ئاڵەکۆک

سوارە ئیلخانیزادە add_a_photo
سوارە تاپۆ و بوومەلێڵ
٤٥. وەزنی عەرووزی و وەزنی بەیتی
سەلام لە گوێکری ھۆگری ھونەر.

زۆر جار ئەم پرسیارەمان لێ کراوە کە بۆچ لە بەرنامەکەماندا ھەڵوێستێکی دژانە ئەگرین بەرامبەر بە شێوەی عەرووزی؟

ھەندێ لە گوێگرە بەڕێزەکانمان لە ڕەخنەگرتنەکەیاندا شاعیرانی بەرزی کوردیان بەنموونە ھێناوەتەوە نووسیویانە کە «نالی» و «خانی» و «بێکەس» و «پیرەمێرد» و «وەفایی» بەم شێوەیە شیعریان گوتووە و دژ بوونی ئێمە لەگەڵ شێوەی عەرووزی واتە دژ بوونمان لەگەڵ بەشی ھەرە بەرز و بەھرە و بەری داری وێژەی کوردی، جگە لەمانەش ھەندێک لە ڕەخنەگرانی تووڕەمان نووسیویانە کە بۆچ ئێمە لامان وایە شیعری کوردی ئەبێ بگەڕێتەوە سەر شێوەی بەیتی کە شێوەیەکی سەرەتایییە و ناتوانێ واتەی قووڵی شاعیرانە لە خۆیا جێ بکاتەوە؟ ئێمە پاش مووسیقایەکی کورت وەڵامی ئەم ڕەخنە و پرسیارانە بەوردی ئەدەینەوە.

پێش ھەموو شت ئەبێ بڵێم کە ئەگەر چەوتی و ھەڵەیەک لە بڕواکەمانا سەبارەت بە شیعر و لێکدانەوەی ھونەری ھەیە، ھەر خۆمان ئەگرێتەوە و کاری بەسەر بیروباوەڕی ھەموو نووسەرێکی کوردییەوە نییە.

عەرزتان ئەکەین کە ئێمە بەھیچ بارێ دژی شێوەی عەرووزی نین، تەنیا ئەوە نەبێ کە تایبەتییەکانی ئەو شێوەیە و چەشنی پەیدابوونی لە وێژەی کوردییا باس ئەکەین و ئەڵێین کە شێوەی عەرووزی لە پێشا نەبوو و کاتێ ھاتە ناو وێژەی کوردییەوە کە زیاتر لە ھەزار ساڵ بوو لە وێژەی ھاوسێکانی کوردا جێگیر ببوو. لەراستییا داوخوازو نیازی کۆمەڵ نەبوو کە ئەو وێژەیەی کرد بەناو، بەڵکوو پێتەویستی کەمایەتییەکی ئەشڕاف و ئاریستۆکرات وەک دەرەبەگی زل و چینەکانی تری حەساوە و تێر و تەسەل بوو کە نیازی بەوێژەیەکی دوور لە تێگەیشتنی چەوساوەکان بوو بۆ خەڵەتاندنیان و گێژکردنیان. ئەمە ئیتر وەک ڕۆژ ڕووناکە کە «بەیت» ھی خەڵک بوو و خەڵک لێی تێئەگەیشت؛ بەگوێ لێبوونی ئەگریا یا پێئەکەنی، یا ھان ئەدرا و ئەبزووت؛ لە کاتێکا کە بەشیعری مینیاتۆری و پڕپێچ و قەمچ و ڕازاوەی عەرووزی کە باسی واتەیەکی بەرزتر لە وزەی دەستکورتی فامی ئەوانی ئەکرد ھەر تەقەی سەریان ئەھات و زاریان تاک ئەبوو وەک ویردێکی جادووکارانە ببیستن. شاعیری عەرووزی ئەیگوت:

بۆ لەسەر چەشمەیی چەشمم نەچکێ قەترەیی خوێن

وشەکان ھەموو فارسین، جگە لە «بۆ» و «لە» کە دوو «قەید»ی بچووکن، لە کاتێکا ئەکرا بڵێ «بۆ لەسەر چاوەیی چاوم نەتکێ تککەیێ خوێن».

ڕەنگە گوێگرانی بەڕێز ئەمەیان بەدڵا بێت کە قۆناغی شێوەی عەرووزی جیا بوو و کات پێتەویستی بەمە بوو کە تێکەڵییەکی زۆرتری ھەبێ لە نێوان ئەدەبی گەلانی دراوسێدا و نموونەیان ئەمە بێ کە وێژەی فارسی بە وەرگرتنی عەرووز لە عەڕەب زیانێکی تووش نەھاتووە، بەڵکوودەوڵەمەندترو بەرینتر و شکۆدارتر بووە؛ بەڵێ دروستە، بەڵام وێژەی فارسی، «بەیت»ی نەبووە... و کاتێ عەرووز ھاتووە وێژەی فارسی دەستکورت و سەرەتایی بووە، جگە لەمەش ھەزار ساڵ لە وێژەی فارسییا کار لە عەرووز کراوە، «وەزن» و «بەحر»ی تازە و گونجاو لەگەڵ چۆنیەتی زمانی فارسییا دروست کراوە.

