ئاڵەکۆک

سوارە ئیلخانیزادە add_a_photo
سوارە تاپۆ و بوومەلێڵ
٤٦. شیعری کوردی و کێشی عەرووزی
سەلامێکی بەتین پێشکەش بەگوێگری ھونەرناس.

لە بەرنامەی پیشوودا وەڵامی پرسیارێکمان داوە بەناتەواوی و ھێشتمانەوە بۆ بەرنامەیەکی تر کە لەسەری بڕۆین. ئەگەر لە بیرتان مابێ ڕەخنەیان لە ئێمە گرتبوو کە بۆچ سەبارەت بەشیعری عەرووزی باش نادوێین. ئێمە بەرنامەی ئەمڕۆشمان دیسان تەرخان ئەکەین بۆ ئەم مەبەستە و بڕێ شوێنی تاریکی مەبەستەکە ڕووناک ئەکەینەوە.

بێگومان بیستووتانە کە ئەڵێن فڵانە شاعیر یا فیسارە ھونەرمەند خاوەنی مەکتەبێکی تایبەتە و ڕێگا و شوێنێکی تایبەتی خۆی لە ھونەرا دۆزیوەتەوە. دۆزینەوەی ڕێگا و شوێنی تایبەت یانی چی؟ مەگەر ھونەر بۆ نواندنی جوانی دەرخستنی دزێوی نییە؟ ھەموو ھونەرمەندێک ئەبێ کاری ئەمە بێ و ھەر کەس ئەمە کاری بوو. ھونەرمەندە و لەگەڵ ھونەرمەندی ترا جیاوازی نییە. بەڵێ وەھایە؛ ھونەرمەند پردێک ھەڵئەبەستی لە نێوان کۆمەڵ و ڕاستەقینەدا و ئەیەوێ ئەم دووانە بەیەکەوە پەیوەند بدا و بەیەکیان بگەیەنێ. واتە کاری ئەمەیە کە کۆمەڵ تێبگەیەنێ کە ڕاستەقینەی دەوروپشتی چییە؟ ژیان بە چ بارێکا کەوتووە؟ بەڵام ئاخۆ ھەموو ئەندازیارێک وەک یەک پرد دروست ئەکەن؟ کە وەھا بوو ئەبوایە پردەکانی تەواوی جیھان یەک چەشن بوایە. کەچی ئێمە ئەبینین کە پردێک لە ئاسن و بتۆنە و ئەوی تر لە قوڕ و قسڵە؛ سێھەمیان لە دار و پەردووە. یەکێک ڕاستە، یەک کەوانییە، یەک زۆر لە ڕووبارەکە بەرزترە و یەکێک نەوییە. ھەرکام لەمانە بۆ ئاکامێک لەبەر چاو گیراون. جێگای وا ھەیە ھاتوچۆی زۆر بەسەرا نییە، باری قورسی بەسەرا ناڕوا، ئەگەر لە دار و پەردووش بێ، قەیدی نییە. یەکێک لە ناو شارە و جگە لەمەی کە پردە، مەکۆی خەڵکە و جێگای گەشتی ئێوارانە، ئەبێ جوان بێ؛ با دراوێکی زۆریش بۆ ڕازاندنەوەی بدرێ. یەکێک کەوانییە، چونکە ئەندازیارەکە بەگوێرەی لێکدانەوەی ڕەق و نەرمی خاکەکە، وای باش زانیوە کە کەوانی دروست بکا و زۆری بۆ نەیەت. شاعیریش وەھایە. ھەر کام چەشنێ ئەدوێ. گاھێ بەحەماسە، کاتێ بەوشەی نەرمی دڵدارانە، دەمێ بەرازاندنەوەی تەبیعەت و ژیان تەنانەت گاھێ بەتوانج و تەوس!! ھەموو ئەم کارانەش بۆیە ئەکا خەڵک تێبگەیەنێ. لە ڕاستییا شێوەی ھونەری ھونەرمەند بۆ کورت کردنەوەی نێوانی خەڵک و ڕاستەقینەیە.

