری بود و قطره باران بود
تو رودکی را -ای ماهرو!- کنون بینی
بدان زمانه ندیدی که این چنینان بود

کەسێک کە بەم مامۆستایی و ناسکییە باسی سەدەفی ددان و دوڕو مەرجان و ئەستێرەی بەیان و دڵۆپەی باران بکا، ناکرێ جوانی تەبیعەتی بەچاو نەدیبێ.

ڕوودەکی مووسیقارێکی باش بووە و دەنگێکی خۆشیشی ھەبووە و چەنگی باش لێداوە. چەنگ کەرەسەیەکی مووسیقای تایبەتی ئێرانییە و لەبەر ئەمە کە خوار بووە و بەمزراب لێدراوە پێیان گوتووە چنگ. ئێستەش لە بڕێ شوێنی کوردستان بە شتێک کە خوار بێ ئەڵێن چەنگە، لە شوێنەواری شاعیرانی سەردەمی ڕوودەکی دەرئەکەوێ کە ئەو شاعیرە چەنگی باش لێداوە. شاعیرێک ئەڵێ:
رودکی چنگ برگرفت و نواخت
باده پیش آر کو سرود انداخت

لەم شیعرە ھەم چەنگ لێدان و ھەم دەنگ خۆشبوونی ڕوودەکی دەرئەکەوێ. جگە لەم ھونەرانە لە شاعیریشا، ڕوودەکی لە سەردەمی خۆیا بێ ھاوتابووە. عونسوری، شاعیری گەورەی دەرباری غەزنەوی ئەڵێ:
غزل رودکی وار نیکو بود
غزل‌های من رودکی وار نیست

ڕوودەکی زەوقێکی بەجۆشی ھەبووە و دیوانەکەی یەکجار زۆر بووە و وا دەرئەکەوێ کە دیوانەکەی لە سەردەمی خۆیا بەدەستەوە بووە. یەکێ لە شاعیرانی تری شێوەی خوراسانی سەبارەت بەژمارەی شیعرەکانی ڕوودەکی لە پارچە شیعرێکی ئەڵێ:
شعر او را بر شمردم سیزده ره صد هزار
هم فزون آید اگر چونانکه باید بشمری

سێزدە جار سەد ھەزاری ئەکا یەک ملیۆن و سێسەد ھەزار. ھەڵبەت ئەم ژمارەیە یەکجار زۆرە و لە بڕوا بە دوورە کە شاعیرێک بتوانێ ئەم ھەموو شیعرە ھەڵبەستێ ئەویش شیعری وەھا مامۆستایانە.

ئەمڕۆ دیوانەکەی لە سێ چوار ھەزار شیعر، تێناپەڕێ و ئەمەش بەڵگەیەکی ترە بۆ ئەمە کە ناکرێ لەیەک ملیۆن و سێسەد ھەزار شیعر، تەنیا سێ ھەزار شیعر مابێتەوە. ھەرچی بێ بەلای منەوە چەندایەتی شوێنەواری ھونەرمەند زۆر گرینگ نییە، ئەوەی وا گرینگە چۆنییەتی شوێنەواریەتی.
تا بەرنامەی داھاتوو ھەمووتان بەخوای گەورە ئەسپێرین.

پەراوێز edit