ئاڵەکۆک

سوارە ئیلخانیزادە add_a_photo
سوارە تاپۆ و بوومەلێڵ
٥٣. ژیان و ئەوین
بەڵێ ھەرچی بوو ئەوەندە بوو و ئێستە ھەتاوی ڕاستەقینە لە چاوم چەقیوە، وەک خوێ بەسەر برینی تازەیا کەی ئەیکزێنێتەوە. ئاخۆ ئەوین پووچ و بێھوودەیە؟!

نە، لێم گەڕێ با ناوی بێنم تاقیکارییەکی تاڵ و بێ سەرکەوتن، چونکە ئەوین خۆی ڕاستەقینەیە؛ بەیانییە؛ ھەمیشەیە. با بکوژێتەوە کوانووی گەرمی خۆرەتاو، ئەگەر نەپژێتە ناو بێشکەی ئەوین و بەسەر گۆڕی ئەوینا بدرەوشێتەوە. بێ دەنگ بوون و لە بێ دەنگیدا شوورەیەکی پۆڵایی دروستکردن کە توانای ھەبێ خۆی ڕاگڕێ لەبەر مەنجەنیقی غەم و تیری ئاگرینی ناھومێدی، ئەگەر چی نابێتە ھۆی شادی، لانی کەم غروورێکی پیاوانەی تێدایە.

داخێک و سەد مەخابن. چەند بەساکاری، چەند بەئاسانی ناچارین ملکەچی بەسەرھات بین! مردنیش خۆی ملکەچییە بۆ دوایی ھاتنی ھەموو شتێک بێ ئەوەی جێگایەک بێ خۆی لێ شارێتەوە، یا ڕێگایەک کە دەستی مردن نەیگاتێ. کاتی نەھاتنی ھاتووە و ئێمە بەدەستی پڕ چەپک گوڵی سوورەوە لەسەر ڕێبازی دانیشتووین. ھاکە ھات. ھات و بەبزەیەک موژدەی بەھاری پێ ڕاگەیاندین. ڕۆژاوا بەئاسۆی زەردییەوە لەبەر چاومان ئەبێتە ڕۆژھەڵات و ھەزار خۆرەتاو ھەڵدێ، بێ ئەوە تاقە یەکێکیشیان تینێ بدا بە لەش.

دێتەوە بیرت کە پێت شۆڕکردبۆوە بۆ ناو چۆمیلکەیەک و ماسی بچووک کە لە ترسی قووڵی و ڕەشی گۆم ھاتبوونەبەر خۆرەتاوی کەناری چۆم، دەمی لووسیان بەژێر پێتا ئەھێنا و ختیلکەیان ئەدای. سەرت کردۆتە سەر سەرینی سەوزەی تازە و تازە ھەڵچوو و خۆرەتاو ھەموو میھرەبانی خۆی کردۆتە پێشکەشی لەشی گەرما خوازت یاوێک لە چاوی بەستراوەتەوە ئەبێتە میوانی دڵی دڵاوات. زەردەخەنەی وەک کۆڵکە زێڕینە تێتەوە ئەپێچرێ. دەنگی زەنگی دوورە دەستی ھەزار کاروانی ڕۆشتوو بۆت ئەبێتە لایەلایە و تاسەی خەوێکی خۆش دەماری لەشت شل ئەکا. لە جیھانێکا کە نە خەوە، نە بێداری خشپەی کراسێکی کچانە ئەبیستێ و بۆنی مێخەکی بەرۆک و عەتری لەشی زیندووی خۆشەویستەکەت موچڕکێکی ئۆخەی ئەخاتە سەر ھەستت. بێ ئەوە نیازت بە وشەو لێو و دەنگ ھەبێ، بەلێدانی دڵ پێی ئەڵێی خۆشم ئەوێی. خاکی ژیاناوی، تووتڕکی کێوی، بۆنی خۆشی شنەبایەک کە دوێنێ شەو میوانی شلێرەجاڕی کوێستان بووە، پڕت ئەکەن لە گیان، لە ھیوا، لە ژیان. خەوبینین لە بێدارییا! ئاخۆ گەلی دە برادەران، ژیان ھەر خەوبینینێکی دوور و درێژ نییە کە شەقژنی تاڵی مردن لەو خەونە ڕامان ئەچڵەکێنێ.

