ئاڵەکۆک

سوارە ئیلخانیزادە add_a_photo
سوارە تاپۆ و بوومەلێڵ
٤١. زاراوەکانی زمانی کوردی
سەلام لە گوێگری بەرنامەی تاپۆ. لە چەند بەرنامە لەمەوپێشەوە دەستمان کردووە بە لێکۆڵینەوەیەکی ئەوتۆ کە ھەموو لان و بارێکی ژیانی کوردەواری بگرێتەوە. ئەمڕۆ گەیشتووینە سەر زمانی کوردی. ھەڵبەت سەبارەت بە زمانی کوردی لە پێشا باسێکمان لە بەرنامەی ڕابردووا ھەبوو و لەودا بەشکردنەکەی «مەککەنزی» و «تۆفیق وەھبی»مان باس کرد و ھەروەھا باسی چەن جۆرە بەشکردنی تریشمان کرد. ئەمڕۆ ئەو بەشکردنەتان بۆ باس ئەکەم کە بەلای منەوە لە ھەمووان باشترە، بەم چەشنە:

زاراوەی کرمانجی ژوورو و یا شیمال، یەکەم. زاراوەی کرمانجی خواروو یا جنووب، دووھەم. زاراوەی گۆرانی، سێھەم. زاراوەی کرماشانی، چوارەم.

ھەڵبەت لە ناو لکی ئەو زاراوە ئەسڵییانەشا جیاوازی ھەیە، واتە فەرعی موکری لەگەڵ فەرعی سولەیمانییا کە ھەردووکیان لکی زاراوەی کرمانجی خواروون، جیاوازە. شێوەی دووان و مەخرەجی پیتەکان و پاڵ بە پیتەکانەوە دان، واتە تەکیە لەسەر حەرفەکان و چەشنی ئەدای پیتێکی تایبەت لە سولەیمانییا لەگەڵ مەھاباد و بەشەکانی تری موکریان جیایە. بۆ نموونە، پیتی دال لە سولەیمانییا دالی کلۆرە بەتایبەت لە دوای وشەکانەوە، ئەڵێن: سەوپەنجا. بەڵام لە موکریان بە تایبەت لەدەورووپشتی مەھاباد ئەڵێن: سەدوپەنچا دالەکە باش دەرئەبڕن. جارجار لە سولەیمانی و دەوروپشتی سولەیمانی دال چەشنی گاف تەلەففوز ئەکرێ، بەتایبەت ئەگەر پاش دالەکە کە پیتی دوای وشەیەکە، وشەیەک بێ کە پیتی یەکەمی لەگەڵ دالی کلۆرا بۆ گوتن قورس بێ، وەک ئەم شیعرەی مامۆستا گۆران: «ھەر چەن ئەو خەیاڵەی پێی مەستم»... وەھا دێتە بەر گوێ کە بڵێن: ھەر چەنگەکەم!

... جیاوازی زۆرە، ئەمەش یەکیانە کە لە سولەیمانی زۆرتر ئەو «ئەلف»انە کە لە پێش «نوون»ەوە ھەڵکەوتوون ھەر وەک خۆیان بە«ئەلف» تەلەففوز ئەکرێن، بەڵام لە موکریان بەتایبەت لە ناو عێلی دێبوکری و مامش و پیران و مەنگوڕ و گەورکی بەشی «مەھاباد» و «نەڵێن» ئەو «ئەلف»انە ئەکەن بە«ی»، وەک نێو. ئەم جیاوازییە واتە گۆڕانی «ئەلف» بە«ی» لە نێوان شێوە دووانی «مەھاباد» و «سنە»شا ھەیە. لە «سنە» ئەڵێن: «پا»، لە «مەھاباد» ئەڵێن: «پێ». ئێلاتی دەوروبەری «مەھاباد» ئەڵێن: لە شاری بووم. لە جێگاکانی تر ئەڵێن: لە شار بووم. یا بۆ نموونە «مەھاباد»ی ئەڵێن: «دەستم دا تفەنگێ» و سنەیی و سەقزی و سولەیمانی ئەڵێن: «دەستم دا تفەنگ» یا «دەسم»، لێرەدا مەبەست «ی»ی دوای تفەنگە، نەک دەس و دەست؛ کە ئەویش خۆی جۆرێکە لە جیاوازی وەک «دەس و دەست»، «ماس و ماست»، «ڕاس و ڕاست»، ئەمانە ھەموویان جیاوازین لە شێوەی دووانا و لە وشەشدا جیاوازی ھەیە. وەک «قاچ و لاق»، «خاس و باش و چاک» و زۆر وشەی تریش. بەڵام ئەم جیاوازییە بچووکانە وەھا نیین کە بۆ نموونە شێوەی دووانی سولەیمانی و سنەیی و مەھابادی ئەوەندە لە یەک دوور بکەنەوە کە نەکرێ بەتێکڕایان بگوترێ زاراوەی کرمانجی خواروو.

