ئاڵەکۆک

سوارە ئیلخانیزادە add_a_photo
- تۆ ئاخری ئەو کوڕانەی من بە کوشت دەدەی دەستت داوەتە کارێکی پڕ مەترسی، ئێوە بەو چەند سەد کەسە چۆن ئەتوانن ئەژدیھاک شکست بدەن، پیاوی چاک بە دەست لەم کارە ھەڵگرە.

- خێزانی داوێن پاک و بە وەفام تۆ چەشنێک قسە ئەکەی ئەڵێی لە بیرت چۆتەوە کە ئێمە کاردۆکین، ئاریزانین گۆیا ئەم ھەموو خوێنە ئاڵە کە ئەڕژێ، ئەم سەرە بێ تاوانانە کە ئەچنە ژێر تیغی جەللاد ھەستی تۆڵە لەتۆدا ھەڵناسەنگێنێ! ؟ فەرا- مۆشت کردووە کە ئەم کوژراوانە برا و خوشکی ئێمە بوون، ڕۆڵەی شیرینمان بوون، ئەگەر ھەموو کەس ھەر پاسی ماڵی خۆی بکا و مناڵەکانی خۆی بپارێزێ، ئەی کێ ھەستێ؟ چ کەسێ ئاڵای سەرنەوی جەمشید بەدەستەوە گرێ! ؟ ... نا... نا خێزانی من کاردۆک چ ژن بێ و چ پیاو نابێ بەم چەشنە بدوێ.

- ھ- ھا- سەلام بابە.

- ھا - دروود.

- دروود کوڕە خۆشەویستەکانم دروود.

- ئاھ... ڕۆڵە شیرینەکانم، نیگەران بووم ئەوە لەکوێ بوون! ؟

- ھ... ھا... دایە گیان ئەترسای لە کووچە و کۆڵانی شارا گوم بووین ھا... ؟

- نا کوڕی من دایکت لەوە ناترسێ! ئەزانێ کە ئێستا شاری ئێمە و وڵاتی ئێمە بۆنی خوێن دایگرتووە، لە ھەموو لایەکی لوورەی چەقڵ و کەمتیار بەرز بۆتەوە. ئەم دڕندانە بۆنی خوێن شێتی کردوون

- شێر ھەرگیز نابێتە نێچیری چەقڵ و ڕێوی بابە گیان.

- ئافەرین کوڕم ئافەرین، بەڵێ ئێوە شێرن، شێری چیای کالیدی، ئاھوڕامەزدا پشت و پەناتان بێ.

- ھا... ھ... دایکم ھێندە ترسنۆکە کە ئەمن ھەر کات دێمەوە ماڵێ ئەترسم و لە دڵی خۆما ئەڵێم ئەژدیھاک ھەر خاوەنی دەسەڵات ئەبێ، بەڵام کاردۆ شتێکیتر ئەڵێ، ئەو لای وایە لە شەڕی دواییدا ڕۆژ بەسەر شەوا زاڵ ئەبێ.

- بەڵام تا ئەو کاتە ھەزار دایک لەسەر تەرمی ڕۆڵەی خۆیان دائەنیشن، ھەزار دەریا لە خوێن و ئەسرین پێک دێ، من نازانم شەڕی دوایی کەیییە؟

- تا ئادەمیزاد ھەیە، تا ئەھورای نەمر و ئەھریمەنی بێ دادگەر زیندوون ئەم شەڕەش درێژەی ھەیە، ژیان بناغەی لەسەر شەڕی چاکە و خراپە دانراوە.

- ئاھ... ئەمن ئەو قسەیەم لە موبیدی گەورەش بیستووە بابە گیان.

- ئەم وتارە بەرزە ھی زەردەشتە، زەردەشتی کاردۆک.

- بابە من ھەواڵێکم ھێناوە، ئەگەر چی زۆریش جێگای بڕوانییە بەڵام گێڕانەوەی باشترە.

- بڵێ کوڕم بڵێ بزانم ھەواڵەکەت چییە؟

- باشترە بەتەنیا بین بابە گیان.

