ئاڵەکۆک

سوارە ئیلخانیزادە add_a_photo
سوارە تاپۆ و بوومەلێڵ
١٤. ھونەرمەند ئەندازیاری کۆشکی ئاواتی گەلە
سەلام لە گوێگری بە ھەست و ھونەرپەرستی بەرنامەی تاپۆ.

تا ئەمڕۆ سەبارەت بەھونەر و ھونەرمەندی زۆر قسە کراوە و بەسەدان سیپارە و پەڕاو لە بارەی ھونەرا نووسراوە و ھەر نووسەر و لێکۆڵەرێک ویستوویەتی لە ڕوانگەی خۆیەوە سەیری ھونەر بکا، بەڵام ھەروەک شاعیری فارس ئەڵێ:
یک نکته بیش نیست غم عشق و این عجب
از هر زبان که می شنوم نامکرر است

باسی ھونەریش ھەر یەک باسە، ھەر باسی جوانی و شکۆیە، بەڵام ھەرکەس بەچەشنێ بەتانوپۆی ھونەرا ئەچێ و لە ڕوانگەی تایبەتی خۆیەوە ئەڕوانێتە سەر جیھانی بژوێن و ھەمیشە بەھاری ھونەر. ئەڵێی ھونەر کۆشکێکی بەرزە بەھەزار پەنجەرەوە کە ھەر کام لەو پەنجەرانە بەرەو جیھانێکی جیاواز ئەکرێتەوە. جیھانێک بەجەنگەڵێکی کاتی پاییزەوە کە گەڵاڕێزان ڕووی تێ کردووە و بەلوورەی ھەر کزەبایەک، گەڵایەک بەسەمای مەرگەوە بەرەو زەوی شۆڕ ئەبێتەوە. جیھانێک بەدەشتێکی بە گوڵ خەمڵیوەوە کە ھەتا چاو بڕ ئەکا سەوز و سوور ئەکاتەوە، ئەڵێی دەشت کلکی تاوسە و چەتری ئەنگاوتووە و سەری ئەو تاوسەش چیایەکی بەرزە کە بەشانازییەوە بەرەو خۆرەتاو ھەڵچووە.

بەڵێ ھونەر ئەمەیە؛ بەڵام دیتنی ئەو جیھانە بۆ ھەموو کەس دەس نادا، لە ڕاستییا جیھانی ھونەر لە گیان و ھەستی ھونەرمەندا خۆی ئەنوێنێ و ھەناوێکی ساف و بێ گەردی گەرەکە تا ببێتە ئاوێنەی ھەستی ھونەرمەندانە و ئەو جوانییانە کە لەبەر وردی و ناسکی بەرچاوی خەڵکی ئاسایی نایەن لەو ئاوێنەدا دەرکەون؛ لەگەڵ ئەوەشا ھونەرمەند چێشکەیەکی پاراوی ھەیە، ھەر ئادەمیزادە و خاوەنی ھەموو ھێز و ھەستێکی ئادەمیزادییە، ھونەرمەند بەزرێی ھونەر لەشی نەبۆتە پۆڵا. شکست و سەرکەوتی ھەیە، وەک خەڵکی تر تەنانەت شکستی لە خەڵک تاڵترە و سەرکەوتی شیرینترە. ھونەرمەند بێ ئەوین ناژی، وەک ماسی بێ ئاو ھەڵناکا جا ئەو ئەوینە چ ئافرەت بێ، چ تەبیعەت، چ شتی شکۆداری تر، بەڵام ھونەرمەندی بەڕاستی ناتوانێ تەریک بێ لە کۆمەڵ. گریانی کۆمەڵ فرمێسک دێنێتە سەر چاوی و پێکەنینی خەڵک لێوی ئەکاتە گوڵزاری ھەزاران خونچەی تازە پشکوتوو. لاپەڕەی سپی ھەناوی وەک ئاوێنە بەھەناسەیەک لێڵ ئەبێ و حەریری سپی ھەستی بەھەموو پەڵەیەک ئەشەمزێ، جا لەبەرئەمەیە کاتێ جیھان بەدڵی ئەو نەسووڕا، ئەکەوێتە پەلەقاژە، تەنگاوتیلکە ئەبێ و لێرەدایە کە ڕێگای شاعیران لەیەک جیا ئەبێتەوە.