بەداخەوە تەنانەت خەوبینینیش قنیاتی ھەتا سەر ناکا. ئەتەوێ بەخەبەربی. بەچاوی واڵاوە سەیری دەوروپشتت بکەی. ئەتەوێ بەھەموو لەش دڵنیابی کە خەونەکەت ڕاستە. ھاوار بۆ تۆ. ئەو دەستەی وا درێژی ئەکەی، تارای خەیاڵی و خەو لەسەر ڕواڵەتی بووکی ھیوا لابدەی، لێت ئەبێتە بیورێک کە ڕیشەی ئاواتت ئەبڕێ. ئیتر نە ناو ئەمێنێ نە سەوزە و پەلکەزێڕینە. ماسییە وردیلەکان لە ترسی ھەوری رەش پەنایان بردۆتەوە بەرقووڵایی. تەزوویەکی سارد. مێروولە بەپێستی ھۆگری گەرمات ئەکا.«دونیات لێ ئەبێتە چەرمی چۆلەکە.» تۆی و تەنیایی. تۆی و خەم و تەم لەبەر خۆتەوە ئەڵێی بڕایەوە. ھەموو شت تەواو بوو. بریا وا بوایە وەک تۆ ئەڵێی، بریا دوایی ھەموو شت بوایە. بەڵام بەھەڵە چووی. تەنیا خۆشییە بڕاوەتەوە. ناخۆشی و تاڵی و زبری سەرەتایەتی. ئەبی بەمەلێکی پەڕەوازەی ھێلانە لێشێواو. سەر ھەموو لکی دارێک لێت ئەبێتە تەلەسمێک. ھەموو باز و شمقاڕ و کۆلارەیەک لە ڕاو کردنت ئەگەڕێن. تۆلە تەنیایی و تاریکی بێ بڕانەوەتا وشەی باڵ و سێبەری ترسێنەریان ئەبیستی و ئەبینی. تا کاتێ دێیە سەر ئەم بڕوایە کە مردن وەک ئەڵێن دزێو نییە. بیری مردن، بیری پەنابردن بۆ سنوورێک کە ئارامی و حەسانەوەی ھەتا ھەتایە، بێ دەنگی و بێ ڕەنگی ڕووتە، بۆت ئەبێتە ئامانج. تۆ مل کەچ ئەکەی بۆ مردن جگە لە وەرگرتنی ڕاستەقینە و دواییترین ڕاستەقینەی ژیان ھیچی تر نییە.

لەگەڵ ئەوەشا، با نەڵێم ئەوین بێھوودەیە، با ناوی بێنم شیرینترین بەری داری ژیان. دارێک کە ئەگەر تۆوی بکەوێتە دەم بایەکی سەرشێت و لە شۆرەکاتا بڕوێ، ئەبێتە ژەقنەمووت و ئەگەر لە زەوییەکی بەپێز و پیتا شین بێ، بەری سێوە لاسوورە دێنێ. بەڵام ئەوین زۆرتر لەو دڵانەدا ئارام ئەگرێ کە تان و پۆیان لە خەو و خەیاڵ پێکھاتووە، زرمە و خرمەی پێ و چەک لە کوێ و جیھانی نەرم و نیانی ئەوین لە کوێ؟

لە دوایی بەرنامەکەدا وەڵامی گوێگرێکی بەڕێز ئەدەمەوە کە نووسیویەتی:

«وێژەری بەشی وێژەیی ڕادیۆ مەھاباد بەباشی شیعر ناخوێنێتەوە». بۆ نموونە نووسیویەتی ئەڵێ:«لە خوێندنەوەی پارچە شیعرێکی گۆرانی نەمرا تووشی چەند ھەڵەیەک ھاتووە و خوێندوویەتەوە»:

کوردستان گەڕام
دۆڵاو دۆڵ پێوام
نە لە شار و نە لە دێ
نەمدی کەس وەک تۆ جوان بێ
تۆیت و بەس

پاشان مووسیقای نێوان دوو پشوو ھاتووە و پاش مووسیقایەکە، وێژەر دەستی کردۆتەوە بەخوێندنەوەی پاشماوەی شیعرەکە:

کچە کوردێ وەک گوڵ وا بێ
کوردستانی پێ ئاوا بێ
..........»

بەڵێ گوێگری بەڕێز، ئەم چەشنە خوێندنەوەیە ھەڵەیە. ئەبوو پاش «تۆیت و بەس» ڕانەوەستێ و دوایییەکەی بخوێنێتەوە، چونکو ئەگەر وەھای نەخوێندبێتەوە شیعرەکەی مامۆستای تێکداوە، بێ مانای کردووە. ھیوادارین وێژەری بەشی وێژەیی زۆرتر ورد بێتەوە. ھەروەھا لە جیلوەی شانۆشا وێژەر وەک گوێگری بەڕێزمان نووسیویە تووشی ھەڵە بووە و خوێندوویەتەوە:«بەسۆزی تەشویقی مەتاعیبی گوزەران»و چەشنێکی ئەدا کردووە کە مانای شیعرەکە بەم چەشنە بەرچاو بکەوێت کە بەسۆزی تەشویقی مووسیقا ناخۆشی و تەعب ڕابوردن و لاچوون...

لە کاتێکا ماناکەی ئەمە نییە و بەم جۆرەیە:

بەسۆزی تەشویقی
مەتاعیبی گوزەران
ھێواش ھێواش ئەتکێتەوە دەروونی نیسیانێک
کە رەمزی لەززەتە
میفتاحە بۆ تەلسیمی ژیان ژیانی ئینسانێک...!

واتە بەسۆزی تەشویقی مووسیقاکە، تەعەبێ کە لە پێشا بەسەر پیاوا ھاتووە لەبیر ئەچێتەوە.
تکام لەم گوێگرە ئەمەیە ئەگەر ھەڵەیەک لەبەرنامە کوردییەکانی ڕادیۆ مەھابادا بەدی ئەکەن، یا بۆ کاربەدەستانی ڕادیۆی مەھاباد بنووسن، یا بۆ تاران بەناونیشانی: «جادە پھلوی - بلوار جانسپار- برنامەی خارجی - شورای نویسندگان کردی» بنووسن. دڵنیا بن ئێمە ئاواتمان ئەمەیە بەرنامەکەمان کەمایەتی و ھەڵەی تێدا نەبێ و بەسپاسەوە گوێ ئەگرین بۆ گشت ڕەخنە و ڕێنوێنییەک کە لەلایەن گوێگرەکانمانەوە بێ.
١٩٧٣/٠٩/٠٢

پەراوێز edit