ئاڵەکۆک

سوارە ئیلخانیزادە add_a_photo
سوارە تاپۆ و بوومەلێڵ
٢٦. ئادەمیزاد و ئەشیا و ھونەر
سەلام لە گوێگری بەھەست و ھونەرپەرست.

ئادەمیزاد تاقە دارێکی تەریک نییە لە دووڕگەیەکی گەمارۆ دراو بە حەوت دەریا. لە پایانی بێ سنووری ھەبوونا. ئادەمیزاد بەشێکە لەو پەیکەرە کە پێی ئەکوترێ کەون و لەگەڵ بەشەکانی تری ھەبوونا پەیوەندی ڕاستەوخۆی ھەیە. ئادەمیزاد تێکەڵ و ئاوێتەی کۆمەڵە کە لە جەمبوونەوەی ئادەمیزادانی تر پێک دێ. ھەروەھا تێکەڵە لەگەڵ شت؛ واتە ئەو شتانە کە زیندوون و زیندوو نین. با نەچینەوە سەر ئەو باسە فەلسەفییە کە بڕوای وایە ئادەمیزاد لە جیمادییەوە بوو بەنامی، پاشان بووە بەزیندوو و ئەمجار بوو بەئینسان و لە ئینسانییەوە بەرزتر ئەبێتەوە بۆ پلەیەکی ئەوتۆ کە ئاوەزی بەشەری ناگاتێ! ئێمە لەم بەرنامەیەدا باسی ئادەمیزاد و ئەشیا ئەکەین بەلێکدانەوەیەکی وێژەیی و ھونەری ئەڵێین ئادەمیزاد لەگەڵ ئادەمیزادی ترا ئەژی و لە ناو ئەو شتانەدا ئەژی کە دەوریان لێداوە. ئاخۆ ئەو ھەوایە کە ئادەمیزاد ھەڵیئەمژێ، ئەو ئاوە کە ئەیخواتەوە، ئەو ھەتاوە کە گەرمی ئەکاتەوە و گوڵی بۆ ئەپشکوێنێ و ئەو بارانە کە بەسەر کێڵگەیا ئەبارێ، ھەموویان شت نین؟! تەنانەت ئەو دڕکە کە لە پێی ڕائەچێ و ئەو بەردە کە سەری ئەشکێنێ، بەکورتی ھەموو ئەو شتانە کە خێر و خۆشی ئەدەنێ یا خەم و تاڵی بۆ پێک ئەھێنن، لە ھەبوونی ئادەمیزاد کارێکیان بەدەستە و دەورێک ئەگێڕن!

ئاخۆ لەزەت و خۆشی نابێتە مانای ژیان و خەم و پەژارە و دەرد و کەسەر و نەخۆشی لەوپەڕی خۆیا، ناگاتە مردن؟!

کە وەھایە ئایا مەرگ و ژیان دوو شت نین و ئێمە ناتوانین مانای شت ئەوەندە بڵاو بکەینەوە کە تەنانەت مەرگ و ژیانیش لە ھەرێمی دەسەڵاتیا جێی ببێتەوە؟!

تەنیا شت، واتە ئەشیا نین کە لە ئادەمیزادا تەئسیریان ھەیە، ئادەمیزادیش کار ئەکاتە سەر شت. ئەیگۆڕێ، لێکی ئەداتەوە و شتی بۆ نوێتر پێک دێنێ. پێوەندییەکە لە نێوان ئینسان و شەیئدا ھەیە، ژیانی بیر، واتە حەیاتی زێھنی ئادەمیزادە کە بەزمانی فەڕەنگی پێی ئەکوترێ mind (مایند).

