ئاڵەکۆک

سوارە ئیلخانیزادە add_a_photo
سوارە تاپۆ و بوومەلێڵ
٥٢. تراویلکە
سەلام لەگوێگری بەھەست و ھونەر پەرستی بەرنامەی تاپۆ. تکایە گوێ بگرن بۆ پارچە پەخشانێک.

لە ھۆدەیەکی بەرەو ھەتاودا ھەر دانیشتن و چاو لە دەرگا بڕین، تا کەی زاری بەستراو و تەوێڵی گەنج و مۆنی دەرگا بەزەردەیەک بکرێتەوە و بەژنێکی کچانەی کەڵەگەت لەناو دوو تای دەرگاکەوە، دەرکەوێ، لەبەر دەرگاوە بەدەمتەوە پێبکەنێ و پاشان بەڕەوتێک کە پیاو ئەکەوێتە گوێمانەوە کە ئەم دووپێ بچووکە بەسەر زەوییا ئەڕۆن یاوەک مژی بەھاری بەسەر زەوییا نەرم و نیان خشکە ئەکەن، بەرەو لات بێ و بەدەنگێکی ئاشنا پێت بڵێ، دەی چۆنی و پاش ئەوە وەڵامت دایەوە، دەس پێ بکا بەباسێکی کە ھەزارەھا جارت بیستووە، بەڵام ھەرگیز بیرت نەکردۆتەوە کە وشەو وتەو واتاکان بۆژۆ و کۆنن، لە پێشا کەمێک خۆگرتن کە ئەمە چ ژیانێکە؟ بیستنی ھەزاران ناڵە و نیوەنووزە، بەبیر ھاتنی ھەزاران دەستی بێ گۆشت و ھەیکەلی بەئێسقان جارێک لە بیافرا ئەو جارەکەی تری... و لەوێوە بیرت بچێ بۆ ئەو ھەموو گەنمە کە لە ئاوی ئۆقیانووس ئەکرێ تا نرخی بازاڕی بژێو نەشکێ، گوایە نرخی بازاڕ دڵی ئادەمیزادە، ئەگەر شک...

ڕاستی من کارم چییە بەسەر ئەم قسانەوە؟ خەریک بووم بڵێم تۆ لە ھۆدەیەکا کە ھەموو جیھانی تۆیە دانیشتووی بەھیوای کەشم و نەشم و لە نجەولاری بەژن و بارێک. ڕاستی دەردمان چییە؟ ئەو ئاورەی کە بەواتەی عەلی بەردەشانی:

بەر بۆتە دەروونی دەروونخانێ
نە بە بای دەکوژێتەوە نە بە بارانێ
نە بە پاچ و پێمەڕە و گڵ وەسەردانێ
داخوا بڵێسەی کام کڵی دانەمرکاوە؟

