ئاڵەکۆک

سوارە ئیلخانیزادە add_a_photo
ھۆزی کورد قارەمانی زۆری داوە بە مێژووی دونیا، وەکو: زەردەشت، کاوە، سەڵاحەدینی ئەیوبی و بابەکی دین، ئەم داستانەم لە بابەت کاوەی ئاسنگەرەوە: وڵاتی ئێران شەوە زەنگە، داگیرکەری بێ بەزەیی کە وەک سێبەری شەیتان بەسەر ھەموو وڵاتا مەینەتی کێشابوو، کۆمەڵ کڕوکەپ و بێ دەنگ ملیدانواندبوو بۆ زۆر و ستەم، بەڵان نا... گەل تەسلیم نەبووە چاوەڕێیە، چاوەڕوانی دەستێکی ئاڵا ھەڵگر لەم حاڵانە گەلی ئێران وەک ئاوی سەر ئاور ئەجۆشێ، بەڵام ھەڵنەچووە، چاوەڕوانی ھەڵچوونە، چاوەڕوانی دەرفەتە. باپێکەوە سەرێک لە بارەگای ئەژدیھاکە بدەین.


- من ئەژدیھاکم بەھێزترین پیاوی سەر زەوی، خاوەنی تەیارترین سپاە و خاوەنی خوێن و ماڵ و ژیانی ھەموو خەڵکی ئێران، من ئەمانەم ھەموو ھەیە، تەنیا شتێک کە نیمە دڵە، دڵ، من ھەرگیز. نازانم بەزەیی چییە؟

تەنانەت باوکیشم ھەر بەدەستی خۆم کوژرا بە خەنجەر زگیم ھەڵدڕی، ... بێ دەنگ بن، بێ دەنگ بن، ئەزانن بۆچ باوکم کوشت؟ چونکە خەریک بوو ئامۆژگاری ئەکردم، لە ڕقی خودا ئەی ترساندم، من لە ھیچ شتێک نەترسام، و خۆشیم لە چارەی کەسێک نایە کە ئامۆژگاریم بکا... تێ گەیشتن چم گوت! ؟

-بەڵێ-... بەڵێ:

- نا... تێ نەگەیشتوون ئەگەر بتان زانیایە چی ئەڵێم ھەرگیز ئەو کارە خراپانە کە لە کەناری کۆشکی منا بە شەودا ڕوو ئەدا. ھەڵنەئەکەوت! دوێ شەو نیگابانی تایبەتی من کوژراوە - ئاخ چەندەم ڕق لە کوردۆکانەیە. شەرتم کردووە خوێنی ھەموویان لە تەشت کەم، کوردۆک یانی سەر بەزێوی...

- ھا تیرم تێ ئەگرن! ؟ کێ بوو... ؟

کوانی نیگاھبان... ؟ دەرکی حەوشی کۆشک ببەستە مەھێڵە کەس لێرە بچێتە دەرەوە...

بۆ ھەمووتان باشە ئەمە بزانن کە ئێوە گەورەیانی وڵات، ئەگەر تا سەعاتێکی تر بۆم دەرنەخەن کێ ئەم تیرەی گرتە من، ھەمووتان لەسەر بۆرجێیەوە بەر دەدەمە خوارەوە - ئیتر من ئەڕۆم خۆتان بیری لێ بکەنەوە...

- بەڵێ بەسەرچاو

- بەڵێ بەڵێ بەسەرچاوان...

- ھەموو تاوانی ئەو کوردۆکانەیە. ھەموومان بە کوژ ئەدا ئەیانەوێ لەگەڵ ئەژدیھاکە بمانکەنە دوژمن.

- وام پێ باشە فەرازی کوڕی کاوە بدەینە دەس ئەژدیھاکەوە. گیانی خۆمان لێ ڕزگار بکەین.

