ئاڵەکۆک

سوارە ئیلخانیزادە add_a_photo
سوارە تاپۆ و بوومەلێڵ
١٧. بیرەوەری
پاش چەند ساڵ ئەوم لە ئیستگەی قەتار چاو پێکەوتەوە. جانتایەکی بەدەستەوە بوو، ئەچوو بۆ شوێنی پلیت کڕین. ھەیکەلی وردیلانەی و ڕوومەتی لاوازی سەرنجی ڕائەکێشا؛ ئیتر مووی تەواو ماش و برینجی ببوو لە دوو لای ناوچاوانییەوە مووی سەری ھەڵوەریبوو. دەوروپشتی چاوی، گنجی ورد و باریک چەشنی نێزە ھێرشیان بۆ چاوی بردبوو، کە ئەتکوت شوێنی کێڵگەیە. کاتێ پێئەکەنی گنجەکانی دەوری چاوی قووڵتر ئەبوو و پیرتر ئەھاتە بەرچاو. وەک ماسییەک کە بکەوێتە سەر زیخی بەستێن، بێ ئارام بوو. لە مەیدانی ئیستگە بەپەلە ھاتوچۆی ئەکرد و لەگەڵ کابرایەکا قسەی ئەکرد. ئەم بزۆزی و نەسرەوتوویییە بۆ من نەناسراو نەبوو. ھاتەوە بیرم کە ھەمیشە زوو دانووی لەگەڵ خەڵکا ئەکوڵا. ھەر کەس قسەی لەگەڵ بکردایە، پاش چەند جار بۆ لای ئەکێشرا. لەگەڵ ھەر کەسێکا ئەبوو بەئاشنا، پێش ئەوە باش بیناسێ، دەستی ئەکرد بەدەردی دڵ. ئەیکوت: «خەریکم ھاوڕێیەک بدۆزمەوە و لەگەڵیا ھەڵێم.» ئەگەر کەسێک لێی بپرسییایە بۆ کوێ؟ خێرا تووڕە ئەبوو. ئەو ڕۆژە کە چاوم پێی کەوت لە خەیاڵا گەڕامەوە بۆ ڕابردوو. لە گەڕەکێکا ئەژیاین. ماڵیان نزیکی ماڵمان بوو. پاش نیوەڕۆیانە ئەمدی بەباوەشێ کتێبەوە لە ماڵ ئەچووە دەر؛ جار جارەش بەبەرگی حەسانەوەوە لە بەردەرگای ماڵەکەیان ئەوێستا و سەیری ھەراوھۆریای کووچەی ئەکرد. ئەو، لە بیرمە ئەو ڕۆژانەی زیندوو ئەکردەوە کە پڕ بوون لە شادی و بزووتن. ئەو ڕۆژانە کە لە ژێر دیرەکی چرای بەرقا کۆ ئەبووینەوە و لە ھەموو بابەتێکەوە ئەدواین و ئەو ڕواڵەتە کە لەسەر بیرم بەیادگار ھەڵکەنرابوون.

ئیسگەی قەتار قەرەباڵغ بوو، قەتارێک لە «خوڕەمشەھر»ەوە ھاتبوو، لەسەر پلیکانی ئیسگە ئادەمیزادی جۆربەجۆر و نەتەوەی جیاواز کەلوپەلیان بەباوەش و کۆڵ ھەڵگرتبوو. وەک شارە مێروو بەڕیز ئەچوونە سەر و لە ناو ھەرای شارا گوم ئەبوون، چەفتە و عەگال و مێزەری کوردی و تورکمانی؛ لاوەیی موو زەرد کە پرچیان بەسەر شانیانا ھاتبووە خوارەوە و کۆڵەپشتێکی گەورەیان بەپشتیانەوە شەتەک دابوو و شتی دەسکاری ئێرانیان بەقایشی پشت و پەتی کۆڵەپشتییەکەیانەوە ھەڵواسیبوو. بێ گومان ئەم گڵێنە و ئەستێوڵک و قرۆشکەیە کە بۆنی ڕۆژھەڵاتی کۆنی لێوە ئەھات لە وڵاتانی ئەوانا بەبایەخ بوون. مناڵی عەرەب کە کراسی سپی ئاودامێنیان لەبەرا بوو، بەم و بەولادا ڕایانئەکرد و لە ناو دەست و پێی گەشتیارانا ڕێگایان ئەدۆزییەوە لە گۆشەیەکا سەریان ھەڵئەدا. ئەو بەتامەزرۆیییەوە تەماشای یاری بێ خەیاڵانەی مناڵەکانی ئەکرد.