ھەندێ بەدیتنی یەکەم ناحەزی و تووشبوونی یەکەم شکست ھەست ئەکەن ئیتر ھەموو شت دوایی ھاتووە و لەبەرئەوە کە ھەست بەبێ ھێزی ئەکا دێتە سەر ئەو بڕوایە کە لە وزەیدا نییە بەگژ ناحەزی و ناباری ژیاندا بچێ و ناشتوانێ بێ دەنگ دابنیشێ و ھیچ نەڵێ، یا ھۆگری ڕەشی و تاڵی و دزێوی بێ، خۆی کەنار ئەگرێ و خۆی ئەدزێتەوە و گۆشەگیری ئەکاتە پیشە، تا بەواتەی خۆی لانی کەم ئەو لەم بازاڕە شێواوەی ژیانەدا سەرگەردان نەبێ و بەشێک لەو ناحەزییانە نەگرێتە ئەستۆ. ھەندێکی تریش کاتێ چاویان بەناحەزی و ئاڵۆزی ژیان کەوت لێ ئەبڕێن بەرەنگاری ناباری بوەستن و تا پێیان ئەکرێ بەرگری بکەن و ھەوڵ بدەن بۆ پاراستنی جوانی و باشی، لە ڕاستییا ھەردووکیان یانی ھەم دەستەی یەکەم کە ھیوا بڕاوە و ھەم تاقمی دووھەم کە لە تێکۆشاندایە ئەناڵێنن. یەکەمیان شینی مردوویەک ئەگێڕێ کە ئیتر بەھیچ بارێک ھیوای زیندووبوونەوەی نییە، دووھەمیان ھاوار ئەکا بۆ ڕزگارکردنی نەخۆشێک کە ھێشتا زیندووە و ئەکرێ بەداو و دەرمان چاری بکرێ و ببێتەوە ئادەمیزادێکی ساغ و لەش دروست.

شاعیر لەگەڵ خەڵکی ئاسایییا تەنیا جیاوازی لەوەدا نییە کە جادووگەری بەدەسەڵاتی ھەرێمی وتارە و ئەتوانێ بەتەڕدەستی و پسپۆڕی گەوھەری وشە بھۆنێتەوە، بەڵکو گەورەترین جیاوازی ئەمەیە کە شاعیر بەھەستی تیژ و چاوی وردبینەوە زووتر ھەست بەمەبەستی ژیان ئەکا و ئەزانێ کام کۆسپ و قۆرت و گرێ دێتە سەر ڕێگا. شاعیر نابێتە شاعیر تا لە پێش ھەموو شتێکا نەبێتە کۆمەڵناس، نەبێتە نوێنگەی ئاواتی سبەینێی کۆمەڵ و مەکۆی زانیاری دوێنێی کۆمەڵ.

شاعیر بەتایبەت شاعیری ئەمڕۆکە ئیتر کۆت و بەندی پێدا ھەڵکوتن و شاباش وەرگرتن لە دەوری دەست و گەردنی نەماوە، ئەبێ سەربەخۆ بێ لە بیرکردنەوە و ھەستییا، لە لێکۆڵینەوە و لێکدانەوەیا. تا دوێنێ شاعیر ناچار بوو بۆ ژیان بە کەسێک ھەڵبڵێ و بەشوێن کەسێکا بڕوا کە زۆر لە ھونەر بێ بەش بوو، ھەڵبەت ھەبوون شاعیرانی گەورەی وەک «ناسر خوسرەو» و «ئەبولعەلا» و «ئەحمەدی خانی» کە گەوھەری وشەیان نەدەخستە بەرپێی ڕێزنەگر و قەدرنەناسان، بەڵام ئەو شاعیرانە لە کەمایەتیدا بوون لەو کاتەدا، بەڵام ئەمڕۆ شاعیر ئامانجێکی تازەی دۆزیوەتەوە و ڕاسپێرییەکی نوێی کەوتۆتە سەر شان. ڕاسپێری بۆ خەڵک ژیان و لە پێناوی مرۆڤایەتییا مردن؛ شاعیری ئەمڕۆ ئەبێ شارەزا بێ بەم ڕاستەقینەیە کە ھەزارەھا گوێگر بەتاسەوە گوێیان لە وتاری ئەو گرتووە و شاعیر ناچارە لە ئاسایی بەرزتر بێتەوە، لە ھەموو تێکۆشانێکا ھەنگاوی یەکەم ئەو ھەڵیگرێ، ھەڵبەت ئەم ڕاسپێرییە ھی گشت ئەو کەسانەیە کە بەچەشنێ ئەبنە جێگای چاولێکردنی خەڵک و قسە و کردەوەیان لە ناو خەڵکا لایەنگری ھەیە و ڕەوایە.