- بەڵێ وایە

- بەڵێ ناچارین وابکەین
***

- تۆ... کوردۆکی لەعنەتی ئاخر لەبەر چی خەریک بووی بمکوژی... ؟

- چونکە داگیرکەری، خوێن مژی، بەداخەوەم کە تیرەکەم نەپێکای، ئەمەش نەھاتێکی ترە، سوێند بە ئەھۆڕاموزدا ھەتا ئەوڕۆ ھەرگیز تیرم ھەڵەی نەکردووە...

- جەلاد... جەلاد... وەرە لە گەردەنی دە...

بەڵام نا - بەم جۆرە زوو گیانت دەرنەچێ، تۆ ئەبێ بەو ئێش و دەردە بمری... ئەھای جەلاد ھەر ڕۆژێ کەمێک گۆشتی لەشی لێبکەوە، جێی برینەکەشی خوێی پێوە بکە. تا گیانی دەرئەچێ.

لە مەیدانی شارا برسی و تینوو بیبەستنەوە.

- من لە مردن باکم نییە سەگی چەپەڵ، دڵنیا بە گیانت بەرەو جەھەننەم بە زوویی بەڕێ ئەکرێ. داگیرکەری چەپەڵی ترسنۆک.

- لێیدە جەلاد بیکوژە... لێیدە یاڵڵا... تۆ...

- ئاخ... ئاخ

- ئاخ... ئاخ ئەورامزدا... ! ؟ ... خۆت وڵاتەکەم بپارێزە... ئاخ: ئەی میھری گەورە... ئەی پارێزەری ھۆزی ئاریا دڵی براکانم پڕکە لە تووڕەیی و تۆڵە... ئاخ

- فەراز، کوڕم ڕۆڵەی بەشەرەفم چۆنی! ؟

- دروود بۆ کاوەی مەزن

- یەواشتر قسەبکە کوڕم یەواشتر

فەرازی کوڕت ماوە... ئاخ بەڵام ڕەنگە دوا ھەناسەی بێ، زۆر تینوە بابە... دەخنکێم سەراسەری لەشم... ئاخ - برینە، کاتێ خۆرەتاو ئەکەوێتە سەر زامەکانم... ئاخ ئاواتی مەرگ ئەخوازم کاوەی مەزن.

- نا... نا ڕۆڵەی شیرینم نا... تۆ نابێ بمری، تۆ ئەبێ بژی ھێشتا کارمان زۆر ماوە، من ھاتووم ڕزگارت کەم.

- بابە گیان... کاری من لەوە تێپەڕیوە.

- ھا بگرە... کەمێک ئاو بخۆوە، با ھێزت بێتەوە بەر خۆت،

- ھا... ئاخیش... ئاھ... من خۆم بەسەر پێوە ناگرم، دەمارم خوێنی تێدا نەماوە، ئەگەر تۆش لە کۆڵم کەی نیگەبانەکان ئەمان بینن و دەرناچین. ھا... نا... نا بەداخەوە کوڕم بێھێزی چاوی بێ نوور کردووی، دەنا ئەبوو بزانی ئەو نیگابانە باڵابەرزە کێیە! ؟ ... جارێ با دەست و پێت بکەمەوە کوڕم...

- یانی... نیگابانەکەتان کوشتووە! ؟

- بەڵێ... بەڵێ کوڕم.

- ئاخ...

- بەڵێ کوڕم خوێن داری ئازاری ئاو دەدا... با یارمەتیت بدەم... ھا... دەستت بخە سەرشانم... ئەھا زۆرچاکە... ھای کاردۆ... وەرە، وەرە تۆش یارمەتیمان بدە...

- سەلام فەراز...

- ھا... کاردۆ ئەوە تۆیی! ؟ ... دروود کاردۆ دروود...

- ھا... پەلەکەن کوڕم ئەگونجێ لە نیوەشەوا نیگابانێکی بنێرن... خێراکەن...

- من فەراز لە کۆڵ دەکەم تۆش لە پێشەوە وریابە بابە گیان.

