ئاڵەکۆک

سوارە ئیلخانیزادە add_a_photo
سوارە تاپۆ و بوومەلێڵ
٤٢. سەرەتایەک لەسەر وێژەی کوردی
سەلام لە گوێگری بەڕێزی بەرنامەی تاپۆ. ڕیزە وتارێکمان سەبارەت بەژیانی کۆمەڵایەتی کورد دەس پێ کردبوو و لە چەند بەرنامەیەکا باسی پێشینەی مێژوویی کورد و ئەوەی کە کەی و لە کوێوە ھاتوون بۆ ئەم گۆڕەپانی ئێرانە، بەکورتی کرا. ھەڵبەت پێم باشە لە پێش ھەموو شتێکا بۆ چەندەمین جار دووپاتەی کەمەوە کە من لە ھەرێمی مێژوودا دەسەڵاتم ئەوەندە نییە کە گومانێک بۆ گوێگری بە ھەست نەمێنێتەوە لەوەدا کە ئەوەی وا ئەینووسم تەواو دروستە یا ھەموو ئەو ڕاستەقینەیە کە مێژوونوسان قامکیان بۆ ڕاداشتووە و نیشانیان کردووە.

بۆ باسی مێژوویی من خۆم گوێ ئەگرم بۆ نووسراوە ھێژاکانی مامۆستای بەرزی کورد جەمیل ڕۆژبەیانی و لە ڕاستی لانادەم کە زۆر کەلکیان لێ وەرئەگرم. مامۆستای دڵسۆز لە مێژووی ئێرانا دەستی داوەتە لێکۆڵینەوەیەکی ھەرە بەنرخ کە لە پێشا نە مێژوونووسێکی ئێرانی و نە مێژوونووسە بێگانەکان و نە تەنانەت مێژوونووسێکی کورد بەم چەشنە زانستییە نووسراوێکیان نییە.

مامۆستا لە ناو مێژووی ئێرانا گەڕاوە و ھەموو ئەو ڕووداوانە کە بەچەشنێ پەیوەندی لەگەڵ کوردا ھەبووبێ، کۆی کردۆتەوە و خستوویەتەوە سەر یەک. ئەم کارەی مامۆستا ھەم خزمەتێکی گەورەیە بەمێژووی ئێران و ھەم تێکۆشانێکی ھێژایە لە پێناوی کورددا.

مامۆستا بەڕێکخستن و کۆکردنەوە بردنەوە سەر یەکی ئەو بنەماڵە کوردانە یا ئەو عێلە کوردانە کە چەن لاپەڕەی پڕ خەبات و کۆڵ نەدانیان لە مێژووی ئێرانا پڕ کردۆتەوە، بۆ ھەموومانی دەرخستووە کە ھۆزی کورد تا چ ڕادەیەک تەئسیری لە مێژووی ئێرانا ھەبووە و چۆن بۆ پاراستنی ئاو و خاکەکەی بەرامبەر بەزۆردار و داگیرکەر وەستاوە.

بنەماڵەی حەسنەویە و شوانکارە و عەیاریە ڕاپەڕین و خزمەت و کۆششیان لە مێژووی ئێرانا دیار و بەرچاوە. بەڵام کەم کەس ھەبوو بزانێ ئەمانە کورد بوون و ئێستەش کەم کەس ھەیە تەواو شارەزای خەبات و شۆڕشیان بێ؛ چونکە مێژوونووسەکان کە بناغەی کاریان لەسەر لێکۆڵینەوەی گشتی مێژووی ئێران داناوە، بەشێکی زۆر کورتیان بۆ ئەم بنەماڵانە تەرخان کردووە.

ھێژایی کاری مامۆستا جەمیل ڕۆژبەیانی لەمەودایە کە ئەم ھەموو کتێبە مێژوویییە لە ئەژمار بەدەرەی ئێرانی پشکنیوە. ئەو پەڕاوانە کە بەعەرەبیش سەبارەت بەمێژووی ئیسلام و ئێران نووسراون لە چاوی تیژبین و بیری وردی شاراوە نەبوون، تەنانەت بەکۆششێکی زاڵ و ماندوونەبوون و عیشقێکی ئەوتۆوە، کە ھەر لە پیاوانی زانست ئەوەشێتەوە، پەڕاوە ئینگلیزێکانیشی خوێندۆتەوە زۆر جار مانای وشەیەکی ئینگلیزی لە خۆم پرسیوە و بەخۆ کەم زانینێکی عالمانەوە سەرەڕۆی شوێن ھەموو زانستێک بووە لەم ھەرێمی مێژووەدا، جا ئاکامی زانست و ماندوونەبوون و ئیرادەی مامۆستا بۆتە چەند پەڕاو کە ئەکرێ لە مێژووی کورددا ناوی بنرێ: «ھەنگاوی بەرزی سەرکەوتوو و کاری ھێژای کەس نەکردوو.»