ھونەرمەند ئەندازیاری کۆشکی ئاواتی بەیانی کۆمەڵە؛ ڕچەشکێن و ھاندەر و ڕێ پیشاندەرە؛ شاعیریش کە ھونەرمەندی ھەرێمی وتارە، ڕازێنەرەوەی جیھانێکە کە ئەبێ کۆمەڵ بەرەو ئەو جیھانە بڕوا. خەڵکی ئاسایی بەکەنار ھەزار دزێوی و ناحەزییا بێ ئەوە سەرنج بدەن و ئەو ناحەزییانە ھەست بکەن تێئەپەڕن، تەنیا شاعیرەکە ئەتوانێ گاھێ بەھەڕەشەی وشەی ترسێنەر و گاھێکیش بەھیوا بزواندن و وتاری ئاگرین خەڵک تێبگەیێنێ کە ئەوەی وا بێ دەربەست بەپەنایا ڕائەبوورن نابارییەکە کە تازە خەریکی ڕیشاژۆ و سەرھەڵدانە و ئەگەر بژار نەکرێ بەیانی ئەبێتە کۆسپێکی پڕ مەترسی.

شاعیر نییە ئەو کەسە وا وشە لیزگە ئەکا. ئەو کەسە ھەڵبەستەچییە نەک شاعیر؛ شاعیر تا دەردێکی نەبێ، تا بڕوایەک لە دەروونیا نەبێ ھەوێن و شەپۆل نەدا، شیعر ناڵێ؛ کاتێ دەرد ئەوەندە زۆر بوو کە ئیتر دڵ و سینگ و ھەناو ھەڵی نەگرت، سەرڕێژ ئەکا. ئەم سێڵاوە کە لە کۆبوونەوەی ھەزاران سەرڕێژی بەربەندی دەرد پێک دێ، مەزرای ھەژار و جووتیار ئەگەشێنێتەوە و ماڵی چەوسێنەرەوە خاپوور ئەکا؛ بێ گومان ھەر دڵێ کە دەردی ھەبێ ئەناڵێنێ، ھەر زمانێ کە بڵێسەی بەتینی دڵی تێ بەربێ دێتە وتار و ھەر وتارێ لە ناخی دڵی بەدەردەوە ھەستێ، ئەنیشێتە سەر دڵی خەڵک. «لانگ فلو» شاعیری ئەمریکایی ئەڵێ: ڕۆژێک تیرێک لە کەوانێک دەرچوو بەرەو فەزای بێ بن، ھیچ چاوێک نەیدی تیرەکە لە کوێ کەوتە خوارەوە، پاش ماوەیەک تیرەکەیان دۆزییەوە کە لە دارێکی بەڕوو ھەڵچەقی بوو، چونکە تیرەکە لە داری بەڕوو بوو؛ ڕۆژێک من ئاوازێکم لە ژێر لێوەوە زەمزەمە ئەکرد، ئاوازەکەم نیوە تەواو مایەوە، پاش ماوەیەک ھەر ئەو ئاوازەم لە دەمی دۆستێک بیست لەو جێگایەوە کە من نیوە تەواوم ھێشتبۆوە...

وتارێ کە ڕاستی و جوانی بنوێنێ بێ گومان لەسەر کۆمەڵ کار ئەکا. کە وەھایە بۆ ناسینی شاعیر لە پێشا بزانە کێ شیعری ئەخوێنێتەوە.
تا بەرنامەی داھاتوو بە خواتان ئەسپێرین. شەو باش.
١٩٧٢/٠٩/١١

پەراوێز edit