- زۆر باشە. زۆر باشە... دەی جا با بڕۆین...
***

- ھەمووتان بێ عورزە و بێکارەن، نەتان توانی ئاگاتان لە لاوێکی دیلی بریندار بێ، لە دەست ھەمووتان ڕای کرد، ئێوە ئەبێ بمرن.

- باشترین ھەلە، ئێستا ئیتر ئەتوانم بەسەریا زاڵ بم، ئەبێ زیاتر تووڕەی کەم، من شەیتانم ئاگام لە ھەموو شت ھەیە، بابچمە لای...

- ھەمووتان ئەدەمە دەست جەللاد، ئێوە بە کەڵکی ھیچ شتێک نایەن.

- گەورەم، سەروەری شایانی سەرزەوی- غوڵامت ئەزانێ کێ یارمەتی فەرازی دا و و ڕزگاری کردووە.

- کێی ئەی پیرەپیاو! ؟

- بڕوانە ئەو چاوانە ئەڵێی پۆڵووی ئاگرە

من سام دایگرتووم... من یەکێکم لە نۆکەرانی ئەژدیھاک فەرمانڕەوای مەزن.

- بڵێ بزانم ئەتەوێ چی بڵێی! ؟

- قوربان فەرمان بدە ئەم خەڵکە بچنە دەرەوە بە تەنیا عەرزت دەکەم.

-تق - تق - ھەمووتان بڕۆنە دەرەوە.

- بەڵێ قوربان... بەڵێ بەسەر چاوان.

- ھا... بڵێ بزانم تۆ کێی و و چ ھەواڵێکت ھەیە...

-ھا... ھا... ھا... من شەیتانم ئەژدیھاک ھاتووم بۆ یارمەتی تۆ بەڵام بە مەرجێ.

- شەیتان؟ ... بڵێ بزانم مەرجەکەت چییە؟

- ئەبێ ببیتە بەندەی من، ھەرگیز لە فەرمانی من دەرنەچیت! ھا... ھا

- یانی ئەبێ چی بکەم.

- ئەزانی کە من ھەموو کارێکم لەدەست دێ.

- بەڵێ ئەزانم تۆ خاوەنی تاریکی و خراپەی.

- ئافەرین بەندەی من، ئافەرین... ئەزانی ئەبێ چی بکەی! ؟ ئەبێ بکوژی، بێ تاوان و تاوانبار. ئەبێ دژی ژیان و خۆشی و بەختیاری بەرەیب بەشەر بی، ڕووت لەھەر لایەک کرد ئەبێ گیانلەبەری تێدا نەھێڵی، ئاوایییان چۆل کەی، پیاوەتی و چاکە لە بەین بەری.

- لەبەرامبەر ئەوە ئەتۆ چ یارمەتییەکت بۆ من لەدەست دێ! ؟

- ھا... ھا... ھا... من دەسەڵاتت ئەدەمێ بەھێزت ئەکەم، تەمەنت درێژ ئەکەم

- ئەبێ بەسەر دوژمنەکانمدا زاڵم کەی.

- ئەمە ئیتر شەڕە لە نێوان من و ئەھورامەزدا، تۆ بەندەی منی و دوژمنەکانت بەندەی ئەون، ھیوادارم کە ئێمە سەرکەوین.

- تۆ نابێ بەجێم بھێڵی.

- ھا... نا... نا ئەژدیھاک... نا... من لەسەر ڕواڵەتی نۆکەرێکی تایبەت ھەمیشە لەلات ئەبم، وریا بە ھەرگیز نابێ بەزەیت بە دڵتا بێ ھەرگیزاوھەرگیز.

-بەسەرچاو... بەسەرچاو فەرمانبەردارم.

