ئاڵەکۆک

سوارە ئیلخانیزادە add_a_photo
سوارە تاپۆ و بوومەلێڵ
٥٥. ڕوودەکی مامۆستای مەزنی شیعری فارسی
سەلام لە گوێگری بەڕێزی بەرنامەی تاپۆ.

ئەبووعەبدوڵڵا جەعفەر کوڕی محەممەد کە نازناوی ڕوودەکی بووە، یەکێکە لە شاعیرانی پایەبەرزی ئێران و بێگومان ھەوەڵ کەسێکە کە شیعری فارسی پتەو کرد و توانی لەناو وێژە دۆستانا پەرەی پێ بدا. ڕوودەکی مامۆستای گەورەی شێعری فارسی لە ساڵەکانی ناوەڕاستی سەدەی سێدا لە ئاوایییەک بەناوی ڕوودەک کە لە ھەرێمی سەمەرقەندا ھەڵکەوتبوو، لە دایک بوو. ھەر بەناوی ئەو ئاوایییەوە پێیان کوتووە: ڕوودەکی، واتە خەڵکی روودەک.

ھەموو تەزکەرەنووسانی ئێرانی لەم بڕوایەدان کە ھەر بەمناڵی وریا و زرەنگ بووە. عەوفی، نووسەری پەڕاوەی «لباب الالباب» لە پەڕاوەیەکا ئەنووسێ: «کە ڕوودەکی لە تەمەنی ھەشت ساڵییا بەتەواوی قورئانی پیرۆزی لەبەر بووە و شیعری باشیشی ھەڵبەستووە.» نووسەری «لباب الالباب» ھەروەھا ئەڵێ: «کە ڕوودەکی خاوەنی دیمەنێکی جوان و دەنگێکی خۆش بووە و لای «ابو العبک» کە مووسیقارێکی بەناوبانگی ئەو سەردەمە بووە، لێدانی چەنگ فێربووە.»
رودکی چنگ برگرفت و نواخت
باده پیش آر که سرود انداخت

ئەمیر نەسری سامانی، ئەمیر ئەدەب پەروەر و ھونەرناس و نیشتیمان خۆشەویست، کاتێ ناوبانگی ڕوودەکی بەگوێ ئەگا، ئەنێرێ بە شوێنیا و ئەیباتە دەرباری خۆی و لە دەرباری ئەوا ڕوودەکی بەڕێز ئەگیرێ و ئەبێتە گەورەی شاعیرانی ئەمیر نەسر.

سەبارەت بەم مەبەستە کە ڕوودەکی بەکوێری لە دایک بووە یا پاش ماوەیەک ژیان، کوێر بووە، بیر و بڕوای جۆربەجۆر لەناو وێژە ناساندا ھەیە، ھەندێک ئەڵێن کە ڕوودەکی زگماک کوێر بووە و بڕێکی تریش لایان وایە کە پاش ماوەیەک ئەو شاعیرە گەورەیە، چاوی نابینا بووە، عەوفی لەو کەسانەیە کەلای وایە ڕوودەکی کوێری زگماکی بووە و ئەڵێ: «ڕوودەکی شاعیری دڵ ڕووناک، ئەوەندەی ھەناوی ڕۆشن بووە چاوی تاریک بووە و ھەرگیز چاوی بەھەڵاتنی مانگە شەو و پشکووتنی گوڵ نەکەوت، لە کاتێکا لە ھەزار شاعیری چاو ڕووناک باشتر بەتان و پۆی جوانی سروشتا چووە.» نووسەری مێژووی سیستان، سەمعانی و نیزامی و عەرووزی ھیچکامیان ئیشاڕەیەکیان بەم مەبەستە نەکردووە کە ڕوودەکی کوێرە بووە یان نە. ھەڵبەت ئەمەی کە ڕوودەکی چاوی بەسترابێ و نەیتوانیبێ جیھانی ڕۆشن ببینێ لە ڕێز و ھێژایی ئەو شاعیرە گەورەیە کەم ناکاتەوە. چونکە ئێمە ئەمڕۆ کاتێ باسی ھونەرمەندێکی ڕابردوو ئەکەین کارمان بەسەر ڕواڵەت و ئەندامی نییە، کەلەپووری ھونەرمەند بۆ گەلەکەی و بۆ ئەو کەسانەی کە پاش مەرگی ئەو دێنە جیھانەوە، شوێنەوارە؛ کە لە توێی پەڕاوەکانیدا و لەناو خولقاوەکانی مێشک و بیریا ئەبێ بۆ دۆزینەوەی بگەڕێین. شاعیرێکی ئێرانی ئەڵێ:
درسخن مخفی شدم مانند بو در برگ گل
هر که دارد میل دیدن در سخن بیند مرا