ئادەمیزاد کاتێ بەلەش و بەئاوەز و تاقیکاری لەگەڵ شتا ڕووبەڕوو بێ، زانست لەو بەرەنگارییە پێکدێ. بۆ نموونە ھەوا ساردە، لەشی ئادەمیزاد ئەتەزێ و ئازار ئەبینێ. جارێک و دووان و سیان، پاشان ئادەمیزاد کەوڵی حەیوانێک کە خۆی ڕاوی کردووە بەخۆیا ئەپێچێ، ھەست ئەکا گەرمی بۆتەوە. ئەوجار بۆ بەرگری لە سەرما کەوڵ بەخۆیدا ئەدا. بۆ ئەوە کە کەوڵەکە باش بەلەشیەوە بچەسپێ و لە کەلێنەکانییەوە «با» لەشی ئازار نەدا، کەوڵەکە ئەدوورێ و وردە وردە ئاوەز و تاقیکاری یارمەتی یەک ئەدەن و بەرگ بەچەشنێ کە ئەمڕۆ ھەیە دروست ئەکرێ و ئەمڕۆ زانستی ئادەمیزاد کە لەو تاقیکارییە وردە وردانە پێکھاتووە، زۆر شت لەم بارەیەوە ئەزانێ. ئەزانێ کە بەرگی ڕەش گەرما زیاتر ئەگرێ؛ خوری لە لۆکە گەرمترە و بۆ ھەموو ئەو زانستانەش بەڵگەی عیلمی بەدەستەوەیە. ئەمە بەرەنگاربوونی لەشی ئادەمیزاد بوو لەگەڵ تەبیعەت. ھەروەک کوتمان ئادەمیزاد کاتێ کۆسپێکی لەسەر ڕێگایا ھەست کرد، ھەوڵ ئەدا لای دا. ئەم ھەوڵە ئەبێتە ھۆی گۆڕانی تەبیعەت و تەبیعەت جگە لە کۆمەڵی ئەشیا شتێکی تر نییە. بەڵام ئادەمیزاد بەبارێکی تریش جگە لە لەش لەگەڵ ئەشیا واتە شتی سروشتییا ڕووبەڕوو ئەبێ. بەباری عاتیفی و زێھنی و لەم بەرەنگاربوونە ناسینی ھونەری، واتە مەعرەفەتی ھونەری پەیدا ئەبێ. ناسینی ھونەری بێ گومان ھەوێنی ئەسڵی خۆی لە ئەشیا و تەبیعەتی دەرەوە ئەگرێ. بەڵام لە زێھنی ئادەمیزادا ئەڕازێتەوە و بەچەشنێ دەردێ کە ھونەرمەند ئەیەوێ. بەجۆرێکی تر بڵێین ھونەرمەندیش ھەروەک زانا، کاری بەشتەوە ھەیە و لەگەڵ شت تێکەڵە و شت وەرئەگرێ و ئەیگۆڕێ و زۆرتر لە زانا خەریکە واقعییەت و حەقیقەت لەیەک نزیک بکاتەوە.

واقعییەت ئەو حاڵەتەیە کە ئەشیا لە دەرەوە ھەیانە. وەک ساردی ھەوای زستان و ژاکانی گوڵ و کزبوونی باری جوانی ڕەوشت لە کۆمەڵا. بەڵام حەقیقەت ئەوەیە کە ناشێ وەھا بێ. واتە ئادەمیزاد باش نییە خۆی باشی وەلانێ. ھەروا باش نییە ئادەمیزاد ئازار بدا و ڕەوا نییە گوڵ سیس بێ و ھەڵوەرێ. لە ھەناوی ھونەرمەندا حەقیقەت یانی جوانی. جان کیتس نھخزk یمفصقj شاعیری ئینگلیزی ئەڵێ: «جوانی حەقیقەتە و حەقیقەت جوانییە. ئەوەیە ئەو شتە کە لەسەر زەوی ئەیزانی و ئەبێ بیزانی.»