ھیوادارم مامۆستا بتوانێ ئەم چەند پەڕاوەی لە چاپ بدا و خوێندکارە کوردەکانمان شارەزا بن کە ھۆزەکەیان چ خزمەتێکی بەئێرانی خۆشەویست کردووە. ھیوادارم کۆسپی پارە و چەوتی پیتی قەڵایی چاپ، بەردی سارد و گەرمی نەخاتە سەر ڕێگا و من بەناوی شاگردێکی مامۆستا ھەر نزام لە دەس دێ و سپاس.

پاش ئەم باسە کە پێویست بوو بکرێ، ئەگەڕێمەوە سەر باسەکەی خۆم. لە لێکۆڵینەوەکەماندا گەیشتینە سەر باسی ئەدەبی کوردی. ببوورن کە من جار جار ناچارم چەند ھەنگاوێک لابدەم و باسێکی ئاپۆرەنوێن بھێنمە گۆڕێ. بێگومان ئەم باسە بەڕوواڵەت ئاپۆرانە بۆ ڕوونکردنەوەی دەوروبەری باسەکەمان بەکەڵکن.

وێژە ھەروەک ئەزانن باسێکی عەدەدی و ریازی نییە و دابڕاوی و نەگۆڕی و قەتعییەتی زانست لە ھونەرا بەرچاو ناکەوێ و ڕەنگە لە ھیچ لکێکی زانستی مرۆڤایەتی، واتە علوومی ئینسانی وەک فەلسەفە و سۆسیۆلۆژی و سایکۆلۆژیشدا حەتمییەتی زانست نەبێ. ھونەر ڕاستە لە ئەشیا و حاڵات و نەفسانیات و ھەروەھا لە باری بەرچاوی کۆمەڵایەتی کەڵک وەرئەگرێ و تۆشە ھەڵئەگرێ، بەڵام کاتێ ئەم شتانە برانە بەر دەستی زەمیری فەننان و دەروونی ئینسانەوە، ئەگۆڕێن و چەشنێکی تر دێنەوە دەرەوە و خۆیان ئەنوێنن. بۆ نموونە چیای «بێستوون» وەک بەرچاو ئەکەوێ ئەچێتە ناو بیر و زەینی شاعیرەوە، شاعیریش بۆ ڕوانین ھەروەک خەڵکی تر دوو چاوی ھەیە، بەڵام لە دەروونی شاعیرا «بێستوون» تەنیا چیایەکی بەرز و بەردەڵان نییە؛ تەنانەت شاعیرێک لە بەرامبەر ڕوانگەی بێستوونا وەک مێژوونووسێکیش بیر ناکاتەوە و ناچێتەوە سەر ڕووداوە مێژوویییەکان کە ئەمە بەردەنووسی «ھەخامەنشی»یە یا«ساسانی»، بەڵکوو بیر لە دڵی سووتاو و لەشی لە خوێن ھەڵکشاوی «فەرھاد» ئەکاتەوە. دەنگی تەشوێ و گوڵینگی «فەرھاد» لەوپەڕی سنووری ئەفسانەوە، لە چیای دەروونی شاعیرا دەنگ ئەداتەوە. شاعیر وەھا لەگەڵ «بێستوون» و «فەرھاد» و ئەفسانەی «شیرین» تێکەڵ ئەبێ کە خۆی ئەبێ بە«فەرھاد»، پێنووسەکەی ئەبێ بەکوڵینگی «فەرھاد»و دەروونی پڕ دەنگ و جۆش و خرۆشی ئەبێ بەچیای «بێستوون»و شیرەی ھەستی ئەبێ بەشیعرێک گەلێک ڕوونتر لەو کانیاوە کە لە لەشی «شیرین»ی ئەگرتە باوەش و گەلێ سپیتر لەو جۆگە شیرەی کە لە چیای «بێستوون»ەوە تا ناو گۆلی کۆشکی «خوسرەو»، بەجادووی ھونەری «فەرھاد»ی ئەندازیار سەرەولێژ ئەھاتە خوارەوە! سەبارەت بە«شیرین» و «فەرھاد» گەلێک ھەڵبەستەی جوان نووسراوە، بەڵام ھەموو باسی دڵداری و دەردو پەژارەی «فەرھاد» و «شیرین»ە، وەک ئەمەو لە بیرچووبێتەوە کە ڕووداوە مێژوویییەکە و بەردەنووسەکان شتێکی تر ئەڵێن و کاتی نووسرانی ئەو تاشەبەردانە ئەبەنەوە بۆ زۆر بەر لە کاتی خوسرەو پەروێزی ساسانی.

