ئاڵەکۆک

سوارە ئیلخانیزادە add_a_photo
سەلام لە گوێگری بەڕێزی بەرنامەی تاپۆ. لە بەرنامەی ئەمجارەماندا پەخشانێکی کوردیتان بۆ ئەخوێنینەوە، ھیوادارین پەسندی کەن.

دوور ڕۆژ بوو دایکی تۆرا بوو. ھەر لە بەیانییەوە تا کاتی برسیەتی، یا تا خەو زۆری بۆ ئەھێنا لەبەر پەنجەرەی ھۆدەکە دادەنیشت و چاوی ئەبڕییە پێچی کۆڵان و ھەر ئافرەتێک لە دوورەوە دەرئەکەوت، پڕشنگێک بەچاوی کاڵیا ئەگەڕا، بەڵام لەگەڵ ئافرەتەکە نزیک ئەبۆوە خەمێک وەک تانە سەر گۆمیلکەی ڕوون و شینی چاوی ئەگرت. ئەمڕۆ دوو ڕۆژ بوو کە تەنانەت یەک وشەش لەسەر لێوی سوور و ناسکی نەپشکووتبوو. وێنەی دایکی بەزەردەخەندەیەکی مات و بێ ڕەنگەوە لەسەر تاقەی ھۆدەکە دانرابوو و ئەتگوت ھەموو خۆشەویستی دایکانە لەو زەردەیەدا کۆبۆتەوە. سەری ھەڵبڕی و بۆ ماوەیەکی کورت چاوی بەوێنەی دایکیدا گێڕا... کوڵی گریانێکی بێ گوناھ بەدڵیا گەڕا و دڵۆپێک فرمێسکی خاوێن کە لە کاسەی پەلی چاویا شینی ئەنواند، بەسەر گۆنای ناسک و تورتیدا ھاتە خوار، پرسیاری کرد: «بابە تۆران یانی چی؟» وەڵامێکم نەبوو کە بیدەمەوە و نەیڕەجێنم؛ لەبەر ئەمە گوتم: «کوڕم چیت ئەوێ بۆت بکڕم؟!» نازانم لەبەرچی بەم قسەیە ڕقم لە خۆم ھەستا و لام وابوو خەریکم بە شت بۆ کڕین تاسەی دایکی لە بیر بەرمەوە!؟ گوتی:

«تۆران یانی مردن، نا بابە؟!»

بەشەرمەوە!؟ گوتم: «نە بابە، نە!!»

لەبەر پەنجەرەکە لاچوو و ھات لە باوەشما کوروشمەی کرد، وەک بێچووە کۆترێک کە ھێلانەکەی ڕووخا بێ. دوو دەستە بچکۆلەکەی لە دەوری ئەستۆم ئاڵاند و ڕوومەتی داغ و نەرمی بەسینگمەوە گوشی؛ ھەستم کرد بووم بەدوان؛ منێکی مناڵ و ترساو و خەفەتبار و منێکی گەورە و شەرمەزار و تاوانبار. لەبەر خۆیەوە گوتی: «بابە، حکایەتی دێوەکەم بۆ بڵێ!»

... ھێشتا لە «یەکێک بوو یەکێک نەبوو»دا بووم کە حەوسەلەی بەسەر چوو، بەچەشنێ کە دیار بوو ھەوڵ ئەدا نەمڕەنجێنێ، گوتی: «دایکم باشتری ئەزانی.» گوتم: «بەڵێ ئەو باشتری ئەزانی.» ھەر بەو چەشنە کە خۆی بەسینەمەوە ئەگوشی، گوتی: «تۆش داستانی دێوەکەت پێ خۆشە، نە بابە!؟»

گوتم: «ئەرێ کوڕی من پێم خۆشە، بەڵام ئەو داستانانە ئەفسانەن!»

سەری لەسەر سینگم ھەڵگرت و بەچاوی پڕ پرسیارەوە بۆی ڕوانیم و گوتی: «چی بابە؟» گوتم: «ئەفسانە کوڕم!»؛ بەڵام خێرا تێگەیشتم کە ئەو لە ئەفسانە ناگا.

- «ئەفسانە بەداستانێک ئەڵێن کە درۆ بێ، کوڕی من.» ئەم قسەی زۆر بەلاوە ناخۆش بوو، باسکی بێ ھێز و مناڵانەی لە ئەستۆم کردەوە و گوتی: «نە، درۆ نییە، دایکم درۆ ناکا، ئەو ئەڵێ دێو ھەیە، دێو پیاوێکی چەپەڵ و خراپە، مناڵی خۆش ناوێ، دایکم ئەڵێ دێو کلکی ھەیە.»

دڵم نەھات دونیا خەیاڵاوییەکەی لێ تێکدەم لەبەرئەمە ھیچ دەنگم نەکرد؛ کورتەیەک بێ دەنگ بوو، پاشان گوتی: «دایکم ھەموو ڕۆژێ منی ئەبرد بۆ گەڕان.» تێگەیشتم کە ئەم ھۆدەیە کە لە پێشا بەھۆی دایکییەوە بۆی ئاشنا بوو، ئێستە ئازاری ئەدا و ئەیەوێ لێی دوور کەوێتەوە.