- باشە کوڕم، بڕۆین ئەبێ سەرێک لە کارگەی ئاسنگەریەکەشم بدەم چەند ئەندامی تازەمان ھاتوون کە ئەبێ چەکیان بۆ دروست کەم، بڕۆین.

- ئەمنیش لەلای دایکم ئەمێنمەوە و داوای لێ دەکەم کە چیڕۆکێکی جوان و سەرنج ڕاکێشی دەورانی جەمشیدم بۆ بگێڕێتەوە.

- زۆر باشە کوڕم.
***

- دەی کوڕم ئێستا بەتەنیاین بڵێ بزانم ھەواڵ چییە! ؟

- ڕامھۆت لەبیر ماوە بابە گیان! ؟

- ھا-... بەڵێ بەڵێ ئەو کچە کە ھەواڵی نەخۆشی ئەژدیھاکی ھێنا... بەڵێ! ؟

- بەڵێ گەورەم، ئەو لە کۆشکی ئەژدیھاکا کارئەکا، ئاگای لە ھەموو ھەواڵ و باسێک ھەیە.

- بوونی ئەو لەوێ بۆ ئێمە زۆر گرنگە کوڕم، بەڵام...

- ھەواڵی ئەمجارەی ڕامھۆ جێی باوەڕنییە ئەو ئەڵێ کە شەیتان لەناو کۆشکی ئەژدیھاکدا ئەژی! و ھەر ئەویش بۆتە ھۆی چاک بوونەوەی ئەژدیھاک، ئەڵێ کە ئەم قسەی لە ئاشام بیستووە، قوربان.

- ئاشام! ئاشام ئەو خۆی لە ئیبلیس خراپترە، شەیتان ھەمیشە کاری خراپە کردنە بەڵام ئاشام ئێرانییە، خۆی بە ئەژدیھاک فرۆشتووە، ئاخ ئەگەر بکەوێتە بەردەستم سوێند بە ئەھوڕاموزدا بەبزەیی ئەیکوژم.

- ئاھ... ئەی ھاوار...

- بابە... بابە چاوت لێیە ئەو پیاو کوژانە چی ئەکەن! ؟

- ئاھ- بەڵێ کوڕم چاوم لێیە.

- ئەمن خۆم پێ ڕاناگیرێ، ئەبێ تەمبێیان بکەم.

- لەسەرەخۆبە کوڕم، ئێمە کاری گەورەترمان لە پێشە.

- بۆنم ناکرێ بابە، ناکرێ ئەوە ئەمن ڕۆیشتم.

... ئەھای پیاو کوژینە ئێوە ناوێرن پێش بە پیاو بگرن. ڕێ بەم ئافرەتە بێ دەسەڵاتە ئەگرن! ھا... ناپیاوینە؟

-... بە تۆ چی؟ ئەتۆ کێی... ؟

- ئەگەر پیاون دەمتان ببەستن و، باسکتان بخەنە کار! ؟ ... تق... شەق... ھا

ئەمە بۆتۆ... بگرە ناپیاو ئەمەش ئی تۆ..... . کچی باش بڵێ بزانم ئازارێکت پێ نەگەیشتووە؟

- ئاخ... نا... باش بوو زوو گەیشتیە فریام ئەم پیاوکوژانە پاش ئەوەی ماڵە باوکمیان سووتاند دایکم و باوکمیان کوشت و منیشیان بەزۆر لەگەڵ خۆیان ھێنا... ھ...

- ئەی پەستی بێ شەرمانە، حەیف زۆریان کرد... بڵێ بزانم ناوت چییە؟

- ناوم میترایە، کچی ئابراداتاسم.

- ئابراداتاس؟ وەزیری جەمشید! ئاھ ئەی ئەھۆرای مەزن، ئابراداتاس کوژرا.

- بەڵێ لاوی قارەمان باوکم بەدەست ئەم خوێن مژانە کوژرا، کاتێ دەمرد تەنیا ئامۆژگاری بۆ من ئەمە بوو کە بێمە لای کاوە و داوای لێ بکەم تۆڵەی خوێنی ئەو بکاتەوە.