بەم چەشنە ھەم من بەناوی نووسەری بەرنامەیەکی وێژەیی، بەتایبەت ئەمجارە کە باسەکەمان سەبارەت بەوێژەی کوردەو ھەم ئێوە بەناوی گوێگری پسپۆڕی ئەم بەرنامەیە مافمان ھەیە ھەرکام جۆرێک بیر بکەینەوە؛ چونکە دوو و دوونییە کە بکا چوار. باسی ھونەر و وێژەیە و زیاتری لەسەر لێکدانەوەی شەخسی و تاکییە. ھەڵبەت باشە ئەمەشمان لە بیر بێ کە تەنانەت لە ھونەریشا ئەسڵێک و مەنتقێک ھەیە و ھونەرمەندیش ناچارە لە بەرچاویان گرێ، جا ئەگەر ئەوەی من ئەیڵێم بەلاتانەوە دروست نەبوو و بیرێکی ترتان ھەبوو، قەیدی نییە ھونەر وەک ئاو وایە، لە ھەر دەفر و کاسەیەکا شکڵ و قالبێ ئەگرێ لە وێژەی کوردییا چوار فۆڕم و قالبی جیاوازمان ھەیە:

• شیعری وتاری یا بەیت
• شیعری ھیجایی
• شیعری عەرووزی
• شیعری نوێ.

لە ئەدەبی نەسر واتە وێژەی پەخشان باس ناکەم، لەبەر ئەمە کە چەشنی تایبەتی ژیانی کوردەواری کە تا ساڵەکانی دوایی سەدەی حەڤدە دەوارنشینی بوو زۆرتر لەگەڵ وێژەی ھەڵبەستدا ئەھاتەوە، ھەڵبەت ئەمە لە زۆرتری وڵاتە خۆرھەڵاتییەکانا بەرچاو ئەکەوێ و وێژەی شیعری ھەم زووتر دەس پێکراوە و ھەم لە باری زۆر و کەمییەوە لە پەخشان زۆرترە. وێژەی ھەڵبەستە و ھۆنراوە لەبەر ئەمە کە ڕەوان و لەسەر زمان سووکە، باشتر لەبەر ئەکرێ و لە سینەی بەیت بێژانی کورد باشتر ئەتوانێ ھەڵبگیرێ و لەگەڵ گەرمێن و کوێستانی خێڵ بڕوا. لەو کاتەدا کە ئێمە قسەی لەسەر ئەکەین و مەبەستمان، ئاوایی تەنیا بەناوی خێڵ بەزێکی کورتی زستانانە کەڵکی لێ وەرئەگیرا و پاش خێڵ خێزی سەرەتای بەھار ئاوایی ئیتر ئاوەدان نەبوو و چەن ماڵێک کە پێیان ئەگوتن پاش ماڵەی خێڵ لە ئاوایییا، ئەمانەوە. ژیانی ئابووری کوردەواری لەسەر بناغەی ئاژەڵداری دامەزرابوو و کۆمەڵی ئاژەڵداری کورد لەبەر ھاتوچۆی ھەمیشەیی لە گەرمێنەوە بۆ کوێستان و گەڕانەوەی لە کوێستانەوە بۆ گەرمێن، دەرفەتی خوێندەواربوونی کەم بوون، چونکە خوێندەواربوون پێویستی بەقوتابخانە دروستکردن و نیشتەجێ بوون ھەبوو و ئەمە کاری کۆمەڵی ئاژەڵدار نەبوو، لەبەر ئەمە ئەدەبی نووسراوە نەیتوانی پەرە بگرێ. شیعر ئەکرا بە یاد بسپێررێ و لەبەر کرێ، بەڵام نەسر نەدەکرا. بەم چەشنە وێژەی وتاری کە ھەر باشترە بڵێین شیعری وتاری لە کوردییا پەیدابوو.
لە بەرنامەیەکی ترا لەسەر ئەم باسە ئەڕۆین، خواتان لەگەڵ.

پەراوێز edit