ئاڵەکۆک

سوارە ئیلخانیزادە add_a_photo
سوارە تاپۆ و بوومەلێڵ
٢٥. ڕووبەندی شار
چەن ساڵ تەریک بووم لە ھەوای بژوێنی بنار و وردە وردە خەریک بوو لە بیرم بچێتەوە ژیانی لادێ؛ بەرە بەرە بۆنی دووکەڵی شاری گەورە کە چەشنی تووتنی خاو گەرووگر بوو، جێگای بۆنی مێخەکی بەرۆکی کچی لادێ و ھەناسەی زیندووکەرەوەی شنەی بەربەیانی دۆڵی پڕ گوڵی کێوی لەبەر لووتم ئەگرتەوە. لە شاری بەزەنا زەنا ئاخنراوەوە ڕووم کردە لادێی بێ دەنگ. ئەتکوت لە چەقەخانەی مزگەوتی وەرزی زستانەوە چوومە ناو کۆڵانی دێ. بەیانی زوو بەجرووکە و جریوەی سێروو و چۆلەکە لە خەو ھەڵدەستام. سەر لکی دار ھەر جمەی ئەھات. جار جار وەک پەڵە ھەورێکی بچووکی ڕەش ئەڕەوین و دیسانەوە یەکتریان ئەگرتەوە. پەڕەسێلکە وەک یادێک کە خۆی لە پەردەی بیرەوەریمدا بنوێنێ و ماوەیەک کورت بخایەنێ و پاشان لە سنووری تەم گرتووی خەیاڵا گوم بێ، بەبەردەمی پەنجەرەی ئاواڵەی ھۆدەکەما ھەڵئەفڕین و من تەنیا وشەی باڵیان و جریوەی تێکڕایییانم بۆ ھەست ئەکرا. ھەموو شت لەم بێ دەنگییەدا کەڵکەڵەی بیر و خەیاڵی ئەخستە مێشکەوە. بیری ھەبوون. بیری ھەر مان و خودا. بیری ئەوین و ژین.

ھێشتا کۆڵانەکانی دێ بزەی بوومەلێڵیان نەکردبوو بەقاقای خۆرەتاو کە من ئەچوومە سەر تەپکەی بەردینی بەرامبەر بەئاوایی. لە پەنا بەردێکا کە ھێشتا زۆری مابوو تیشکی گەرمی خۆر فێنکایی سایەقەی شەوی لێ وەرگرێتەوە پاڵم ئەداوە و ئەمڕوانییە ئاوایی کە چەشنی کۆترێکی خەوتوو سەری لە ژێر باڵی دەردەھێنا و چاوی بەھەر چوار لادا ئەگێڕا و تاسەی فڕین گەرووی پڕ بەستەی ئەماساند و باڵی لێک ئەدا. پۆلێکم مناڵ ئەدی کە ھەر کام چەند بەرخۆڵەی بچووکیان وەپێش داوە و بەرەو دەری دێ ئەیانبەن. دەنگی مەشکەژاندن و نرکەی کابانی مەچەک خڕ ئەبوون بەمێلۆدی ئاوایی. لە پشت سەری منەوە، خۆر وەک تەشتێکی مسی پڕ ئاگر دەرئەکەوت و سێبەر و تارمایی لەبەری ئەڕەوین. کۆڕیلکەی بەردی لە ژێر پڕشنگی ھەتاوا وەک چاوی شینی کیژێکی تازە لە خەو ھەستاو ترووسکەی ئەھات. ڕەنگی تاراوی کانیاوێکی بچووک بەھەڵاتنی خۆر ئەگەڕایەوە بۆ ناو ھەموو دڵۆپەکان و لە گەردەنی زەرد و زۆڵی جاڕە گەنمێکی دروێنەکراو ئەبوو بەملوێنکەی مرواری.

خەریکی بیرکردنەوە بووم و گەیشتبوومە سەر ئەو مەبەستە کە ھەندێ لە ئادەمیزادان لە شاری گەورەدا لە ناو کۆشکی چەند نھۆما بەھەزار دەزگای وردەکاری سنعاتی، سامان و دارایی خۆیان بۆ ناژمێردرێ و ھەندێکیش لە ئاوایییە بچووکەکاندا بەقامکی تاکە دەستێک سەروبەری ماڵ و سامانیان لێک ئەدەنەوە.

