ئاڵەکۆک

سوارە ئیلخانیزادە add_a_photo
سوارە لاس و خەزاڵ
٢. بەشی ١
- گوێ بگرن، ھەمووتان ئاگاتان لێیە کە ئەمن چەند جارم ناردووە لای بایزخان و خوازبێنی شەمم کرد بەڵام ئەو گاڵتەی بە من کرد، پیاوەکانی منی بە سووکی ڕەوانە کردەوە، ڕای سپارد کە ئەحمەد بۆ زاوای من نابێ: ئێستا کاتی ئەوە ھاتووە کە تێی بگەینم کە کێ پیاوە! ؟ ئەزانن کە شەڕێکی قورسمان لە پێشە، بایزخان زۆر بەھێزە ھەموو عەشیرەتەکان لایەنگری ئەون، بەڵام من ناترسم، ئەگەر لەشکری ھەموو دونیای کۆبکاتەوە، ھەر ھێرش دەکەمە سەریان و تێکیان دەشکێنم،

- ئێمەش ھەموومان ئامادەین.

- ئێمەش ئامادەی گیان بازین.

- سپاستان دەکەم ئەگەر ئەمرۆ ئەم سوکایەتییە ھەموارکەین، سبەینێ سووکیەتێکی دیکەمان بەسەر دێنن و لەناو ھەموو کەسا ئابڕوومان ئەچێ، ئەبێ نیشانی بدەین کە نووکی ڕمبی کێ لە خوێن خواردن بەکارە؟ و شیری کێ باشتر زەرێ دادەدڕێ! ؟ بڕوانن، ڕووبەڕوومان وەستاون:

- فەرمان بدە بچینە پێشەوە:

- فەرمانمان دەیە ھێرشیان کەینێ:

- کە وەھایە بۆ پێشەوە بۆ کوشتن و مردن یاڵڵا...
***

ئافەرین پیاوە ئازاکانم بیانکوژن... شوەریی بە خوێن بشۆنەوە، نیشانیان بدەن کە ئێوە کێن؟ ئافەرین.

- ئاگات لە خۆت بێ قوربان، لەپشتەوە خەریکن دەورەت بدەن.

- ھ... ھا بگرە ئەی ناپیاو... بیانکوژن بە قوربانی ھێرشی پیاوانەتان بم... تاقیان دەرمەکەن... یاڵڵا...

- ئەوە خەریکن ھەڵدێن... مەیدانیان بەجێ مەھێڵن... مەیڵن بڕۆن...

- ڕێ یان کەون... ئەھۆی ڕێوی ترسنۆک بۆ کوێ ڕادەکەی... بۆ کوێ... یاڵڵا دەی شەڕەکەی مەغلوبەتر کەن...
***

- چییە مێردی خۆشەویستم، ماوەی سەعاتێکە ئەمن لەلاتم تۆ ھیچ قسان ناکەی! ھەر دێی و دەچی و بیر دەکەیەوە:

- ساڵێک زیاتر بەسەر شەڕێ من و باوکتا تێپەڕیوە، بەڵام ئێستا کە بیر دەکەمەوە تێدەگەم کە شەڕێکی بێ سوود بوو، ئوھ... شەم نازانی چەند کەس کوژرا؟ جۆگەی شەڕگە پڕبوو بوو لە خوێن، ناڵەو ھاواری بریندار و ئامانخواز پڕ بەو دۆڵە دەنگی دەدایەوە، من خوێن بەری چاومی گرتبوو دەستوورم ئەدا بکوژن، چونکە باوکت منی بە کەم زانیبوو.

- شەڕ تەواو بووە، تۆو و باوکم ئاشت بوونەتەوە منیش ئێستا ئی تۆم، ئیتر پەرۆشی ناوێ.