لە باغچەیەکی گشتیدا لەسەر نیمکەتێکی دارین کە ڕیزێک شۆڕەبی ساوا سێبەریان لێ ئەکرد دانیشتبووین. باغچە پڕ بوو لە ژیانی کرچ و کاڵ، جریوەی مەل و مناڵ مێلۆدی بووژانەوەی سروشت بوو. دایک و باوک بەشوێن مناڵەکانیانا ئەچوون بۆ ئەملا و ئەولا. ژن و پیاوی پیر سەیری کایەی مناڵی جوانکیلەیان ئەکرد، بەڵام ئەو چاوی بڕیبووە ئاسۆیەکی دوور، ئەتگوت لە ناو ھەوری سپی و نەزۆکی ئێوارەی ھاوینا کە بایەکی نەرم ئەیبزواندن و کۆشک و باڵاخانەی لێ دروست ئەکردن، بەشوێن گومبووەکەیا ئەگەڕێ.

پیرێژنێکی سەر سپی کە نەمزانی لە کەیەوە بەپاڵ دەستمەوە دانیشتووە، پرسیاری کرد: «کوڕی تۆیە؟» گوتم: «بەڵێ!»

گوتی: «خوا بۆت بھێڵێ، جوانکیلە و ڕووح سووکە، بەڵام وا دیارە خەمبارە!» ھەستم کرد کە توانجم تێ ئەگرێ و من بەھۆی خەمباری ئەو دائەنێ. ئەڵێن تاوانبار لە خۆی بە شکە! ئەبوو بزانم کە ئەو ئافرەتە بێ ئەوە بەسەرھاتی من بزانێ ئەو قسەی کردووە. پیرێژن دەسھەڵگر نەبوو، گوتی:

«ڕەنگە نەخۆش بێ!»

گوتم: «نە!»

زانی کە من پێم خۆش نییە باسەکە درێژە بدا، لەبەرئەمە بێ دەنگ بوو. کوڕەکەم پرسی: «بابە تۆ ماندوو نەبووی؟ ئەمەوێ بچم لەگەڵ ئەو مناڵانە کایە بکەم.»

لە خوام ئەویست لەم تەنیایییە خۆی ڕزگار بکا و جریوەی شادی ئەویش تێکەڵ بێ لەگەڵ مێلۆدی تەبیعەت. ئەو مێلۆدییە کە بەلای منەوە بێ دەنگی ئەو کەمایەتی تێدا ھەبوو. لە پێشا بەچەن ھەنگاوی وردی دوودڵانە و پاشان گورج و توند لە کۆڕی مناڵەکان نزیک بۆوە و دەستی بچووکی لە ھەوادا بۆ گرتنەوەی تۆپی ڕەنگاوڕەنگ کەوتە سەما. ھەستم کرد بارێکی قورس لەسەر شانم سووک بوو و بیرم کردەوە چەندە ئەخایەنێ و چەندەی ڕەنج و مەینەت ئەوێ تا گوڵێک ئەخەمڵێ، تا جووجەڵەیەک باڵ و پەڕ دەرئەھێنێ و فێری فڕین ئەبێ؟!

ھەتا وردە وردە بەزەردەیەکی دایکانەوە دار و گوڵی باخچەی گشتی بەجێ ئەھێشت و بەلالایی شنەیەکی نەرمونیان، چاوی کۆرپەی سروشتی لە خەو ئەکرد. خۆم ئەدی کە مناڵم و بەگۆنای سوور ھەڵگەڕاو و خوێنی گەشەوە لە ناو ھەواڵەکانما کەوتوومە شوێن تۆپی ڕەنگاوڕەنگ. لە لایەکی ترەوە خۆم ئەدی کە بەکۆڵێک بیرەوەری تاڵ و شیرینی سی و چەند ساڵ ژیانەوە لە ژێر شۆڕەبی خەواڵوا دانیشتووم؛ دەنگی خۆم بوو کە ھاتە بەرگوێم: «بابە من ماندوو بووم با بچینەوە بۆ ماڵ.» دیسانەوە دەنگی خۆم بوو کە گوتم: «زۆر باشە کوڕم من ئامادەم.»

کاتێ کە گەیشتینەوە ماڵ چرای ھۆدەکەمان ئەگڕا، دایکی گەڕابۆوە و کوڕەکەم وەک خەونێکی فەرامۆشکراو ئەھاتەوە بیری کە دوو ڕۆژی تەواو چاوی لە پێچی کۆڵانەکە بووە.

ئەگەر ئادەمیزاد جادووی لە بیر چوونەوەی نەبوایە، چۆن ئەیتوانی لە ژێر باری خەما خۆی ڕاگرێ؟!
کاتی دانیشتن بۆ نانی شەو، وەک ئەمە ئەچوو کە ھەرسێکمان دڵخۆشین.

پەراوێز edit