ئاڵەکۆک

سوارە ئیلخانیزادە add_a_photo
سوارە تاپۆ و بوومەلێڵ
١٨. ئەرکی سەرشانی شاعیران و نووسەران
سەلام لە گوێگری بە ھەست و ھونەرپەرستی بەرنامەی تاپۆ. ئەم باسە کە وێژە شتێکی ڕاسپێری دارە و ئەبێ لە خزمەتی کۆمەڵا بێ، یان تەنیا ھونەری ڕووتە و کاری بەسەر کۆمەڵەوە نییە، زۆری قسە لەسەر کراوە. ھەندێک ئەڵێن ئەگەر ھونەر و وێژە کە ئەویش بەشێکە لە ھونەر، کاریان بەسەر کۆمەڵەوە نەبێ، بوونیان بێ سوودە. بەتایبەت لەم ڕادەیەش تێئەپەڕن و ئەڵێن ھیچ ڕووداوێک، ھیچ جووڵانەوە و ھیچ قسەیەک، تەنانەت ئەگەر لە نێو دوو کەسیشا بێتە گۆڕێ کار ئەکاتە سەر کۆمەڵ، بەڵام تەئسیری ئەو وتووێژە دوو کەسییە ئەوەندە کەمە کە بەرچاو ناکەوێ، بەڵام لە لێکدانەوەی دواییدا و پاش سەرنجێکی ورد و قووڵ دەرئەکەوێ کە ھیچ ڕووداوێک نییە کاری کەم یا زۆر بەکۆمەڵەوە نەدابێ. ئادەمیزاد ھەرچی ئەیکا و ھەرچی ئەیڵێ ڕاگەیەنی مەبەستێکە؛ ھیچ مەبەستێکیش نییە کۆمەڵایەتی نەبێ. لەگەڵ یەک دووانی ژن و شوویەک و قسەیەک کە لە نێوان دوو ڕێبواری نەناسراودا ئەکوترێ، پەیوەندی کۆمەڵایەتییان ھەیە و ناکرێ وەھا نەبن. ژن و شوو یا باسی دڵداری ئەکەن یا سەبارەت بەمناڵەکانیان ئەدوێن یا لە بارەی ھاوسێ و کار و کڕینی شتومەکی پێویستی ژیانیانەوە باس ئەکەن. دوو ڕێبوار کاتێ گەیشتنە یەک سڵاو ئەکەن، پرسیار لەیەک ئەکەن، ئەگەر ڕێگایان بەیەکەوە بێ ئەبن بەھاوڕێ، سڵاوکردن کارێکی کۆمەڵایەتییە. پرسیار کردن بۆ ڕوونبوونەوەی مەبەستێکی کۆمەڵایەتییە و ھاوڕێیەتیش ھەروەھا کۆمەڵایەتییە. بەشەر کاتێ لە ناو کۆمەڵا بێ ھیچ کارێکی، تەنانەت کارە تاکییەکانیشی ناتوانێ لە کۆمەڵا بێ تەئسیر بێ، بەڵام ئەو تەئسیرە گاھێ دژی کۆمەڵە و ئەبێتە ھۆی وەدواخستن و ڕاوەستاندنی کۆمەڵ، گاھێکیش تەئسیرەکە تەئسیری باشە و کۆمەڵ بەرەو پێش ئەبزوێنێ.

لە مانگی ئووتی ساڵی ١٩٦٣ی میلادییا، لەگەڵ بەسترانی پەیمانی جیھانی وەستاندنی تاقیکردنەوەی ئەتۆم کە لە مۆسکۆ پێکھات، کۆڕێک لە نووسەرانی ڕۆژاوایی و ڕۆژھەڵاتی لە شاری لینینگراد بەسترا و وتاری ئەو نووسەرانە سەبارەت بەوێژەی ئەمڕۆی جیھان، لە ھەموو شوێنێکا دەنگی داوە. لەم کۆڕەدا دوو بڕوا پێشان درا کە لە ڕاستییا ھەر کام ناوەڕۆکی یەکێ لە شێوە وێژەیییە گەورەکانی ئەمڕۆن: «ریئالیستی سووسیالیستی» کە ئەڵێ نووسەر لە بەرامبەر کۆمەڵا مەسئوولییەت و ڕاسپێری ھەیە و «ڕۆمانی نوێ» کە لای وایە نووسەر تەنیا لە بەرامبەر ھونەرەکەیدا ڕاسپێری دارە. «ئالێن روب گرییە» نووسەر و ھەڵسەنگێنەر و فیلمسازی بەناوبانگی فەرانسەیی لایەنگری ڕۆمانی نوێ لەو کۆڕەدا وتارێکی دا کە لە لایەن ئەبولحەسەن نەجەفی وەرگێڕی ئێرانییەوە کراوە بەفارسی و ئێمە ئەیکەین بەکوردی.