- ئاھ... حەیف بۆ ئابراداتاس، من ناوم کاردۆیە کوڕی کاوەم، باوکیشم لێرەیە، وەرە وەرە بابچینە لای دڵنیام وەک کچی خۆی ئاگای لێت دەبێ.

- سپاست دەکەم کاردۆ
***

- ئەم کاردۆکانە لە ڕادەبەدەر سەربزێو بوون ئێوەش بەم ھەموو سپا و لەشکرەوە چارەیان ناکەن، ئەمن نازانم ئێوە بە کاری چی دێن! ؟

ئەگەر ئەمڕۆ ھەموویان لە بەین نەبەن ھەمووتان ئەکوژم، بۆ من تەنیا خوێن ڕشتن گرنگە، چ خوێنی ئێوە بێ کە دەست و پێوەندی منن، چ خوێنی دوژمنەکانم بێ.

- قوربان ئێمە تاوانێکمان نییە، ھەرچی پێویست بووە کردوومانە، بەڵام تا ئێستا بۆمان دەرنەکەوتووە ئەو کەسەی کە ھێرشی بردۆتە سەر سەربازەکان و دووکەسی لێ کوشتوون و کچەکەی ئابراداتاسی ڕزگار کردووە کێ بووە؟

- تۆ خەرەفاوی ئاشام، بۆ مەگەر پێویستە ھەر ئەو کەسە کە سەربازەکانی منی کوشتووە بە سزای خۆی بگا! ؟ نا... بکوژن بێ جیاوازی، بێ ئەوە کە لە تاوانکار و بێ تاوان بپرسن، ئەگەر ھەرچی کاردۆکە بکوژرێ ئەو کەسەشیان لەناو دایە، بۆ من تەنیا کوشتار گرنگە، ئەم سەری سەد جارەیە کە ئەڵێم دڵی من تەنیا بە خوێن ڕشتن فێنک ئەبێتەوە ئێستا ئیتر بڕۆن... بڕۆن... ئیتر...
***

- ھ. بڕوانە میترا بە دەستی ڕاستت ژێی کەوانەکە بگرە، ھا- تیرەکەش بگرە بڕوانە وەکو من، چاوت لێیە، ئەمجارە دەستی چەپت... ئاوا بیگرە دەی... ھا... ئافەرین... ئەم جارە دەستی ڕاستت بە ژێی کەوانەکەوە بکێشە ھەتا ئەتوانی... ھا... دەی ئافەرین... ئافەرین کچی ئابراداتاس... باش ئەچیتە پێشەوە... دڵنیام سینگی پیاوانی ئەژدیھاک لەم دارە ڕەقتر نیە، بڕوانە پێکانی تیرەکەت لێی چووەتە خوارەوە.

- فەراز ئەمە تۆی کە مامۆستای چاکی و باشم فێر ئەکەی.

- ھا... بڕوانە باوکم چ زەرێیەکی بۆ درو وست کردووە، پڕ بە بەری خۆیەتی... ڕاستی میترا تۆ تەنانەت لە بەرگی ئاسنیشا ھەر جوانی!

- ھا... فەراز بۆ ئێمە قسەکردن لە جوانی پووچە، ئێمە سەرتاسەری ژیانمان ناحەزی و تاڵییە.

- ھ... ھا... ھ... نا میترا بە ھەڵە چووی نا ئەھۆڕاموزدا ھەیە جوانی و جوانیش ھەیە بەڵام ھەروەک ڕۆژ جاروبار ئەکەوێتە ژێر پەڵە ھەورێکەوە، کاتێکی واش ھەیە کە جوانی لە ژێر خاکا پەژارئەدا و دائەپۆشرێ، ئایا لەو کاتەدا ئێمە ناتوانین بڵێین کە خۆرەتاو ھەرماوە، ئایا ڕەوایە لە ھاتنەدەری ھەتاو ناھومێد بین-؟ ... نا میترا... نا دەسەڵاتی جوانی بۆ ھەمیشە ھەیە و ئەمینێ ڕاستە کە تۆ باوکت کوژراوە میترا، ڕاستە کە وڵاتەکەمان داگیرکراوە، بەڵام ئەھۆراموزدا ھەرماوە، ئاگر لە ئاگردانەکانا ھەر ئەگڕێ، خوا نەکا ئاگری کوا نووی سینگمان خامۆش بێ میترا.