- ئاھ- ھ... شەم، داخی من ئەمەیە کە بە ھەڵە چووم. لام وا بوو کە ئەوین وەک دەسەڵات وایە کە بکرێ بە زۆر بە دەستی بھێنی، ئێستا تێدەگەم کە تۆی بێ ئەوین، ئەم ھەموو کوشتارەت نەدەھێنا، ڕاستە تۆ ھی منی، بەڵام تۆی بە تەنیا، تۆی بێ ئەوە کە دڵت ھی من بێ بە کاری چی دێی! ؟ ھا شەم

- کێ بە تۆی گووتووە کە ئەمن دڵم ھی تۆ نییە.

تۆ سەروەری منی، مێردی منی

- ھا... شەم سەروەر یانی چی؟ من نە دەمەوێ سەروەری ئێلات و پیاوانی شەڕانی بم، نە سەروەری خێزانم، من دڵی تۆم دەوێ کە بە داخەوە نیمە. ھا... شەم لە بیرتە، ڕۆژی ھەوەڵ چۆن لەگەڵم بزوتیەوە من ناچار بووم سوێند بخۆم ھیچ کات، خۆم نەمەوێ ببمە باوکی مناڵی تۆ مەگەر ئەوکاتە...

- ئەو کاتە تۆ منت بە زۆر ھێنابوو، سەر شۆڕیت بەسەر باوکم ھێنابوو، نەمدەتوانی لەگەڵت ڕووخۆش بم.

- من نازانم کە ئەمەی تۆ باوکت بەلاوە بەڕێزتر بوو کارێکی باشە یاخراپ، بەڵام ئەوەندە دەزانم کە کەسێک کە ئەوینی بەلاوە سووک بێ و ھەموو کەسی نەکاتە پێناو بۆ ئەوە نابێ ئەو ھەموو پیاوەی لەسەر بکوژرێ.

- من و تۆ ھەزار جارمان ئەم باسە ھێناوەتەوە گۆڕێ و لێی دواوین و ھیچ کاتیش بە ئاکام نەگەیشتووین، تۆ بڕواناکەی کە من ڕۆژی ھەوەڵیش ھەرتۆم خۆش ئەویست بەڵام تێکشکانی باوکم وەھای کار کردبووە سەر دڵم بۆ ماوەیەک ئەوینی خۆم وەلانا، ئێستاش پەشیمانم، چونکە تۆ و باوکم دوژمنایەتیتان نەماوە، و لەم نێوەدا خراپە ھەر بە من بڕا...

- نا... نا... شەم تۆ خراپ نی، ڕەنگە تاوانی خۆپەسەندی من بێ کە نەمتوانی لەم مەبەستە بگەم، سوێندم خوارد، ئێستا من کەمێکم کار ھەیە ئەبێ بڕۆم، تۆش بیری لێ بکەوە دەتوانی بچیەوە ماڵی باوکت، تۆ ھێشتا وەک خونچەی نەپشکوتوو وای زۆرکەس داواکارت دەبێ، بێوەژن نی کە بڵێن ئەگەر باش بوایە مێردەکەی تەڵاقی نەدەدا، ھەموو کەس وا بیر ئەکاتەوە کە من مێردایەیتم تەواو نەبووە...

- نا... نا... ھەرگیز، ھەزار ساڵیش بەم چەشنە بمێنمەوە بەجێت ناھێڵم، من تۆم خۆش دەوێ، لێم ڕوونە ڕۆژێک ئەبێ تۆش تێ بگەی...

- بەدوعا شەم، من دەڕۆم٠ کارم ھەیە...
***

- قوربان ئەبێ چارەیەک بدۆزینەوە، دەنا ئەوشێرە یاخییە ئاژەڵمان بە دەستەوە ناھێڵێ تا ئێستا دە مەڕی خواردووە پشتی ٦ گاجووتیشی شکاندووە...

- لە مێژبوو لە شەڕی ئادەمیزاد دڵم سارد ببۆوە، ھەموو بە ھێرشی ھەوەڵ لەبەرم ڕایان دەکرد ئێستا ھاوشەڕێکی دڕەندەم بۆ پەیدابووە وابزانم کەمێک کڵ و کۆی من دامەزرێنێ، بەتاسەوەم کە خۆم لەگەڵ ئەو شێرە ڕووبەڕوو بم.

