ئاڵەکۆک

سوارە ئیلخانیزادە add_a_photo
سەلامێکی گەرموگوڕ و پڕ بەدڵ پێشکەش بەگوێگری ھۆگری ھونەر و بیستیاری ھەستیاری بەرنامەی تاپۆ. تکایە لە سەرەتای بەرنامەکەماندا گوێ بگرن بۆ پارچە شیعرێک لە شوێنەواری نووسەری بەرنامەکە:

گوڵم! دڵم پڕە لە دەرد و کوڵ
دەڵێم بڕۆم لە شارەکەت
دەڵێم بەجامێ ئاوی کانیاوی دێیەکەم
عەلاجی کەم
کوڵی دڵی پڕم، لە دەردی ئینتزارەکەت!
وەڕەز بوو گیانی من لە شار و ھاڕەھاڕەی ئەو
لە ڕۆژی چڵکنی نەخۆش و تاو و یاوی شەو
دەڵێم بڕۆم لە شارەکەت
لە شاری چاو لەبەر چرای نێئۆن شەوارەکەت
بڕۆمە دێ کە مانگەشەو بزێتە ناو بزەم
چلۆن بژیم لە شارەکەت کە پڕ بەدڵ دژی گزەم.
لە شارەکەت کە ڕەمزی ئاسن و منارەیە
مەلی ئەوین غەوارەیە؛
دەڵێی لە دەوری دەست و پێم
ئەوەی کە تێل و تان و رایەڵە، کەلەپچەیە
ئەوەی کە پەیکەرە میسالی داوەڵە
ئەوەی کە دارەتێلە مەزھەری قەنارەیە!
لە شارەکەت کەمەندی دووکەڵە
کە دێتە دەر لە ماڵی دەوڵەمەند
وە تیشکی بێ گوناھی خۆرەتاو ئەخاتە بەند!
لە ھەر شەقام و کووچەیەک شەپۆلی شینە دێ بەرەو دڵم
دەستی گەرمی ئاشنا نییە کە ئەیکوشم
دەستی چێوییە!
لە شارەکەت زەلیلە شێر،
باوی ڕێوییە!
بەھەر نیگایەک و پەتایەکە!
ئەڵێم بڕۆم لە شارەکەت گوڵم!
گوڵم ھەرێمی زۆنگ و زەل
چلۆن ئەبێتە جاڕە گوڵ؟
لە شاری تۆ
لە بانی عەڕشە قۆندەرەی دراو
شارەکەت، ئاسکە جوانەکەم
تەسکە بۆ ئەوین و بۆ خەفەت ھەراو!
کێ لە شاری تۆ، لە شاری قاتڵی ھەژار
گوێ ئەداتە ئایەتی پەڕاوی دڵ؟
منێ کە گۆچی تاوی گەرمی بەر دەوارەکەی عەشیرەتم
بەدارە تەرمی کووچە تەنگەکانی شارەکەت
ڕانەھاتووە لەشم!
بناری پڕ بەھاری دێ
ڕەنگی سوور و شین ئەدا لە شیعر و عاتیفەی گەشم!

لاوێکی دێھاتی کە بەیانی ڕەنگاوڕەنگی بەھارانەی ھەواری چیای بەرزی دیوە و ھەمیشە چاوی بەڕوانگەی بەرین و ڕاخراوی دەشتی بەگوڵ و گیا خەمڵیو ڕاھاتووە، دێتە شار. کۆڵانی تەنگ و درێژ وەک تابووت لەشی ئازادی ئەو لاوە ئەگوشێ. ھەزاران بەندی ڕەسم و یاسا لە دەوری دەست و پێی ھۆگری ڕزگاری ئەو ئەبێتە کەلەپچە. ڕوانینی شار جیاوازی ھەیە لەگەڵ نیگای مێھرەبانی دێ. لە شار ژیان چەشنی پیاز، ھەموو تێکوڵە و کاکڵی نییە. ڕواڵەتی ژیان ڕازاوە و شکۆدار، بەڵام ڕەنگی ئەو ژیانە ڕەنگی دەسکرە. ھەروەک ڕەنگێ کە لێو و گۆنای ئافرەتی شار سوور ئەکا. بەڵام لە دێ، ھەموو شت سروشتییە. تەنانەت سوورایی نیوە ڕەنگی لێوی بزەتێزاوی کچێ کە لە ژێر گەرمای ڕوانینی لاوێکی ئەویندارا شەونمی شەرم ئەکەوێتە سەر گوڵی گۆنای و خوێنی ھەستی پاکی کچانە بەپێستی نەرمی دەموچاویا ئەگەڕێ، ڕەنگێکی سروشتییە. لاوی دێ نشین بەھەزار ھەودای ئاوریشمین بەڕابردووی خۆیەوە بەستراوە، فێر نەبووە کۆشکی دە نەھۆمی سەر لە ئاسمان ببینێ و بۆ ئەوە تەماشای بکا کڵاوی سەری بەربێتەوە. لە دێ خانووبەرەی لار و کۆمی دیوە بەڵام ھەنگاوی لاری لە ڕێگا لادەری نەدیوە...

لەو حاڵەدا دڵی ئەدا بەکچێک کە وەک گوڵی لەیلووپەڕی ئاوی لە ناو زەلکاوی شارا پشکوتووە. دوو ھێزی کێشەر بۆ دوو لای جیاوازی ئەکێشن؛ ھێزی ئەوین فەرمانی مانەوەی ئەداتێ لە شارێکا کە چەشنی پێڵاوی تەنگ پێی ڕێبواری ئەوین ئازار ئەدا و ھێزی دەرچوون و ڕزگاربوون لە کەمەندی دووکەڵ و دراو و گەڕانەوەی بۆ دێ و دیسانەوە دەستەملانبوونەوەی بیرەوەری خەیاڵ ورووژێنی ھەست بزوێنی سەردەمی مناڵی و گەنجی لە لادێ و ئەم شیعرانە ئاکامی بەرەنگاری ئەو دوو ھێزەن لە ھەناوی لاوەکەدا و ئەبینین کە تەنانەت زنجیرەی زێڕینی ئەوینیش پێی ڕەوەکی لاوەکە نابەستێ و ئەچێتەوە دێ کە ڕەنگی سوور و شینی بەھاری بنار لە عاتیفەی گەشی بدا.
تا بەرنامەی داھاتوو خواتان لەگەڵ
١٩٧٢/٠٩/٠٦

پەراوێز edit