ئاڵەکۆک

سوارە ئیلخانیزادە add_a_photo
سوارە تاپۆ و بوومەلێڵ
٣٣. بژی! بژی!
خێوەتی سباتی مانگەشەو بەسەر دەشتی بێ دەنگییا ھەڵدراوە، ھەزارەھا خێوەتی شینکی بچووک لەم پەڕی دەشتەوە تا ئەوپەڕ ئەتکوت مۆڵی وشتری ماندوون و بۆ پشوودان یخ دراون. لە ژێر ھەر خێوەتێکا چەند ئادەمیزاد ئەژین و لە دڵی ھەرکامیاندا پەنگاوی بیرەوەرییەک شەپۆل ئەدا؛ شەپۆلی ڕق، تۆڵە، ترس و بێزاری و لە گوێیاندا دەنگی باڵی باشووی ئاسن و قاقای شێتانەی شەست تیر و ڕەشاش ئەزرینگێتەوە. بۆنی ھەناسەی مناڵی تازە ساڵ و ئاخی پیری خەو لێ تاراو وەک سروەی شەوبا ئەچێ کە دووکەڵی چغارەیەک لەیەک بدا.

لێرە ھیچ سنوورێک بۆ جیاوازی نەماوەتەوە، تەنانەت گەڕەک و کۆڵان و ماڵ؛ دەردی ھاوبەش ھەموویانی کردووە بەیەک گیان، تەنانەت بەیەک لەش. ڕوانینی نیگەران و ترساوی مناڵێک کە تەرمی دایکی لە ژێر خانووی ڕووخاوا دێتە بەرچاو، لە گەرمەی یاری مناڵانەدا ئەوەستێ و چاوی ئەبڕێتە ئەوپەڕی زاگرۆس و چیای سەربەرز و نەبەزی بەمۆ و دایکی داوێن پاک و شەھیدی دێتە بەرچاو کە گەورە ئەبێتەوە، گەورەتر ئەبێتەوە و ھەموو ڕوانگەی بەرچاوی دائەگرێ. بزەیەکی میھرەبان و دایکانە وەک شەبەقی خۆرھەڵات لە ئاسۆی دەمی دایکییەوە، کە ھەموو شەوێ بە ئەفسوونی ئەفسانە خەوی ئەکرد بە میوانی دوو چاوی کاڵی ئەو، سەر ھەڵئەدا؛ بەڵام لەپڕ بەرگی سپی پەری ئەفسانە شەڵاڵی خوێن ئەبێ و دێتەوە بیری کە دایکی دووجار بەرگی سووری کردووەتە بەر. جارێک کە ئەبوو بە بووک و ئەھات بۆ کۆشکی ڕەنگاوڕەنگی بەخت و ئەوین؛ ئەو جارەی لە زمان دایکییەوە بیستبوو. بەڵام جاری دووھەم خۆی دیبووی کە دایکی جلی سووری کردە بەر و بوو بە بووکی مردن!

فڕۆکەی دوژمن وەک کۆلارەی ڕەش، وشەی باڵی ھات و پاسارە و سەردەرانی ڕووخاند و ھێلانەی ھەزاران جووجەڵەی تێکڕووخاند. پیری ژێر خێوەت ئارەقی سەر گۆنای نەوەکەی بە لکی سۆرانی سپی سڕی و لە ژێر لێوەوە گوتی:

فڕۆکەی دوژمن دێی بۆمباران کرد
بەشەوێ ھەزار پیر و جوان مرد
بەیانی نە دێ، نە ژن، نە کانی
ھیچی نەمابوو!
بەڵام لە چۆڵێ، لە شیو و دۆڵێ
لە ناو دوو کێوان
وەک گردی «سەیوان»
گۆڕستانێ بوو پڕ حوزن و ماتەم
خودای تەم و خەم
ئەھات و پڕ مشت
کڵۆڵی ئەڕشت... !

شەوی دوورودرێژ دوایی ئەھات و تۆزی ئاڵتوون بەسەر دەشتی خۆڵەمێشیدا ئەکرا؛ وەک ھیوایەک پاش ھیوا بڕانێک؛ وەک بزەیەک پاش گریانێک، خوێنی سووری خۆرەتاو بە دەماری سروشتا گەڕا؛ قاپی زێوینی گزنگ ئەکرا سەر ھەزاران خێوەت کە لەشیان لە ژێر باری گرانی شەوێکی قورس و تەڵخەکا کۆم بۆتەوە. مێردەزمەی شەو لە ترسی ڕمی ئاگرینی ڕۆژ ھەڵدێ، ھەروەک سپای زۆردار و داگیرکەر کە لەبەر ھێرشی گەلی ئازادیخواز ڕائەکا و ئەڕەوێ!