واتە لەناو وتاری خۆما شاراومەوە، ھەروەک بۆنی گوڵ لەناو پەڕەی گوڵا. کەسێک کە ئەیەوێ من ببینێ لەناو قسەکانما ئەمدۆزێتەوە.

ڕوودەکی لە دەرباری ئەمیر نەسرا جگە لە شاعیری، موونس و ھاودەمی ئەمیریش بوو. بەپەنجەی سیحراوی کاتێ تەلی چەنگی ئەھێنا لەرین و ھەزار ئاھەنگی خەیاڵاوی لێ ھەڵئەساندو بەدەنگی وەک خوڕەی ئاوی جۆبار، شەپۆڵی ئەخستە سەر ھەوای کپی زەوقی دانیشتوانی کۆڕی بەزم و ئاھەنگ، ئەمیر نەسر فەرمانی ئەدا کۆشی پڕ کەن لە زێڕ. ئەم مەبەستە شیاوی سەرنجدانە کە لە ئێراندا شاعیرانی دەربارەکان زۆر خزمەتی گەورەیان بەخەڵک کردووە و بەشیعری جوان، ناحەزی ڕق و تووڕەیی دەسەڵاتدارانیان لابردووە. لەو دەربارانەدا کە شاعیر و ھونەرمەند و زانا زۆرتر ھەبوون زەوقی ئەمیران نەرمتر و ئاگری تووڕەیییان دامرکاوتر بووە. تەنانەت زۆر شاھ و ئەمیری وا لە ئێرانا ھەبووە کە خۆی شاعیر و وێژەوان و ھونەرمەند بووە؛ بەڵگەی ھەرە گەورە بۆ ئەمە کە شاعیران و زانایان کاریان کردۆتە سەر ھەستی شایان و بەدەسەڵاتان، بنەماڵەی مەغوولە. ئەزانین کە ئەو بنەماڵەیە لە سەردەمی چەنگیزا چ کوشتارێکی بێ بەزەیییانەیان لەگەڵ ئێران کرد.

پاشان بەھۆی تەئسیری زانایان و شاعیرانی ئێرانییەوە چۆن بەواتەی سەعدی خووی پڵنگانەیان وەلا ناو پیاوی وەک «بایسونقوڕ» و «خودابەندە» و «خازان خان» یان لێ ھەڵکەوت کە ھەرکام لە بارێکەوە خزمەتیان کرد بنەماڵەی سامانی ڕەگەز ئێرانی بوون و یەکەم بنەماڵە بوون کە گەلی ئێران پاش دووسەد و پەنجا ساڵ دیلی، ھیوای خۆی بەوانەوە بەستبوو و چاوەڕوان بوو لە ژێر ئاڵای ئەو بنەماڵەدا سەربەخۆیی دۆڕاوی بێنێتەوە دەست. لە سەردەمی ئەو بنەماڵەیەدا بوو کە شیعری فارسی بەچەشنێکی پتەو سەرەتای دامەزرا و ھونەر و ھەموو نیشانەیەکی تری شارستانیگەری تایبەتی ئێران بووژایەوە. شێوەی خوراسانی لەو سەردەمەدا لە وجوودی شاعیری وەک ڕوودەکی بەھرەمەند بوو. ھەندێ لە مێژوونووسانی ئەدەبی ئەڵێن کە ھیچ کام لە شاعیرانی پێش ئەو و پاش ئەو بەئەندازەی ئەو شیعری نەگوتووە. یەکێ لە شاعیرانی ھاوسەدەی ڕوودەکی ئەڵێ:
شعر او را برشمردم سیزده ره صدهزار
هم فزون آید اگر چونانکه باید بشمری