- قوربان ئەمە کارێکی پڕ مەترسییە! پیاو چۆن ئەتوانێ بەرامبەر بە شێر خۆی بگرێ؟ پیاو بەرامبەر بە ھەموو شتێک خۆی ئەگرێ مەراد، بەڵام بە شەرتێ بە ڕاستی پیاو بێ ڕەنگە شێرەکەش ھەروەک تۆ بیر بکاتەوە لای وابێ کەس نییە خۆی لەبەر بگرێ: بۆیە وەھا شووڵی لێ ھەڵکێشاوە ورەدار بووە، ئەبێ بزانین ددانی ئەو لەشی من ھەڵدەدڕێ یان شمشیری من سینگی ئەو ئەکاتە کالان! ؟

-... ھ... قوربان وا دیارە دیسان شتێک قەوماوە... ئەوە شوانی خانە بەرەو ئێرە دێ!

-... ھا... چییە کوڕە... بۆچ ڕادەکەی؟

- گەورەم شێر... شێر... شێرەکە... شێر

- بڵێ بزانم شێرەکە چی؟

- قوربان شێرەکە ھێرشی کردە سەر مەڕەکە و چەند کەلاکی لێ خستن! ... ڕەسوڵی ھاواڵم خەریک بوو پێشی پێ بگری، بەڵام پشتی ڕەسوڵیشی شکاند، پەلاماری منیشی دا، بەڵام ڕام کرد.

- پێم بڵێ... ئەوە چییە بە قەدتەوە! ھا ئەوە چییە ھەڵت ھاوەسیوە؟ ... ھ... ئەمە... ئەمە... ئەمە... ئەفەرمووی ئەمە شمشیرە قوربان

- ئەم شمشیرەت بۆ چییە! ؟

- ئاشکرایە قوربان بۆ پاراستنی خۆم...

- تۆ ئابڕووی پیاوەتیت بردووە ترسەنۆک ئەم شمشیرە. بە شوورەیی دەزانێ بەلا قەدی تۆوە بێ، خێراکە لە خۆتی بکەوە خێراکە، چۆن لە ڕووت ھات دۆستی خۆت لەبەر دەم و چنگی شێرا بەجێ ھێشت و خۆت دەرباز کرد؟ ئەی چەپەڵی نەگبەت، بڕۆ لە باتی ئەم شمشیرە بەرەڵبێنەێک لە خۆت دە... بڕۆ

- بەسەرچاو گەورەم... بەسەرچاو...

- لاچوو لەپێش چاوم ناپیاوی خوێڕی یاڵڵا.

- قوربان ئەو شوانە ھەژارە تاوانی نەبوو گیان خۆشەویستە.

- ئەگەر شەرەفە نەما، گیان بەکاری چی دێ مەراد، ئەگەر یەکیەتی نەما، ئەگەر بیری پاراستنی دۆست نەما، باشترە گیانیش نەمێنێ، من دەبێ بچم قسە بۆ خەڵکەکە بکەم بزانم چۆنە وا ترس بەسەریانە زاڵ بووە، مەراد، تۆش وەرە لەگەڵم.

- بەسەر چاو ئاغا، بەسەرچاو.

- دەبی جا بابڕۆین.

- ھەمووتان گوێ ڕاگرن... بێ دەنگ بن ئێوە شەڕتان زۆر دیوە، بریندار و کوژراوتان زۆر چاو پێ کەوتووە، ھەرگیز ورەتان بەر نەداوە، لام سەیرە چۆن ئەوە لە ترسی شێرێکی یاغی پەست بوون! ؟ ھەواڵی چەند ساڵەتان بەجێ دەھێڵن و ڕادەکەن، تا نێوی ئەو دڕەندە بێ، ترس و سام بەسەرتانا زاڵ دەبێ، من بۆ ئەوە پێتان نیشان دەم کە مردن لە ترسان باشترە، ئەمڕۆ دەچمە داوێن ئەو کێوە کە وا شێرەکەی پێوەیە.