ئەگەر سەیری وێژەی شێوەی «خوراسانی» بکەین، بەتایبەت لە شوێنەواری شاعیرانی پێشووی ئەو سەبکەدا زۆرجار چاومان بەلەنگ و لۆری و خێچ و خواری ئەکەوێ و دەرئەکەوێ کە لە خۆڕایی نەبووە ئەم نیوە شیعرە لە فارسییا بۆتە نەزیلە و کەوتۆتە سەرزاری خەڵک. شاعیران ناچار بوون سەر و گوێی وشە بشکێنن و لە قالبی داڕژراوی عەرووزا جێگای بکەنەوە. لەبەر ئەمەیە کە ئەڵێن «در تنگنای قافیە خورشید خر شود»؛ ئەگونجێ ئەمەش کە ئەڵێن «یجوز للشاعیر ما لا یجوز لغیرە» ھەر لەبەر ناچاربوونی شاعیر بێ لە پەیڕەوی کردنی عەرووز؛ کە وەھا بوو کورد بۆچ وێژەی خۆی بخاتە چوار چێوەیەکی داتاشراوی دەستی گەلێکی ترەوە، کە زۆر تەسک و تەنگ و بڕست بڕە. ئایا کەس ھەیە کەمەری وەک موو و بەژنی وەک چنار و چاوی وەک ئەستێرە و برژانگی وەک شیر و برۆی وەک کەوان و زولفی وەک زرێی پێ جوان بێ؟ ئاخۆ ئەگەر ئافرەتێک بەم شکڵ و سەر و سیمایەوە بێتە خەونی کەسێک لێی ناترسێ؟ بەڵێ کاتێ عەڕەب و فارس ئەم تەشبیھانەیان کردووە کە ئەم چەشنە چەکانە لە شەڕا کەڵکیان لێ وەرگیراوە و لە ژیانی کۆمەڵا تەئسیریان ھەبووە، لە کاتێکا بۆ کورد ئەم باسە نییە؛ کورد کاتێ شیعری عەرووزی وەرگرتووە کە زرێ و شیر و تیر و کەوان تەنیا لە مووزە و عەنتیکەخانەکاندا مانەتەوە. بەم چەشنە وێژەی کوردی بەچاوێکی بەستراوەوە بۆ ماوەیەک کەوتۆتە شوێن تەقلید و لاسایی کردنەوە و سەربەخۆیی خۆی لە دەست داوە. جا ئەمە لەبەر چی؟ بێگومان ھەر لەبەر ئەمە کە چەک بێ بۆ چینی دەرەبەگ و چینە بەدەسەڵاتەکانی تر.

«حاجی قادر» لە غەزەلێکا ئەڵێ:
پێم خۆشە غەزەل فەڕشی قودوومی عوقەلا بێ
نەک بێتوو لەبەر کەن جوھەلا لەفز و مەعانی

لەگەڵ ئەوەشا کە «حاجی» بەلامەوە بەڕێزە، ناچارم بپرسم «جوھەلا» کێن؟ ئەو کەسانەی کە دەرەبەگ ڕێگای خوێندنی لێ بەستوون؟ ئەو کەسانەی کە تێناگەن لەم ھەموو پێچ و قەمچە کە شاعیران ئەیدەن بەشیعرەکانیان... ئاخۆ ئەمانەن «جوھەلا»؟! ئایا دانەری بەیتی «سەیدەوان» کە شان لە شانی «ئۆتیللۆ» و «ھاملێت» ئەدا جاھیلە؟ لێرەدایە کە ئەبێ دەنگ بدەمە پاڵ دەنگی «گۆران» و بڵێم:
بەڵام چی بکەم لە ناو چاوی ڕەشی بەعزی زەکای گەورە،
وەکو تۆوی گوڵی دەم با لەسەر بەردێکی ڕەق ئەڕوێن.

ھەر لەم غەزەلەدایە کە حاجی ئەفەرمووێ:
تا دەستی نەدا خەنجەر و نەیفەرموو دەسا دەی...
نەمزانیبوو دڵدارم دەھان و میانی ھەیە

«دەھان» و «میان» کوردی نین و ئافرەتێک کە «دەھان» و «میان»ی دیار نەبێ، یەک لەبەر بچووکی و یەک لەبەر باریکی، جوانییەکەی لە کوێدایە؟ بەلای منەوە ئەمە نەخۆشییە... «ئاھۆ»یەکە کە وێژەی کوردی گرتوویە و ئەبێ تێبکۆشین لەوە ڕزگاری کەین. گۆران ئەڵێ:
ئەی قژ زەرد، ئەی بەژن و باڵا کەڵەگەت...

زۆر ساکار و زۆر جوان و نزیک لە لێکدانەوەی زۆربە و قسەی ڕۆژانەی خەڵک. ھەر لەم ھەڵبەستەدا کە ناوی «بۆ قژ زەردی بەردەرگا»یە، «گۆران» ئەڵێ:
ئەبینم پەپوولەی نیازی گفتوگۆ
دوودڵ ڕاوەستاوە لەسەر گوڵی لێو
ئاخ خۆزگە ھەڵئەفڕی، ئەمزانی ئاخۆ
ڕاسپێری چی پێیە بۆ گیانی پەشێو
ئەم بەرنامەیە لێرەدا تەواو نابێ لەسەر ڕۆیشتنێکی زۆررتری ئەوێ کە ئەیھێڵینەوە بۆ بەرنامەیەکی تر. تا ئەو کاتە خواتان لەگەڵ.
١٩٧٣/٠٤/٠٩

پەراوێز edit