دوێنێ شەو ھەنگی سەرشێتی بیر و خەیاڵ لە پلوورەی سەرما پوورەی دابوو، ئیتر خەوی چی؟ با ھەستم بڕۆم لەو سێباری شەوەدا کە ھەوای دەرەوە زرنگاوە بەتاسەی بۆنی دوورترین کۆیستانی سەر بەتەمی پڕ لە ھەڵاڵە و بەیبوونەوە سەرم ھەڵگرم و کەمێک پیاسە بکەم. کۆڵانی چۆڵ لە ئێشی ھەزاران قۆندەرە و پێڵاوی کینە لە دڵی ڕۆژانە ڕزگاری ببوو، ئەحەسایەوە و من لە ژێر پێما لەوانە بوو ھەناسەی ھێدی و لەسەر خۆی خەوی خۆشی پاش شەکەتی زەوی ببیستم. بۆ وەھاین ئێمە؟ بۆ بێ ئەمەک و ناپاک و سپڵەین لەگەڵ یەک، تەنانەت لەگەڵ سەر زەویش؟ لەگەڵ ھەوا و دەریاش. ھەر بەچەند مانگ جارێک کارگێکی ژاراوی لە نێوادا و سیبیری و ئۆقیانووسی گەورەدا ئەڕوێنین، دێوێک لەناو تەلەسمی زەڕڕە بەڕەڵا ئەکەین. جا ھەزار ھاوار بەپوولێک چونکە ئێمە بەھێزترین، ڕەگی ملمان ئەستوورە، با ھەر لە شەقام دانیشێ ئەو پیرە ژیرەی کە ناوی «ڕاسێل»ە؟ مەگەر ئاکامی چییە جگە لە شەکەت بوون و خنکانی گوێی بەگرمەی بێ وچانی شەقامی پڕ لە ڕەوڕەوەی ئاسن؟ ھەر کەس گیرۆدەی شتێکە و داخی گران ئەمەیە کە ھیچ شتێک تا سەر نییە. نە! مەبەستم ئەمە نییە کە ئادەمیزاد پیر دەبێ و دەمرێ، یا وەک ئەو شاعیرە خۆشەویستە خەفەت بخۆم کە جوانی دەم و چاو تا سەر نامێنێ بۆ پیاو. مەبەستم ئەو بوتانەیە کە ئەیانتاشین بەدەستی خۆمان تا نەزانینمان زاخاو کا، تا ھیوامان ببزوێنێ. پاش ماوەیەکی تر لە بیرمان ئەچێ کە لەپێشا چێو و چیلکە بوون ئەیانپەرستین. تا ئێرە ھەر نەزانییە بەڵام بەکێ بڵێم کە دەردی زانین گاھێ لە ئێشی نەزانین تاڵترە، بوت تاشین دەردی نەزانییە، بەڵگەی بێ ھێزییە، بەڵام ھەرچی بێ، ھیوایە بۆ زیندوو مان. دەردی گەورە کاتێ دڵ پڕ ئەکا مێشک تێ ئەگا بۆت ھیچی لە دەست نایە. ڕووخانی بوت، یانی ڕووخانی ھیوا. جا ھەر بوت تاشینەو بوت شکاندن. ھەر ھیوایە و بێ ھیوایی. ڕاستی کامەیە ڕێگا؟ کوانێ خاڵی ڕێبوار؟ من چی ئەڵێم خاڵی ڕێبواریش بوتێکی ترە.

ژیان یانی ئەوەندەی ئەو ماوەیە کە تینوویەک بەردەتراوکەیەک چاو ئەکا لە یەکەم ھەنگاوەوە تا ھەنگاوی دوایی، تا ئەو کاتە تێئەگا ئاوەکەی بۆتە بەردی داگیرساوی بەر ھەتاوی گەرم. تینوەتی ناخۆشە. بەشوێن ئاو گەڕان ناخۆشە. دیتنی بەردەتراوکە خۆشە، بەڵام لە ھەمووان ناخۆشتر ئەمەیە کە تێبگەی ھەر چی بەئاوت زانی تراویلکە بوو، نەک ھەر تۆ، ھەر چی ئادەمیزاد دۆزیویەتەوە و ئەیدۆزێتەوە تراویلکەیە...
ئەمە پارچە پەخشانێکی سەمبولیک بوو پێشکەشمان کرد بەو گوێگرە بەڕێزانە کە زۆر جار بەنامە لە ئێمەیان پرسیوە بۆچ لە بەرنامەکەتاندا پەخشانی کوردی ناناسێنن و نموونەیان ناخوێننەوە؟ بۆچ لە بەرنامەی تاپۆدا کە گوایە بەرنامەیەکی ھونەرییە و ئەبێ بەھەموو لایەکی ھونەرا ڕابگا زیاتر باسی شیعری کوردی ئەکەن؟ ئێمە لە وەڵامی ئەم پرسیارەدا ئەڵێین کە بەرنامەی تاپۆ باسی ھەموو چەشنە ھونەرێکی بەگشتی کردووە و زۆرجاریش پەخشانی کوردیمان لەم بەرنامەیەدا بڵاوکردۆتەوە، بەڵام باشترین وەڵام بەجێھێنانی ویستی گوێگرەکانە بەکردەوەو ئەم پارچە پەخشانەش نیشانەی ڕێز دانانە بۆ ویستی ئەوان. جا ئێمەش تکایەکمان لەگوێگرە بەڕێزەکان ھەیە، ئەویش ئەمەیە کە لە شوێنەواری نووسەرانی کورد ھەرچی دەستیان کەوت بۆمانی بنێرن، تەنانەت ئەگەر خۆشیان لێھاتوویی جەوھەری نووسەریان ھەیە لە شوێنەواری خۆیانمان بۆ بنێرن تا پاش لێکۆڵینەوە بەناوی خۆیان بڵاوی کەینەوە. تا بەرنامەیەکی دیکە خواتان لەگەڵ.

پەراوێز edit