ئەڵێن حافز خاوەنی شێوەیەکی تایبەتە، ھەروەھا سەعدی، شکسپێڕ، ھۆمێڕ، فردەوس، گۆران، لێئۆناردۆ دواینچی، موتزاڕت، پیکاسۆ و زۆر ھونەرمەندی تر. ئەوانە کە پاڵیان داوە بە لووتکەی بەرزی ناو و نیشانەوە لە ھونەرا لاسایی کەرەوەی خەڵکی تر نەبوون. لەتەواوی شیعری شاعیرانی کوردییا بگەڕێی، زۆرتر لە چەن شاعیرت دەس ناکەوێ کەلاسایی کەسیان نەکردبێتەوەو خەڵک کەوتبێتە شوێن شێوەی ئەوان. ئێمە لە شیعری کوردییا چەند شێوەی دیار و تایبەتمان ھەیە. شێوەی بەیتی، شێوەی ھیجایی، شێوەی عەرووزی، شێوەی نوێ. لەو ناوەدا تەنیا شێوەی عەرووزییە کە پاش پاککران و ئامادەبوون بە ھۆی گەلانی ترەوە گەیشتۆتە دەستی ئێمە و ئەگەر ماڵی خەڵک خۆر نەبین، ناتوانین بە خۆماڵی بدەینە قەڵەم. کە وەھا بێ ھەر لە پایەوە بەلای منەوە شاعیری عەرووزی شاعیر نییە، چونکە جگە لەوە کە کەوتۆتە شوێن شێوەی شاعیرێکی تر، شاعیرەکەی پێشووش کورد نەبووە. کورد نەبووە یانی چی؟ یانی لە باری ژیان و خەم و خوشی مێژوو و خوو و ڕەوشت و خواست و ویستی کورد نەشارەزا بووە. چەشنە شاعیری عەرووزی ھەرگیز نەیتوانیوە پردێک ھەڵبەستێ لە نێوان کۆمەڵ و ڕاستەقینەدا. چونکە ڕاستەقینەی وڵاتی سەر سەوزی کورد و ئابووری تایبەتی ئەم وڵاتە ئەوە نییە کە شاعیری عەرووزی باسی ئەکا. من ناڵێم بە ھیچ بارێک بەشێوەی عەرووزی ناکرێ باسی ڕاستەقینەی ژیانی کوردەواری بکرێ، ئەبینین کە شاعیری وەک پیرەمێرد و نالی ئەم کارەیان کردووە باشیش سەرکەوتوون، بەڵام شێوەی نوێ باشتری ئەکا، ھەراوترە، دەست و پێی شاعیر بەکۆت و زنجیری «مفاعلاتن و مفتعلن» نابەستێ.

دێمەوە سەر سەرەتای وتارەکە کە گوتم ئەڵێن فڵان شاعیر شێوەی تایبەتی ھەیە و چونکە ڕێگای تایبەتی دۆزیوەتەوە و نەکەوتۆتە شوێن شاعیرانی پێش خۆی، شاعیرێکی بەرزە؛ ئەگەر ئەمە بۆ تاقە شاعیرێک ڕاست بێ و دۆزینەوەی ڕێگای تایبەت نیشانەی گەورەیی و سەربەخۆیی شاعیر بێ، بۆ گەلیش وەھایە. واتە ئەگەر نەتەوەیەکیش ڕێگا و شوێنی وێژەیی تایبەتی خۆی ھەبوو و دەستی بۆ ھاوسێکانی درێژ نەکرد تا وێژە و ھونەریان لێ بخوازێتەوە، ئەم گەلە لە وێژەدا سەربەخۆیە و مەزنە.

ئەزانین کە شێوەی عەرووزی ھی کورد نەبووە،لەگەڵ تەبیعەتی زمانی کوردییا نایەتەوە، ناوەرۆکی کە تا ئێستا شاعیرانی کورد (ئەگەر چاو بپۆشن لە چەند شوێنەواری بچووک) خستوویانەتە ناو قالبی عەرووزەوە لەگەڵ لێکدانەوەی زۆربەی کوردا جیاوازی ھەبووە و بۆنی غەریبی لێ ھاتووە. کاتێ مەم و زین ھەن، لەیل و مەجنوون کێن؟ کاتێ چیای مەغڵووب و سەری سیپان و قەندیلی مامەکۆیان و پێرس و چیای شیرن و شاھۆ، سەریان لە سینگی ئاسمان ئەستوون، دوجەیلە و واحە چاڵاوێک و زیخی ڕەوان و دڕووی موغیلان و وشتری پێ پان، چین کە لە وێژەی ئێمەدا مۆڵ بخۆن؟! ئەمانە بۆ ئەوان باشن و بۆ ئێمە لێدوانیان ھەر گێژی و کاسی پێوەیە و ھیچی تر.

قسەی دواییم ئەمەیە کە دڵم ئەسووتێ لەسەر کانیاوێکی خورۆشاو کە لە ژێر ڕنووی بەفری کۆن دێتە خوارەوە دانیشم و بەردەمم دەشتێکی خەمڵیوی بە شەست پەڕو شەوبۆ و شلێرە بێ و داوێنی چیای ئەوبەرم وەک نۆ بووک تارای سووری داری ئەرخەوانی بەسەردا دابێ لەم حاڵەتەدا ناچار بم بیر لە دەشتێکی قاقڕی ڕەمڵین بکەمەوە کە «قەیس»ە شێتی تێدا وێڵ بوو. ئەوە من و ئێوەش نازانم!
تا بەرنامەیەکی تر خواتان لەگەڵ
١٩٧٣/٠٤/١٨

پەراوێز edit