ئالێن روب گرییە لەو کۆڕەدا وتی:

- «ئێمە لێرە زۆر قسەی باشمان بیست بەڵام ناتوانم ئەوەم پێ سەیر نەبێ کە لە لایەن زیاتری ئەو وتاردەرانەوە کە خەڵکی شووڕەوی بوون ڕەخنەی زۆر توند و تیژ لەو کۆشش و کەند و کۆیانە گیرا کە وێژەی نوێ ئەیکا و ڕەخنەکان زۆر لەو ڕەخنانە ئەچوون کە لە کۆمەڵی بوورژوازی ڕۆژھەڵاتا لە ئێمەی ئەگرن. لێرەش ھەروەک ئەوێ، بێ کەڵکی و تێکوڵ پەسندی و فۆڕمالیسمی کارەکانمان لەسەر ئەکەن بەئیراد و بەوێژەکەمان ئەڵێن دواکەوتوو و دژی مرۆڤ. پرسیارێک کە لێمان ئەکرێ ئەمەیە: «بۆچی ئەنووسن، کارەکەتان کەڵکی چییە و خۆتان بە چ کارێکی ئەم کۆمەڵە دێن؟» بێ گومان ئەم پرسیارە پووچ و بێ مانایە. نووسەر و ھەروەھا ھونەرمەندی تریش ناتوانێ تێبگا، کارەکەی کەڵکی چییە و بەکاری چی دێ. وێژە بۆ ئەو ئەسبابی پاراستنی بیروبڕوایەک نییە. ئەڵێن ئێوە لاتان داوە لەو وەسیلە باشە کە ناوی ڕۆمانی سەدەی ١٩ بووە لە کاتێکا ئەو وەسیلە باشە ئێستەش ئەتوانێ دەردی جیھانی ئەمڕۆ چارە کا و خەڵک لە دەردەکانیان بگەیەنێ، ھەڵبەت ئەگەر دەردێک پێویست بێ چارە بکرێ و ئەگەر پێویستیش نەبوو لانی کەم دەرمانی کەموکووڕ، بەڵام باشتر بدۆزێتەوە. ھەمیشە پێمان ئەڵێن نووسەر ڕاسپێری دارە و ناچارمان ئەکەن بڵێین گاڵتەمان پێ ئەکەن و بڵێین کە ڕۆمان وەسیلە نییە و ڕەنگە بۆ کۆمەڵ ھیچ کەڵکێکی نەبێ.