واتە شیعری ئەوم ژمارد، کردی سێزدەجاری سەدھەزار و ئەگەر باشی بژمێری لەوەش زۆرتر ئەکا. سێزدە جار سەدھەزار ئەکا ملیۆنێک و سێسەد ھەزار.

ئەگونجێ ئەم ئەندازەیە کەمێک لە بڕواکردن دوور بێ، بەڵام بەڵگەی ئەمەیە کە ڕوودەکی بەرھەمی گوڵزاری زەوقی زۆر بووە و دەریای دەروونی پڕ بووە لە گەوھەری ھێژای شیعر و وتاری ئاھەنگداری جوان.

وەک لە شیعرەکانی ڕوودەکی دەرئەکەوێ تەمەنێکی درێژی ھەبووە. تەمەنێکی درێژی بە بەھرە و بار کە لەوا خزمەتێکی زۆری بەوێژە و ئەدەبی ئێرانی کردووە. ھەر ئەو ژمارەش کە ئەمڕۆ لە شیعرەکانی ماوەتەوە، ئەندازەی خزمەتی ڕوودەکی دەرئەخا. خۆی سەبارەت بەپیری خۆی لە غەزەلێکا ئەڵێ:
مرا بسود و فروریخت هر چه دندان بود
نبود دندان، لا، بل، چراغ تابان بود
سپید سیم زده بود و دُرّ مرجان بود
ستارهٔ سحری بود و قطره باران بود
تو رودکی را ای ماهرو کنون بینی
بدان زمانه ندیدی که این چنینیان بود

بەم شیعرەدا دەرئەکەوێ کە ڕوودەکی بە لاوەتی ڕواڵەتێکی جوانی ھەبووە و ئەوەی وا عەوفی سەبارەت بەم باسە کوتوویە، ڕاستە.

لەم بارەدا کە وتاری ڕوودەکی لە گیانی ئەمیری سامانییا تەئسیری زۆر بووە، داستانێک ئەگێڕنەوە و ئەڵێن: ئەمیر ماوەیەکی زۆر لە بوخارا دوور بوو. سپاکەی ھەموو بیری ژن و ماڵ و مناڵیان کەوتبووە سەر، بەڵام ھیچ کەس نەیئەوێرا بەلای ئەمیرەوە باسی گەڕانەوە بکا تاکو ناچار پەنا ئەبەن بۆ ڕوودەکی و ئەویش پارچە ھەڵبەستێک لە تاریفی بوخارا دا ئەڵێ و لە کاتێکا ئەمیر سەرخۆشە بۆی ئەخوێنێتەوە. پارچە شیعرەکە بەم شێوەیە دەس پێئەکا:
بوی جوی مولیان آید همی
یاد یار مهربان آید همی
شاه سرو است و بخارا بوستان
سرو سوی بوستان آید همی
شاه ماهست و بخارا آ سمان
ماه سوی آسمان آید همی

ئەڵێن پاش خوێندنەوەی ئەم شیعرە، ئەمیری سامانی بە ئەندازەیەک ھەوای بوخارای ئەکەوێتە سەر کە دەستبەجێ دەستوور ئەدا سپا بەرەو بوخارا بکەوێتە ڕێ.
لێرەدا بەرنامەکەمان دوایی ھات. تا بەرنامەی داھاتوو خواتان لەگەڵ.

پەراوێز edit