مەبەستێکی تریش کە لێرەدا ئەشێ بگوترێ ئەمەیە کە بەپێی نزیکی ھەرێمی زاراوەکان لە یەکتر، جیاوازی لە نێوان لکی زاراوەکانا پەیدا ئەبێ، وەک ئەمە «مەھاباد» ھاوسنوورە لەگەڵ «ڕەزاییە» و کوردەکانی دەوروبەری ئەو شارە، وەک: «شکاک»، «ھەرکی» و نزیکە لە کوردەکانی دەوروبەری «خۆ» و «شاپوور». وەک «جەلالی» و «میلانی»یەکان. لەبەر ئەمە زۆر وشەی زاراوەی کوردی کرمانجی ژوورووی لەوان وەرگرتووە، وەک ئەمە لە مەھاباد و لە ناو دانیشتووانی دەوروپشتی مەھاباد زەربولمەسەلێک ھەیە، ئەڵێ: «ئەگەر زانییان ئەزم، ئەگەر نەیانزانی دزم!». لە کاتێکا ئەگوترێ کە کەسێک بۆ کارێکی خراپ چوو بێ و سوود وەرگرێ لە ناسیاوی خۆی لای ئەو کەسانە کە کارە خراپەکەیان لەگەڵ ئەکرێ. ئەز لەم زەربولمەسەلەدا وشەیەکی کرمانجی ژوورووە و بەمانای «من»ە، ئەگەر زانییان ئەڵێم منم، ئەگەر نەیانزانی دزییەکەیان لێ ئەکەم. یا ئەڵێن: «ڕۆنیشە!» وەک «ڕۆنە»ی کرمانجی ژووروو. بە«سەگ» ئەڵێن «کۆک»، ھەڵبەت «سپڵۆت» و «سەگ» و «سە»شی پێ ئەڵێن، کە«کۆک» و «سە» لە کرمانجی ژووروو وەرگیراون. سنە لەبەر ئەمە کە لە زاراوەی گۆرانی نزیکترە وشەی ئەو زاراوەی زۆر وەرگرتووە. بۆکان و سەقز کە لە نێوان مەھاباد و سنەدا ھەڵکەوتوون شێوەی دووانیان کە ھەندێکی لە مەھابادی ئەکا و ھەندێکی لە سنەیی ئەچێ، ئەمە بۆ زاراوەی کرمانجی ژوورووش ھەر دروستە. شێوەی دووانی بارزانی کە ناوبارەترە و نزیکترە لە زاری کرمانجی خواروو؛ وشەی ئەم زاراوەی زۆرتر تێدایە، بەڵام «ستڕاکتۆر زموھوذمھS» و ئەساس و پایەی زمان لە ھەموو زاراوەکانا یەکە.

با بچینەوە سەر باسەکەی پێشوومان؛ گوتمان کە «کوردی» ٤ زاراوەی گەورەی ھەیە، کرمانجیی ژووروو، کرمانجی خواروو، گۆرانی، کرماشانی.

١. کرمانجیی ژووروو، زاراوەی کوردەکانی تورکیە و ئەرمەنستانی شووڕەوی و کوردەکانی سوریەیە، شیمالی کوردستانی عێڕاق و کوردەکانی غەربی زریەی بچووکی ڕەزاییە و کوردەکانی قووچان و کوردەکانی دەماوەندیش بەکرمانجی ژووروو ئەدوێن.
٢. کرمانجیی خواروو، زاراوەی کوردەکانی جنووبی کوردستانی عێڕاق و کوردەکانی غەرب و شیمالی غەربی ئێرانە، ھەڵبەت لە غەرب، کرماشان و دەوروبەری لێ جیا ئەبێتەوە کە ئەوان خۆیان ئەکەونە سەر زاراوەیەکی تر بەناوی کرماشانی و لە «شیمالی غەرب»یش دەوروپشتی ڕەزاییەی لێ جیا ئەبێتەوە کە ئەوانیش گوتمان بەزاراوەی کرمانجیی ژووروو، یا شیمال قسە ئەکەن.
٣. کرماشانی، کە خەڵکی کرماشان و سەرپێڵ زەھاو و قەسری شیرین و ئێلات و خێڵاتی دەوروپشتی ئەو شارانە بەم زاراوە قسە ئەگەن.
٤. گۆرانی، ئەم زاراوە زۆر لە فارسی کۆن نزیکە و گۆڕانی زۆر بەسەرا نەھاتووە. لەبەر ئەمە ھەندێ ئەڵێن کە ڕەنگە ئەو زاراوە کوردی نەبێ. ئەمە ھەڵەیەکی گەورەیە گۆرانی بێ گومان کوردییەکی کۆن و نزیک لە کوردی مادی. تۆفیق وەھبی لە بەشکردنەکەی خۆیا ناوێکی لە زاراوەی گۆرانی نەبردووە و بۆ من دەرنەکەوتووە کە چۆن لێکۆڵەر و کوردناسێکی وەک وەھبی بەم بێ دەربەستییە بەسەر ئەم مەبەستەدا تێپەڕیوە؟ زاراوەی گۆرانی بەزاراوەی «ھەورامی»ش ئەناسرێ، واتە زۆر کەس لە باتی زاراوەی گۆرانی ئەڵێن زاراوەی ھەورامی. لە کاتێکا ھەورامی لکێکە لە گۆرانی، بەڵام لەبەر ئەمە لە ئێران و عێڕاقا ئەو کەسانە کە بەگۆرانی ئەدوێن، زیاتریان لکی ھەورامین. ئەم ناونانە باو بووە. کەمایەتی وەک: سیامە سووری و ڕۆژبەیانی و زەنگەنەش ھەر لەسەر ھەورامی ناو ئەبرێن، ھەڵبەت ئەمە لەباری زانستی زمانناسی و تەنانەت کۆمەڵناسی کوردیشەوە ھەڵەیە؛ بەشێکی زۆر لە «سیامەسوور»ییەکان ئێستا لە ئەفغانستان ئەژین و بە گۆرانی ئەدوێن.

بەرنامەی ئەم حەوتەیەمان دوایی ھات و لە بەرنامەیەکی ترا ئەچینە سەر باسی وێژەی کوردی و بەشەکانی ئەو وێژەیە، تا ئەو کاتە خواتان لەگەڵ.

پەراوێز edit