ئەو ھەمیشە مناڵی خۆش ئەویست. زۆر جار لێم بیستبوو ئەیکوت: «مناڵ ئەوەی باشە کە نازانێ فریودانی خەڵک چییە. خەڵک بەچاو ئەڕوانن، بەلێو پێئەکەنن و بەزار ئەدوێن، لە کاتێکا ئەو ھەموو ئەمانە بەدڵ ئەکا.» ھەمیشە قەرەباڵغی پێ خۆش بوو. کاتێ دەوروبەری پڕ ئەبوو لە دەنگ، کتێبە شیعرەکەی پێکەوە ئەنا و ئەیڕوانی. نیگای ئەتکوت شمقاڕێکی برسییە بەشوێن مەلێکا ئەگەڕێ ڕاوی کا. ھەر مەپرسە کە چەندە خۆشحاڵ ئەبوو کاتێ لەو ناو حەشیمەتەکەدا ناسیاوێکی ئەدۆزییەوە. ڕقی بوو لە تەنیایی و ئەگەر ھەواڵێک بەجێی بھێشتبایە، ھەتا ھەتا لە بیری نەدەچوو. لەبەرئەوە نەموێرا بچمە لای. زانیم ئەبم بەگەپجاڕی نیگای.

ئەو ھاوینە بێ ئەوەی بزانم یا بمەوێ، ئەو ئاواتە کە پیاو ھەڵوەدای خۆی ئەکا کێشابوومی بۆ ئەو شارە. شارێکی غەریب. زۆر ڕازی وای ھەیە کە پێت ناڵێ و ئەبێ خۆت ھەڵیھێنی. غەریبی زۆر شتت فێر ئەکا. یەکیان ئەمەیە کە بیر بکەیەوە و ڕێگا بدۆزیەوە، بێ ئەوە کەسێک ژێر باڵت بگرێ. غەریبی زیز و مۆن و بێ بەزەیییە، بەڵام فێرت ئەکا کە لەسەر پێی خۆت ڕاوەستی و پاڵ بەکەسێکی ترەوە نەدەی. منیش بەو نیازە چووبوومە ئەو شارە دوورە. ڕۆژێک سواری ماشێن ببووم و ڕۆشتبووم. بەسەر چەند شار و دێدا و ھەر کوتبووم نا، ھێشتا ماومە. ئێوارەیەک لەو شارە بچووکە دابەزیبووم کە دار و بەرد و شەقام و کێو و دەشتی بۆ من نەناسراو بوو. ڕاستی جار جار تەبیعەت یاری سەیر ئەکا و ڕوانگەی سەیر ئەخاتە بەرچاو. ئەو شەوە لە ھۆدەی میوانخانەکەما ڕاکشابووم و گوێم گرتبوو بۆ وتووێژی خەڵک کە بەبەر پەنجەرەی ھۆدەکەی منا تێئەپەڕین. ھەر دەنگێک ئەھات ئەمویست لەگەڵ دەنگێکی ئاشنا ھەڵیسەنگێنم. پێکەنینم ئەھات کە لەو شارە دوورە بەشوێن دەنگی ئاشنادا ئەگەڕێم، بەڵام ھەر چیم ئەکرد ئەم نیازەم لە ھەناوم پێ دەرنەدەکرا. لەپڕ دەرگا کراوە و ھەیکەلی لاوێکی لاواز خزییە ناو ھۆدەکەوە و لەسەر تەختەکەی بەرامبەرم درێژ بوو. بێ ئەوە بۆم بڕوانێ لە کاتێکا جلوبەرگەکەی دائەکەند کوتی: «لە کوێوە ھاتووی؟» دەنگی وەک دڵۆپەی وردە باران لە زەوی دەم وشکی تاسەباریم چووە خوارەوە. ماوەیەک گێژ بووم. لام وابوو لە بیرەکەی پێشووما