- ئاخ فەراز تۆ چەند جوان قسە ئەکەی چەندە ھیوا بزوێنە قسەکانت.

- ھ... ھا... ئەگەر ھیوا لە دڵێکا بمرێ، چی بۆ ئەمێنێتەوە! ؟ ژیانی بێ ھیوای سەرکەوتن مەرگە، مەرگێکی تاڵ و دوورو درێژ.

- بەڵێ ھەروایە، بەڵام جاری واش ھەیە کە ھەموو ڕوچن و ڕوچنێک لە دڵ ئەبەسترێ، و ئادەمیزاد ھەر چەند کە بیر ئەکاتەوە لەو شەوە تاریکەدا دیمەنی بەیانێک بەدی ناکا

-ھا... ھ... تھ-ھا... تۆش وەکوو دایکم فێربووی، ئێوە ئافرەتان زۆر دڵ ناسکن، زۆر بێ ورەن، بەڵام لێرەشدا مەجبوورم بڵێم کە بە ھەڵە چویی ھیچ شەوێک نییە کە بەیانێکی لێ وەدەر نەکەوێ ھەتا بووە ھەر وابووە، وە ھەر واش ئەبێ... ئاھ- میترا ئیتر ئەمڕۆ مەشقی تیرت بەسە، ڕاستییەکەی من ھیچم نەماوە کە فێری تۆی بکەم، تۆ خۆت شەڕ کردن لەمن فێربووی، بەڵام شتێک ماوە! ژیان... تۆ لەم مەبەستەدا تۆ ھێشتا شاگردی منی بەھیوام ڕۆژێک ئەویش باش فێرببی.

- من تەنیا بۆ تۆڵە کردنەوە زیندووم فەراز ئەگەر تۆڵە وەرگرمەوە ئیتر ھیچ ئاواتێکم نامێنێ.

-نا... نا... نا میترا ڕاسپێری ئادەمیزاد ڕووخاندنی باری نالەباری ژیانە و دامەزراندنی بناغەی جوانی، بەڵام تۆ لەم ڕاسپێرییە ھەر بیر لە ڕووخانەکە ئەکەیەوە، پاش تۆڵە کردنەوە ژیانی بەختیارانەی تۆ دەست پێ ئەکا... ئاھ... من چەندە قسە درێژم... ؟

ھەستە... ھەستە بابڕۆینەوە ئێستا کاردۆ ناوچاوی تێکناو و لە گۆشەیەکا ماتی کردووە، دایکم ئەترسێ و باوکیشم خەریکی نەخشە کێشانە، ھەستە بابڕۆین ھەستە...

- بابڕۆین ھەستە...
***

-... ئاھ بڕوانە بابە ئەو ھەموو سوارەی لەبەر دەرکی ماڵی ئێمە کۆ بوونەوە... ؟ خەریکن دادەبەزن

- بە ورە بە کوڕم، خۆت ئاڵۆز مەکە، ئەھوراموزدا پشتیوانی ئێمەیە.

- ھا... ھاتوونە حەوشەکەمان، لێم ڕوونە کە بۆ سپاس کردن نەھاتوون... ھا...

- تۆ لە ھیچ کاتێکدا دەست لە گاڵتە ھەڵناگری فەراز.

- لێ گەڕێ، لێ گەڕێ باپێبکەنی کوڕم، تەنیا بەڵگەیەک کە لە جوانی و شادی ماوەتەوە پێکەنینی فەرازە.

- خێرا چارێک بدۆزنەوە، خۆتان بشارنەوە ئەو خوێن مژانە ئەتان کوژن.

- فەراز ھەزار گیانی ھەیە دایە، ھەر یەکێکیان بکوژن ئەوی تر جێی ئەو ئەگرێتەوە، لام وایە دەبێ لە چەند جێگا خۆمان حەشاردەین، ئەگەر خەیاڵی خراپیان بوو بیانکوژین.