نووسەر بێ گومان خاوەن ڕاسپێرییە، بەڵام وەک ڕاسپێری خەڵکی تر، نە کەمتر و نە زۆرتر. واتە ئەو یەکێکە لەو گەلە. لە وڵاتێکا، لە سەردەمێکا، لە ڕێکخراوێکی ئابوورییا و لە ناو داب و دەستوورێکی تایبەتی کۆمەڵایەتی و ئایینی و ڕێگا و شوێنی ترا ئەژی. ھەر ئەوەندەی کە ئازادە، ڕاسپێریشی لەسەرە. یەکێک لەو شتانە کە ئازادی ئەو بەربەست ئەکا، زۆرێکە کە کۆمەڵ بۆی ئەھێنێ بۆ ئەوە پێی بسەلمێنێ کە نووسەر ئەبێ بۆ کۆمەڵ بنووسێ، یا دژی کۆمەڵ بنووسێ، کە ھەردووکیان ڕاسپێرین. ئەم مەبەستە شتێکی زۆر سەرنج ڕاکێشە کە لە سەردەمی ئێمەدا ناویان ناوە «بێگانەبوون لە خۆ فقiھخفزiعش ڕووناکتر بڵێم نووسەریش وەک ھەموو ئەندامانی تری کۆمەڵ بەچارەڕەشی خەڵک خەمبارە، بەڵام پێچەوانەی ڕاستی و دروستییە ئەگەر لامان وابێ کە نووسەر بۆیە ئەنووسێ دەرمانی دەردێک بدۆزێتەوە. ئەو چیڕۆکنووسەی ئاڵمانی ڕۆژھەڵاتی کە لەم کۆڕەدا ڕایگەیاند کە داستان ئەنووسێ تا بتوانێ لەگەڵ فاشیسم شەڕ بکا، من ئەھێنێتە پێکەنین و زەحمەتە بڕوا بکەم ئەتوانێ؛ بەڵام بەختیاریم ئەمەیە کە ھەموو ئەزانین کە ئەویش نازانێ بۆچی ئەنووسێ و بیانوویەک کە بۆ پاکانەی خۆی ئەیھێنێتەوە بێ بایەخە.»

پاشماوەی ئەم وتارە کە «ئالێن روب گرییە» نووسەر و ھەڵسەنگێنەری وێژە و لایەنگری وێژەی نوێ لە ساڵی ١٩٦٣دا لە لینینگراد بڵاوی کردەوە، ئەھێڵینەوە بۆ بەرنامەیەکی تر و لە دوایی بەرنامەکەماندا کەمێک سەبارەت بەبڕوای لایەنگرانی «ڕۆمانی نوێ» ئەدوێین.

ڕۆمانی نوێ خەریکی دەرمانی دەرد و ڕاستکردنەوەی چەوتی کۆمەڵ نییە و ئەگەر نووسەری ڕۆمانی نوێ ددان بەوەدا بنێ ئەرکێکی لەسەر شانە، ئەو ئەرکە تەنیا سەبارەت بەھونەرەکەیەتی، ھەروەک «ئالێن روب گرییە» ئەڵێ نووسەریش وەک ئەندامانی تری کۆمەڵ بەدەرد و خەمی خەڵک پەرۆش و پەشێو ئەبێ، بەڵام ئەرکی سەرشانی ئەو لە خەڵکی ئاسایی زیاتر نییە و بۆ ئەوەش نانووسێ کە بەھۆی نووسینەکەیەوە دەردێک دەوا بکا و یا ڕێگای چارەیەک بۆ دەرد و کەسەری کۆمەڵ بدۆزێتەوە. لەم وتەیە دەرئەکەوێ کە بەلای ئەو تاقمەوە نووسەر لەبەرئەمە کە پێنووسی بەدەستەوەیە و خاوەنی ھونەرێکە، ڕاسپێرییەکی زۆرتری لە ئەندامانی ئاسایی بەئەستۆوە نییە، واتە ھونەرەکەی شتێکی تاکییە و دەورێکی لە ژیانی کۆمەڵا نییە. وەک «گرییە» ئەڵێ: وێژە بۆ نووسەر وەسیلەی پاراستنی بیروبڕوایەکی سیاسی و گشتی نییە.
ئێمە لە بەرنامەکانی پێشووا بڕوای ئەو کەسانەشمان بڵاو کردۆتەوە کە دژی بڕوای «گرییە»ی فەڕانسەیین و ئەڵێن ھونەرمەند ئەبێ ھونەر چەشنی چەکێک بۆ پاراستنی کۆمەڵ کەڵکی لێ وەربگرێ و ئەم مەبەستە شیاوی شاردنەوە نییە کە ھونەرمەند قسەی لە ناو کۆمەڵا ڕەوایە و لەبەرئەمە باشتر ئەتوانێ لە پێناوی بەختەوەری گشتییا خەبات بکا. لە بەرنامەی داھاتوودا لەسەر ئەم باسە ئەڕۆین.
١٩٧٢/١٠/٠٩

پەراوێز edit