کە دەنگی ڕێبوارانی ناو کۆڵانم ئەپشکنی بۆ دۆزینەوەی دەنگی ئاشنا، ئەوەندە چوومە پێشەوە کە لێم بووە بەڕاستی. لام وابوو خەو ئەبینم. بێ گومان پڕشنگی نیوە ڕەنگی چرای ھۆدەکە ماوەی نەئەدا بزڕکانی ڕەنگم بەدی بکا. لای وابوو گوێم لە پرسیارەکەی نەبووە. کەمێک بەرزتر کوتی: «لە کوێوە ھاتووی؟» بەدوودڵییەوە کوتم: «فەرھاد!؟» کوتی: «بەڵێ!» بەڵام پاشان سەری ھەڵبڕی و ورد بەسەرتاپای منی ڕوانی. - «تۆ لێرە چی ئەکەی؟» کوتم: «نازانم.» وەک مناڵێک کە ئەسبابی یاری لێ گوم بێ و لەپڕ بیدۆزێتەوە، شادی بەھەموو لەشیا گەڕا و کوتی: «تۆش ڕاتکردووە؟» نەموێرا بڵێم لە دەس چی، چونکە ئەمزانی تووڕە ئەبێ و ئیتر نامدوێنێ. کوتم: «بەڵێ چەشنە ڕاکردنێک.» کوتی: «ئافەرین کوڕی باش» و ھەستا لە بەرپەنجەرەکە کاسەیەکی ھێنا کە کەمێکی ئاو تێدا بوو. - «بڕوانە ئەم ئاوە لە دوێشەوەوە لەم بلوورەدا قەتیس ماوە، بڕوانە خەریکە لێڵ ئەبێ. ئادەمیزادیش وەھایە. زۆر لە جێگایەکا بمێنێتەوە ئەگنخی.» کوتم: «لێرە کار پەیدا ئەبێ؟» کوتی: «خەڵک لە ھەموو شوێنێک وەک یەک وان. ئەیانەوێ بژین و بۆ ژیان کار پێویستە. من لێرە کار ئەکەم. لەگەڵ کارەکەما ئەڕوانم، ھەر کات تۆزی کۆنی بەسەر ئەم شارەوە بنیشێ لێی ئەڕۆم، بەڵام ئێستە درەنگە، با بخەوین.»

بەیانی کاتێ ھەستام لە جێگاکەیا نەمابوو. پەڕاوە شیعرەکەی کە مابۆوە بەدەستمەوە گرت. چەن دێڕ لە حاشیەکەی نووسرابوو. خەتی فەرھادم ناسییەوە نووسیبووی: «ھەموو شت جوانە بەڵام نەک تا سەر. تەنیا یەک شتە کە ھەمیشە تازەیە، کار، کار کە جگە لە ژیان مانایەکی تری نییە. ژیانی بێ کار وەک ڕۆژی بێ بەیان، وەک قەسیدەی بێ تەغەززول، وەک ھەمیشە لە جێگایەکا مانەوە وەھایە!»

لە یادم نییە چەند مانگ لەو شارە بچووکە ماینەوە، بەڵام باشم لە بیرە کە فەرھاد ھەرگیز پێی لەسەر زەوی نەبوو. ھەمیشە ئەتکوت میوانێکی بەپەلەیە کە ھەلی گیر کەوتووە لە نەخۆشێک بپرسێ. لە بەردەرگاوە دائەنیشت. لە ڕۆژ بەپەلە بوو کە ببێتە شەو و بەشەوا بۆ ھاتنی ڕۆژ چاوی ئەبڕییە پەنجەرەکە، شەبەقی بەیان لێڵایی لەسەر لابدا...
تا حەوتەیەکی تر بەخواتان ئەسپێرین.
١٩٧٢/١٠/٠٧

پەراوێز edit