گەنجێک خەریکە بۆ چەن کەسێک قسە ئەکا، ئەڵێ: «ئەگەر بیابانی نۆگرە سەلمان و چیای جەبەل حەمرین وەک یەک بن، ئەگەر دڕووی وشتر خۆرکە و گوڵی شلێرە یەک ڕەنگ بن، ئێمە و ئەوانیش یەکین.

بیر ئەکەمەوە کە زۆر و ستەم وەک داری ژەقنەمووت بەری تاڵی ڕەگەزپەرستی ئەدا و فڕۆکەوان لەگەڵ ھەر بۆمبایەکا جگە لە وێرانی و ڕووخان، تۆوی ژاراوی جیاوازی و بێزاریش بەسەر زەوی دڵی خەڵکا ئەپژێنێ.

کوڕێکی گەنج پەڕاوەکەی لێکئەنێ و ئەڵێ: «عەزیایەک ھەیە کە بە گفت و لفت پیاو ئەخڵەتێنێ و ڕۆژی کردەوە خۆی بێ دەنگ ئەکا. ئێستە بۆم دەرکەوتووە کە شاعیرەکەمان بە ھەڵە نەچووبوو کە ئەیکوت:

«کوڕگەل وە گوێزن چەک بە کۆ
کڵاشینکۆ و خورۆشینکۆ
خوێن و مەرگ و وێران کردن
تاڵان، گرتن، بە دیل بردن
دیارییەک بوو لە کرێکاران
بۆ ماڵ و مەزرای ھەژاران»

لە ناو خێوەتێکا دەنگی نەرم و خەماوی ئافرەتێک کە بێشکەی کۆرپەکەی ڕائەژێنێ، ھەستی من بەرەو خۆی ئەکێشێ. خوای گەورە ھۆزێکی لەمێژینە و خانەدان، ھەموو پیاوی مەردی مەیدان، ھەموو ژنی پاک داوێن، سەرچاوەی ئەوین و ژیان، ھەموو ھەستیار و دەروون جوان، ئەمڕۆ ئاوارەن؛ بەڵام نە، بۆچی ئەڵێم ئاوارە؟ ! چون بە گەلێک کە ھەستاوە، لێبڕاوە، لە ماڵ و زەوی تاراوە، ئەکرێ بگوترێ بێ چارە یا ناوی بنێن ئاوارە! ؟

دەنگی لای لایەی دایک دێتە بەر گوێم و ئەڕۆم بۆ گەشتێک لە جیھانی جوانی و شیعر و مووسیقادا. شەپۆلی نەرمی دەنگی بەسۆز ئەمبا و ئەمبا و ئەمگەیێنێتە جێگایەک کە ئیتر شەڕ نەبێ! کۆلارەی فڕۆکە گەرووی کەوباڕی چیا و کەڵەشێری بەیانی ئاوایی نەبەستێ.
«کۆرپەی ئێسک سووک، خونچەی نەپشکووت
بەھاری باخم، گوڵی سووری ڕووت
باوکی تۆ ڕۆڵەی «کاوە»ی دلێرە
«زوحاک» ڕێوییە، باوکی تۆ شێرە
ھەرچەندە ماری سەر شانی «زوحاک»
پەل ئەکوتێ بخوا مێشکی ڕوون و پاک
بەڵام تۆ بنوو بە دڵنیایی
خۆر سەرئەکەوێ، نەک تاریکایی»

تەلی ھەست و شعوورم بە شەپۆلی نەرمی لای لایە ئەلەرایەوە، لە دڵما جیھانێک ڕاخرابوو، بە ھەزار ڕەنگی برایەتی ڕازابۆوە؛ بەڵام لە جیھانی ڕاستەقینەدا ڕوانگەیەک بوو کە پڕ بە گەروو ھاواری ئەکرد: «تەنانەت ئەمڕۆش ئەژدەھاکی مێشکخۆر ھەر ماوە.» بەڵام تیشکێک لەوپەڕی سنووری شعوورمەوە برووسکەی ئەدا، ئەتکوت لێوی بەیانێکی تازە پشکووتووە و بە موژدەیەکی خۆش کراوەتەوە تا پێم بڵێ؛ ئەگەر ئەژدەھاک ماوە، کاوەش ماوە؛ ئەگەر ھەستی برایەتی لە ھەرێمێک کوژراوە، لە گۆشەیەکی ترا، لە ھەرێمێکا کە ئەمڕۆ ھەزاران خێوەتی لەسەر سینەی میھرەبانی بۆ ھەزاران ڕۆڵەی ئاوارە ھەڵداوە، برایەتی لەمێژینە گەشە ئەکا؛ برایەتی مێژوویی ئەبووژێتەوە!!

نازانم لەبەر چی لەپڕ دڵم پڕ ئەبێ لە سروودێکی نەکوتراو و ئەمەوێ پڕ بە ھەموو ئەو دەشتە بەرینە ھەرا بکەم:
- «بژی! بژی!»

پەراوێز edit