- کوڕم ئەوان نزیکەی سەد کەسن ئێمەش سێ پیاوین چۆن ئەتوانین بەگژیاندا بچین.

- ئەوان سەد ڕێوین و ئێمە شێرین بابە گیان.

- ئەھ... ئەو پڵینگەتان لەبیر نەچێ. مەبەستم میترایە.

- کە وەھایە خۆتان حەشاردەن بزانین چۆن ئەبێ.

- خۆتان حەشاردەن... زوو... زوو...

- ئەھای... خۆتان بدەن بەدەستەوە... خۆت و کوڕەکانت کاوە... ئەوەش بزانن ئەگەر خۆتان نەدەن بەدەستەوە با ئەمن لە پێشدا تەسلیم بم، من ئەترسم ئاخر ھا... ھ... ھا... ھەر ئێستا ئەڕۆم و خۆم ئەدەم بەدەستەوە.

- کوڕە بۆ کوێ ترسنۆکی خوێڕی، ئەتەوێ ئابڕوومان بەری ھا... ھا... ھ... من تەسلیمم، جگە لە منیش کەس لە ماڵێ دانیە، ڕاوەستن ئەوە ھاتم بۆ لاتان... ئەتۆ ئەوانیتر لەگەڵ خۆت بەرە منیش ئەگەر خۆم پێ ڕزگارکرا ئەگەڕێمەوە لاتان.

- نا... نا من بەجێتان ناھێڵم.

بڕۆ کوڕم، بڕۆ، بڕۆ کاردۆ، دایکت و میترا لەگەڵ خۆت بەرە منیش دێم

- ئێمە باوەڕتان پێ ناکەین... وەرنە دەرەوە...

- بڕۆ کاردۆ، بڕۆ خێراکە، یەکێکیان بگرن، باشترە لە ھەموومان... تکا دەکەم نیگەرانی من مەبە خێراکە.

- بڕۆن کوڕم... میترا تۆش لەگەڵ خێزانمدا وەرە خێراکە بابڕۆین...

- مەئموری ئەژدیھاک من چەکم پێ نییە، ئەوە ھاتم تەسلیم دەبم...

- دەستی ببەستن، دەستی ببەستن یاڵڵا... خێراکەن کوڕینە دەستی ببەستن... بابڕۆین...
***

- ئەی ئەھۆرامەزدا، ئەی خاوەنی ژیان و بوون گوێت لە من بێ، من کە بەندەی بچووکی تۆم، وڵات ئاگرو خوێن و ئەسرینە، ئیبلیس فەرمان ڕەوایە، ئەی ئەھۆرای مەزن، گوێت لە نەزان من بێ، یارمەتیمان بدە ئاورگا پاکەکان بپارێزین، تا ناوی پیرۆزت بکەینە نەخشی ھەموو دڵێک، ئاناھیتا و میھر بنێرە یارمەتی شمشێر و ەشێنەکانمان، بەسەرمانا ببارە ئەی ھەوری بەزەیی کردگار، دڵمان بەتۆڵە تەیارکە و باھۆمان بەھێزکە بۆ بەرەنگاری دوژمنی ئەھۆرا...
***

- بڵێ بزانم ئەی کاردۆکی چەپەڵ، تۆ ئەو سەربازانەی منت کوشتووە؟ مەگەر لە ڕقی من نەترسای؟ مەگەر نەتزانی چ چارەنووسێک چاوەڕێتە؟ بۆ چ بێ دەنگی؟ ... وادیارە زۆر ترساوی... ؟ من بیستوومە ئەڵێن خێڵێ کاردۆک لە ھیچ شتێک ناترسن، ئێستا بڵێ بزانم چۆن وێرات دەست بدەیتە ئەم کارە؟ زمانت لە دەمتانییە! ؟ بۆ جوابم نادەیتەوە؟

- تۆ... تۆ شیاوی ئەوە نی کە من وەڵامت دەمەوە.

- بەڕاست؟ ھەرئێستا تێت دەگەیەنم... ئەھا جەللاد... جەللاد...

- بەڵێ قوربان!