دەستێکی میھرەبان کەوتە سەر شانم و دەنگێکی پیاوانە و کەمێک گڕ کوتی: «بەیانی باش!» لام سەیر بوو کە ئەم دەنگە ھی ئەم گەنجە بێ کە بێ گومان بەھەموو تەمەنی نەیدەکردە بیست بەھار. ئێمەی ڕاھاتووی ترس و خۆگرتنی شار، بەھەڵکەوت ئەبێ بەم ساکارییە مل دانەوێنین بۆ ڕاستەقینەی برایەتی و بەرەی ئادەمیزاد. کەم کەس ھەیە لە شاری گەورە، ڕووبەندێکی بەڕووەوە نەگرتبێ بۆ ئەوە خۆی لە ژێرا بشارێتەوە. ئەو سڵاوە بەڕواڵەت گەرموگوڕانەی ناو داڵانی ئیدارەکان، کڵاو ھەڵگرتنی ناو شەقام، خوڵک کردن و فەرموو کوتنی ناو کۆڵان، کەمی وا ھەیە ھی ئەو کەسە بێ وا لە ژێر ڕووبەندەکەدایە. ئێمە تەواوی تەمەنمان نەخش ئەگێڕین و گاھێ لە بیرمان ئەچێتەوە کە خۆمان چین و کێین و چیمان ئەوێ. تەنانەت لە ناو خاووخێزانیشا کەم وا ھەیە ڕووبەندەکەمان داڕنین و ببینەوە ئادەمیزادێکی بەڕاستی کە ئەتوانێ بێ ترس بڵێ «خۆشم ئەوێی.» ناچارم بڵێم لە خەویشا ڕووبەندەیەک - کە لە پێشا ئەمانکوت ئەبێ ھەمانبێ، چونکە «شار شاری کوێرانە» و ڕووبەندە دەستێکە بۆ گرتنی بەرچاومان - ھەر بەڕوومانەوەیە، چونکە ئیتر ڕووبەندە نییە، ئەندامی خۆمانە. تەنھا کاتێ کە ئەچینە لادێ و ئەم ھەموو ساکارییە، ئەم ھەموو ڕەفتارە سروشتییە ئەبینین، ھەست ئەکەین کە ڕووبەندەی شار کەڵکی نەماوە.

گەنجەکە لە لام دانیشتبوو. چاوی لە پۆلێک کچ بڕیبوو کە لە کانیاوەکەی خوار دێوە ئەگەڕانەوە. خۆرەتاو لەسەر کوڵۆنجەی مەخمەر و ئەتڵەس و کراسی زەرد و سووریان سەمای ئەکرد. لاوەکە کوتی: «ئەوەیانە وا گۆزەیەکی سووری بەسەر شانیاوەیە! بڕوانە بەژن و باڵای، ئەڵێی بەختی خودا پێداوانە، ڕاست و ھەڵچوو. ھەموو ساڵێ کاتی دروێنەی گەنم ئەیبەمە ناو گەنمەکان، ئەگەر گوڵی گەنمەکان بەئەندازەی بەژنی نازەنینی بەرز بن، ئەو ساڵە داھاتمان باش ئەبێ. لەم دوورەوە بەرچاو ناکەوێ.

پرچی وەک تووی کاخڵی و ڕیشی گوڵە پێغەمبەرە زەردە. لارولەنجەی لە کەروێشکەی گەنم و جۆ جوانترە. دەنگی لە قاسپەی کەو دڵڕفێنترە.» کەمێک ڕوانی بۆم و کەمێک بەشەرم و دڵشکاوییەوە کوتی: «نا، سوودی نییە. وا دیارە تێناگەی ئەڵێم چی.» پاشان بێ ئەوە ھیچ بڵێ ھەستا و گورج و گۆڵ ڕووی کردە ھەورازی پشتی تەپکەکە. بیرم کردەوە، ئەمانە چەند دڵ ناسکن. چەند زوو ھۆگر ئەبن و چەند زوو سڵ ئەکەن. ئاخۆ بۆ ئێمە زۆر سەخت و دژوار نییە پردێک ھەڵبەستین بۆ ھاتوچۆی دڵی ئێمە و ئەوان؟! ئاخۆ ھەر قسەی زل نییە ئەوانە کە لە ھۆدەی پڕ لە دووکەڵی چغارە و پڕ لە کتێبی کۆمەڵناسیدا ئەیانڵێین؟!
تا حەوتەی داھاتوو بەخوای گەورەتان ئەسپێرین.
١٩٧٢/١٠

پەراوێز edit