-ھا... ھا... ھا...
***

- ھاونشتییمانی بەڕێز، ڕۆڵەی بەشەڕەفی ئاریا ئەزانن کە ساڵەھایە وڵاتی ئێمە داگیرکراوە، بێگانە بەسەرمانا زاڵ بووە، ساڵەھایە کە ئێمە بزەیەک نەھاتۆتە سەر لێومان، ھەمیشە ترساوین دەستە دەستە براوینە بەر تیغی سەربڕو خوێنی ئاڵی لاوەکانمان ڕژاوە، ئایا کاتی ئەمە نەھاتووە خۆمان لە ژێر دەسەڵاتی ئەھریمەن ڕزگارکەین! ؟ براکانم مردن ئەوە نییە کە گیان لە لەش بچێتەدەر، ئەوە مردنە کە ھەستی پیاوەتی و تۆڵە نەمێنێ، ئێمە ئەگەر مل بۆ زۆردار دانەوێنین مردووین ژیانی بێ سەربەستی وەک لەشی بێ گیان وایە.

- من... من بەرنە لای کاوە کارم پێیەتی من بەرنە لای کاوە...

- ھا... لێی گەڕێن لێی گەڕێن با بێ بزانم کاری چییە؟ ... ھا بڵێ بزانم کارت چییە... ھۆ بە بەرگەکەتا دیارە تۆ کەنیزی کۆشکی ئەژدیھاکی... ؟ وایە؟

- بەڵێ، من ناوم ڕامھۆیە، کارگەری کۆشکی ئەژدیھاکم، ھەواڵێکم بۆتۆ ھێناوە.

- تۆ لە کوێ من ئەناسی؟ وە چۆنت زانی من لێرەم... ؟

- لە کاردۆی کوڕی تۆم بیست کە ئێوە لێرە کۆبوونەتەوە.

- کاردۆ... ئەھای کاردۆ... ؟

- من لێرەم بابە، فەرمایشێکت ھەبوو! ؟

- تۆ ئەم ئافرەتە ئەناسی! ؟

- ڕامھۆ... ؟ ئۆ تۆ بۆچ ھاتوویە ئێرە! ؟ بەڵێ بابە ئەیناسم.

- کوڕم جارێکی تر ھەڵەی وا نەکەی، نابێ کەس بەم، کۆڕە نھێنییانە کە ئێمە ئەیبەستین بزانێ.

- من ئاریایەکی خوێن پاکم، ڕاستە کە لە کۆشکی ئەژدیھاکدا کار ئەکەم، بەڵام ھەرگیز براکانی خۆم لەبیرناچێتەوە، و ئێستاش ھەواڵێکی خۆشم بۆ ھێناون.

- کاردۆ قسەی ئەم کچە جێی بڕوایە؟

- بەڵێ بابە، لام وانییە خەیاڵێکی خراپی ھەبێ.

- باشە بڵێ بزانم ھەواڵەکەی چییە کچم؟

- ئەژدیھاک یەکجار زۆر نەخۆشە، باوەڕ ناکەم بژیت.

- ھا... زۆر باش بوو... چاکە... زۆر چاکە...

- تکایە بێ دەنگ بن. تکایە بێ دەنگ بن، گوێ بگرن مردنی دوژمن ھەواڵێکی خۆشە، بەڵام بۆ ئێمە سوودێکی نییە، ئێمە کە خۆشمان مردووین ھەستی تۆڵەمان تێدا نەماوە، ئەگەر ئەژدیھاکیش نەمێنێ مل بۆ زۆردارێکی دیکە دادەنوێنین دوژمنی ئێمە لەناو ھەناوی خۆماندا ئەژی دوژمنی ئێمە ترس و خۆ پارێزییە، ئەبێ ھەوڵ بدەین لە پێشدا دوژمنی ناو دڵی خۆمان بکوژین ھەروەک میھر خودای نورو پڕشنگی لەگەڵ تاریکی شەڕیانە، ئێمەش ئەبێ لەگەڵ زۆردار و داگیرکاری بەرەنگار بین، بەڵام لەگەڵ ئەوەشا مەرگی ئەژدیھاک دەرفەتێکە، تکایە ھەموو بڵاوەی بکەن، ھەرکەس بچێتەوە سەر ئیش و کاری خۆی، وریای دەوروبەرتان بن.
***