- وەرە سەری ئەم زمان درێژە ببڕە... یاڵلا

- نا ئەژدیھاک، پەلە مەکە لە پێشدا شکەنجەی بدە، تا ھەموو ھاواڵەکانی ڕاستی بڵێ ئەمجار بە جەزرەبە بیکوژە...

-ئەھ دەنگی شەیتانی مەزنە، بەسەرچاو گەورەم فەرمانت ڕەوایە... ئەھای جەللاد دەست ڕاگرە، ئەم لاوە ھەرزە چەنەیە نابڵێ ھەروا سووک و ئاسان بمرێ، مەر کتوپڕ ناڕەحەتی نییە.

ئێستا بیبە ئەوەندەی شکەنجە بدە تا ھەموو دۆستەکانی دەردەخا، بەڵام نابێ بمرێ تێگەیشتی! ؟

- بەڵێ... بەسەرچاو بەسەرچاو.

- ناتەوێ چاوت لە شکەنجەی ئەو لاوە بێ! ؟ ڕاوەستە با بە بەرچاوی خۆتەوە ئەزیەتی بدەن، ئەمە بۆ تۆ زۆر باشە.

- فەرمانت لە سەر سەرم، پێویست نییە بیبەیە دەرەوە، ھەر لەبەر چاوی منەوە شکنجەی کە جاری لە تازیانەوە دەست پێ بکە... یاڵڵا.

- بەسەرچاو...

لێی دە دەی... ھا... دەی

- ئاخ... ھا... ئو خ...

- ھ... ھا... ئھ... ھا...
***

- مەگری کچم مەگری، فەراز بوو بە قوربانی گەل و نیشتمان، گیانی لە مینوی پەروەردگار ئەفڕی فەراز جێی شانازی ھەموومانە.

- ھ... ھا... ئێ... چۆن نەگریم... مەگەر ئەکرێ پێش بەسێڵاوی ئەسرین بگرم... ؟

-ھا... تکا دەکەم میترا... تکادەکەم، ئەگەر دایکی فەراز بزانێ خۆی ئەکوژێ.

- من تۆڵەی دەکەمەوە، سوێند بە ئەھۆڕاموزدا خوێنی فەرازی قارەمان بە فیڕۆ ناچێ من دەریایەک لە خوێنی ئەم داگیرکەرانە ساز دەکەم، دڵنیا بە برای جوانە مەرگم دڵنیابە.
***

-ئەم کۆشکە بۆنی مەرگ و شەیتانی گرتووە، چەند شەوێکی تاریکە خودای گەورە ئەم لاوە بێ چارەیە ئێستا لە چ حاڵێکدایە؟ من ئەبێ کارێکی بۆ بکەم، ئەو برای کاردۆیە، ئاخ... ھ کاردۆی خۆشەویستم... نا... نا من نابێ بێڵم ئەو لەو زیندانەدا بمرێ...

بەڵام چۆن؟ من کە بەتەنیا کارێکم لە دەست نایە... ؟ ... ئاھ کەوتەوە بیرم بڵێ وا باشە، ھەستم... ھەستم بڕۆم...

جا ئێستا بەم شەوە تاریکە کاردۆ چۆن بدۆزمەوە؟ باوەڕناکەم لەم شوێنانەدا بێ... ! ئەم پەنا ئاورگەیە جێی ژوانی من و ئەوبوو ھا لێرە چاومان بەیەکتر کەوت... ئاخ... من کە بیرم بۆ ھیچ لا بڕ ناکا باشترە بچمە ناو ئاورگەکە، کەمێ لە ئەھۆرا موزدا بپاڕێمەوە... وا زۆرباشە...

- ئەوری مەزدا پەنام بۆ تۆ ھێناوە، تۆی خاوێن تۆی خاوەنی گەرمایی پڕشنگ، تاکەی ئەبێ دیل بین؟ تاکەی ژێر چەپۆکە بین؟ مەرگی فەراز خەمێک نییە لەبیر بچێتەوە... ئەی ئاھۆرامەزدا ھەڵی نەگری...

- ئاھ... کەسێک لەناو مزگەوتەکەدا خەریکی نەزایە، ئەبێ کێ بێ...