زانا شت ئەبینێ. تایبەتییەکانی شت ئەناسێ و ئەیانباتە کارگایەکەوە کە پایەی لەسەر لێکدانەوەی ئاوەز و تاقیکاری دانراوە. مێشک ھەر ئەوەندە یارمەتی زانا ئەدا کە واقعییەت ھەڵبگرێ. لەوپەڕی واقعییەتا جیھانی زانست جگە لە تاریکی ھیچی تری بەرچاو ناکەوێ. زانا ئەڕوا بەرەو پێش، بەڵام پێ بەپێی واقعییەت. بەرد ڕەقە و بێ ئەوەی بەفێڵێکی زانستی و بەڕێگایەکی عیلمییا چارە نەکرێ، نەرم نابێ. زانا ناچارە ڕاوەستێ و ئەو ڕێگایە بەھەڵسەنگاندنی ئەو دەسکەوتانە کە ھەیەتی و ئەو تاقیکارییانە کە کراون بدۆزێتەوە. بێ دۆزینەوەی ئەو ڕێگایە زانا دەستی بەستراوە، بەڵام ھونەرمەند وەھا نییە. لە کارگای ئەوا کە بریتییە لە ھەرێمی بیر و زێھن، بەرد زوو نەرم ئەکرێ. ئەوەندە بەسە کە کابرایەک زۆری خەو بێت تا بەرد لە ژێر سەریا نەرم ببێ وەک پەڕی قوو، یا کێشەری ئەوین بیکێشێ تا بەرد لە ژێر پێیا ببێتە مافوورەی نەرم. ئەمانە لە زانستا ناکرێن چونکوو زانست کاری بەلێکدانەوەی دەروون و عاتیفەوە نییە، بەڵام لە خەیاڵی شاعیرا و بەتەسویر و نەخشی زێھنی واتە ئیماژ (image) باش ئەکرێ؛ ھەروەک زانا تەجرەبە و تاقیکاری و دەسکەوتە زانستییەکانی پێشووی ھەیە، یارمەتییان لێ وەربگرێ؛ ھونەرمەندیش کەلەپووری زانیاری کۆمەڵی خۆی لە پشتە و یارمەتی ئەدەن. میراتی فەرھەنگی، ڕێ و شوێنە ئایینی و فەلسەفی و زانستی و ھونەرییەکانن کە ھونەرمەند زیاتر لە سوننەتی دینی و ھونەری کەڵک وەرئەگرێ.
شاعیرانی ئێرانی و ئیسلامی لە چارەنووس و بەسەرھاتی مەنسووری حەللاج کەڵک وەرئەگرن. ھەروەک حەللاج ئەڵێ: «انا الحق»، شاعیریش بۆی ھەیە بڵێ: «انا الشیء». ئەزانین کە حەللاج خودا نەبوو و ئەشزانین خۆی لای وابوو درۆی نەدەکرد و بەڕاستی لای وابوو لە کاتی جەزبەدا خودایە. لەبەرچی؟ چونکوو لەگەڵ خودا واتە ئەو وجوودە کە ھەبوونی بەدەستە و ھەر بووە و ھەر ماوە لەو سەری ھەبوونەوە تا ئەوپەڕی ھەبوون دەسەڵاتی بووە و ئەبێ؛ تێکەڵ ئەبوو؛ وەھا تێکەڵ بوونێک کە خۆی نەدەناسییەوە. چەشنی دڵۆپێک کە ئەچێتە ناو دەریاوە و ئەبێتە دەریا و ئەشزانین کە شاعیر شت نییە و ئادەمیزادە. بەڵام شاعیری بەڕاستی کە ندای «انا الشیء» ھەڵئەبڕێ و بانگەوازی «لا فی جبە الشێء» ئەدا بەڕاستی لە جبەی دەروونیا جگە لە شت واتە کەرەسەی سەرەتایی پێکھاتنی سروشت ھیچی تری نییە. شاعیر ئەگەر توانی ببێتە بەرد، ببێتە گژەبا، ببێتە خاڵی سەر گۆنای کیژێک، تفەنگی دەستی لاوێک، شەونمی سەر پەڕەی گوڵێک، گرێی گریانی سەر چاوێک، ئەگەر توانی ببێ بەژیان و ببێ بەمردن، ئەتوانێ ببێ بەشاعیرێکی باش.
١٩٧٢/١٢/٢٧

پەراوێز edit