- قوربان! پزیشکێ ھاتووە ئەڵێ ئەتوانم نەخۆشی ئەژدیھاکی مەزن چاک بکەمەوە... چی ئەفەرمووی! ؟

- وادیارە ھەواڵی نییە کە ھەتا ئێستا چەند ھەزار کەس ھاتوون و منیان پێ تیمار نەکراوە و ھەموویانم کوشتووە؟

- بۆچی گەورەم، ھەموو ئەمانەم پێی گووت بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ڕازی بووە.

- باشە بڵێ بانگی کەنە ناو کۆشکەوە، وا دیارە لە ژیان تێر بووە.

- بەسەرچاو قوربان...

- سەلام لە فەرمانڕەوای مەزن ئەژدیھاک خاوەنی دەسەڵات و شکۆ!

- ھا... تۆ ئەو پزیشکەی کە ھاتووی چارەی دەردی من بکەی؟

- بەڵێ گەورەم بەڵێ.

- ئەزانی ئەگەر سەرنەکەوی چ چارەنووسێک دێتە ڕێت؟

- ھەموو شتێکم بیستووە قوربان.

- باشە ھەرچی ئەیکەی بیکە.

- ئەبێ بەتەنیا چاوم پێت بکەوێ قوربان دەستوور بفەرموون وەزیر بچێتە دەرەوە!

- ئاشام! ؟

بەڵێ قوربان!

- بڕۆ دەرەوە.

- بەسەرچاو...

- خێراکە دەست پێ بکە، من حەوسەڵەی درۆ و دەلەسەم نییە.

- سەرت ھەڵێنە ئەژدیھاک، سەرت ھەڵێنە بزانە من کێم! ؟

- ھا... شەیتان فەرمانڕەوای من! لە مێژە دیار نیت، من چاوەڕوانی ھاتنت بووم.

- من ئەو نەخۆشییەم بۆ ناردووی، تۆ بە دڵی من ناجوڵێیتەوە، دیسانیش ژیان ھەر ماوە کاری باش ھەر ھەیە، وادیارە لایەنگرانی ئاورامزدا لە تۆ بەھێزترن، تۆ خەریکی شکست ئەخۆی، ئەم مەبەستە ئەزانی یانی چی ئەژدیھاک؟ یانی شکانی من، ئەگەر تۆ شکست بخۆی من شکست ئەخۆم.

- من لە خزمەت کردن بە شەیتانی مەزن خوای خراپە کۆتایم نەکردووە، بەڵام گەورەم من بەتەنیام، ئەوان گەلێکن، تۆش ماوەیەکە لێم بێ خەبەری.

- ھا... ھا... ھا... نا... نا... ئەژدیھاک شەیتان بەندەکانی خۆی ھەرگیز لەبیر ناکا، من لە دڵی تۆدا ئەژیم، دڵی تۆ تەنیا سەنگەرێکە کە لەوا من خوام شکست داوە، دە دڵی تۆدا فەرمان فەرمانی شەوە زەنگ و کینە و خوێن ڕشتنە، یانی فەرمانی من ئەژدیھاک، تێئەگەی چی ئەڵێم؟

- بەڵێ گەورەم تێ ئەگەم، بەڵام ئەم نەخۆشییە تەنگی پێ ھەڵچنیوم.

- ھا... ھ... ھا... ھەستە ئەژدیھاک ھەستە لە جێ و بانەکەت ڕاستەوەبە، تۆ نەخۆش نی، ھەستە.

- ھ... ئاھ... خۆ من باش بوومەوە، ئیتر ئەندامی لەشم نایەشێ، سپاس بۆ شەیتانی گەورە.