- ئەی میھری گەورە، یەزدانی شەڕ پارێزگاری ھۆزی ئاریا یارمەتیم بدە، ھەموو گیانم پڕکە لە تۆڵە، مەھێڵە خوێنی گەشی فەراز لەناو بچێ...

-ئاھ... چی... ئەوە دەنگی کاردۆیە... سپاس بۆ تۆ خودایە... بابچینە ژوورەوە...

- تۆ کێی... ؟ لە جێگای خۆت مەبزووە، ... ئاھ

ڕاستە ئێرە نیوە تاریکە بەڵام تروسکەی شمشێرەکەم نابینی؟

- منم ڕامھۆ! مەترسێ گیانەکەم، خۆمم.

- ئاھ بۆچ ھاتوویە ئێرە ڕامھۆ؟ مەگەر نازانی ھەموو ھەستێک لە دڵی مندا مردووە، من پاش مەرگی فەرازی برام تەنیا بۆئەوە زیندووم کە ھەتا ئەتوانم بکوژم و پاشان پیاوانە بکوژرێم.

- تۆ بەھەڵە چووی کاردۆ، فەراز نەمردووە.

- گاڵتە مەکە ڕامھۆ، من مناڵ نیم کە بەم قسانە دڵخۆشیم دەیەوە

- بە ئەھۆڕاموزدا سوێند دەخۆم درۆ ناکەم، فەراز ماوە ئێستا لە زیندانە من ھاتووم بە یارمەتی تۆ لە زیندان ڕزگاری کەین، ئەبێ پەلە بکەین فەراز لە حاڵێکی خراپ دایە.

- ھا- ئەوە گەورەترین موژدە بوو ڕامھۆ بڕۆین با بڕۆین... سپاس بۆ ئەھۆڕای گەورە... دروود بۆ تۆ میھری پڕشنگدار.

- زووکە... بابڕۆین...
***

- بڕوانە کاردۆ... ئەم دەرکەی زیندانە، ئەبێ ھەر چۆن بێ ئەم نیگابانە بکوژی وکلیلی زیندانی لێ وەرگری.

- ئاھ... زۆر باشە، ئەبێ کارێک بکەم بەرەو ئەو تاریکایییە بێ... فووت... ئەم ئاخ ئەوەش ئەمە ئێستا ئەبێ کلیلەکان بدۆزمەوە.

- زووبە زووبە.

- ئەمەش کلیلەکەی زیندان.

- زۆر باشە، من دوو ئەسپم بۆ ئێوە لەبەر دەرگای زیندان بەستۆتەوە، سواریان بن و ڕاکەن ئیتر من دەڕۆم...

- سپاس ڕامھۆ... سپاس... ئاخ

ئەو زیندانە چەند تاریکە... ئاھ فەراز برای خۆشەویستم... وادیارە بێ ھۆشە.

- ھ... ھا... نەکاردۆ... نا... ئاخ... بێ ھۆش نیم، نەمزانی تۆ دێی، سروش ئەم ھەواڵەی بەمن دا...

- ئەتوانی بڕۆی؟

- من بەزەحمەت ئەتوانم ھەناسە بکێشم... نا براکەم... نا ئەبێ کەمێک سواری سەر شانت بم.

- ئۆھ چەشنی سەردەمی مناڵی کە فەرازم سواری شانم ئەکرد... باشە... باشە برای قارەمانم باشە... ھەستە... دەی... ھا

- بەھ... بەھ... بەھ... چ جێگەیەکی خۆشم ھەیە ھێندە ئاسوودەم ھەرگیز نامەوێ بێمە خوار.

- تۆ جێگات لەسەر چاو و دڵی مندایە براکەم بزانم؟ ئەتوانی خۆت بەسەر ئەسپەوە بگری؟

- ئەڵبەت ئەتوانم ئەڵبەت

- ھا... کە وایە زۆر باشە. با بچینە دەرەوە لە زیندان... ھا ئەوەتا ئەو دوو ئەسپە زین کراون و زامارن... ھا... دەی بچۆ سەر زینەکەی...
***

پەراوێز edit