- من ئەچمە دەرەوە، بە ڕواڵەتێکی تر دێمەوە لات، ئەبمە خزمەتکارێکی کۆشک، بەڵام دیسانەوە ئەیخەمەوە بیرت، تۆ بەندەی منی نابێ ڕاسپێری خۆت لەبیرکەی، کوشتار، تاڵان، ئاگر تێ بەردان، وێران کردن، دڵڕەقی، چەپەڵی ئەمانەن ڕاسپێری تۆ.

- فەرمانت لەسەر سەرم.

- چاوت بنێ سەریەک، من ئەڕۆم پاشان تۆش ھەستە و بچۆ بەشوێن کارەکانتدا.

-... ئاھ- لەبەر چاوم گوم بوو، دەرک و پەنجەرەی کۆشک بەستران، بەکوێدا ڕۆیشت، من ھیچ نەخۆشیم نەماوە، باشترە ئەم ڕاستەقینەیە بە خەڵک ڕاگەیەنم، با دوژمنانی من لەم ھەلە کەڵک وەرنەگرن... ئەھای ئاشام... ئاشام؟

- بەڵێ قوربان بەڵێ.

- وەرە، وەرە.

- بەسەرچاو قوربان، بەڵێ.

- ئەبینیت کە من چاک بوومەتەوە، ھەستە بڕۆ ئەم ھەواڵە بدە بە خەڵک

- زۆر خۆشحاڵم قوربان... بەڵام... بەڵام... بەڵام کابرای پزیشک! ؟

- لەم باسە مەکۆڵەوە ئاشام... بڕۆ.

- بەسەرچاو، ھەر ئێستا ئەڕۆم ئەم موژدە گەورەیە بە ھەموو کەس ڕائەگەیەنم، ھەر ئێستا ئەڕۆم قوربان.
***

- زووتر... بڕۆ زووتر.

- سەلام لە ئاشام وەزیری بەڕێز.

- سەلام ڕامھۆ

- ئێ... وا دیارە وەزیر لە شتێک ئەکەنەوە؟ ئایا ئاڵۆزی ئێوە ھۆیەکی ھەیە؟

- ئاھ... ڕامھۆ، من شتێکی سەیرم چاو پێ کەوتووە لێم ڕوونە بەلای ھەر کەسێکەوە بیڵێم بڕوام پێ ناکا.

- ئەو شتە سەیرە چییە گەورەم، ئەکرێ منیش بزانم! ؟

- شەیتان ڕامھۆ، شەیتان، من لەم کۆشکەدا سێبەری شەیتان ئەبینم.

- پەنا بۆ ئەورامەزدا، فەرمووت شەیتان؟

- بەڵێ ڕامھۆ، ئەزانی کە ئەژدیھاک چەند نەخۆش بوو، ھیچ بیرت کردۆتەوە بزانی چۆن بوو لە پڕ چاک بۆوە! ؟

- ئھە... بەڵێ ئەم مەبەستە زۆر سەیر بوو، بەڵام پەیوەندی لەگەڵ شەیتان چییە؟

- بڵێ بزانم ڕامھۆ تۆ لەپێشدا ئەم نۆکەرەت دیبوو کە چەند مانگ لەمەو پێش ھاتۆتە کۆشک؟

- نەخێر گەورەم، بەڵام ئەوەندە ئەزانم کە زۆر لە ئەژدیھاک نزیکە.

- ئەمە شەیتانە ڕامھۆ شەیتان، من لەم بارەوە ھیچ گومانم بۆ نەماوەتەوە.

- تۆ دڵنیای قوربان؟

- ھا... من وەھا سەرم لێ شێواوە کە تەنانەت لە بوونی خۆشم ناتوانم بە تەواوی دڵنیا بم، بڕوانە ڕامھۆ بڕوانە شەیتان... خەریکە بەرەو ئێرە دی.

- ئوھ...
***

پەراوێز edit