- قوربان باشترە چەند کەس بچن و بە یەکەوە ئەو شێرە بکوژن.

- ئێوە لاتان وایە دوژمنی ئێمە ئەو دڕەندەیە لە کاتێکا دوژمنی ئێمە لەناو دەروونی ئێمە دایە. دوژمنی ئێمە ترسی خۆمانە، من بۆیە ناچم تەنیا شێرەکە بکوژم، ڕەنگە لەم شەڕەدا سەرنەکەوم، دەچم بەرەنگاری ئەو ترسە دەبم کە بەسەر خێڵەکەمدا زاڵ بووە، ئەبێ بە مەرگ یان سەرکەوتنی خۆم تێیان بگەینم کە ژیان بە ترسەوە لە مردن خراپتر و تاڵترە.

- ئێمەش لەگەڵت دێین قوربان

- نا... ھەر کەس لەگەڵم بێ دەیکوژم، من بە تەنیا ئەچم، نیازم بە ئێوە نییە، بە ناوی- گەورەیەک پێتان ئەڵێم ھیچ کەس نابێ بکەوێتە شوێنم یا بەسەری بڕاوی شێرەکەوە دەگەڕێمەوە یان شێرەکە بە دەم و لەوسی خوێناوییەوە ئەبینن، ئێستا ئیتر بڕۆن، یاڵڵا.
***

- سەروەرم ئەمە شمشیرەکەت لە قەدت داوەو زەرێت دەبەر کردووە، مەگەر ئەتەوێ بچی بۆ شەڕ! ؟

- بەڵێ شەم، ئەمەوێ بچمە شەڕی ئەو شێرە یاغییە.

- شەڕی شێر! ؟ ئاھ... ھ... یانی ئەتەوێ بە تەنیا بچی! ؟

- بەڵێ... بەڵێ ھەر بە تەنیا، بەڵام بە پشت ئەستووری باسکی بەھێز و شمشێری تیژم و، بە یارمەتی ئەو کەسە کە مان و نەمانی ئێمەی بەدەستە.

- وا باشتر نەبوو چەند کەس لە نۆکەرەکانت بنێری! ؟

- نا... نا... نا شەم، باشترە خۆم بچم، کەسێک بۆ گەورەیی باشە کە لە کاتی مەترسیا پێش دەست و پێوەندەکانی کەوێ.

- بەڵام... بەڵام من ئەترسم... نەکا تۆ...

... ئا... ھ ئەوانی دیکەش ژنیان ھەیە شەم ژنەکانی ئەوانیش ئەترسن کە شێر پشتی مێردەکەیان بشکێنێ، مەزنی من و تۆ دەبێ لێرەدا دەرکەوێ ئەگەر ئێمەش وەک ئەوان بترسێین کێ ئەبێ بەرەنگاری مەترسی بێ! ؟ ھا...

- مەیلی خۆتە سەروەرم، من دوعای سەرکەوتنت بۆ دەکەم.

- سپاست دەکەم، بەڵام شەم، ئەگەر من لەو شەڕەدا کوژرام تۆ نابێ ئازیەت باربی ئەبێ زوو مێرد بکەی و ئەوەت لە بیر نەچێ کە کارێکی وا مەکە کە مێردەکەت حەڵاڵیک لە خۆی حەرام بکا، ئەبێ ببی بەدایکی مناڵ و داستانی منیان بۆ بگێڕییەوە و بەو داستانە لە خەویان کەی، داستانی پیاوێک کە چووبووە شەڕی شێرێک.

- ھا... ھ... لە مەرگەوە مەدوێ سەروەرم تۆ... تۆ ھێشتا زۆر گەنجی، خوا ئەم کڵۆڵییەم بەسەر نەھێنێ...

- ئاھ... شەم، ئادەمیزاد نێچیری مەرگە، درەنگ یازوو ئەبێ بڕوا، کە وەھایە مەرگ خەم خواردنی ناوێ. ئەوەی کە ئەبێ بۆی خەمبار بی زیندووی ترسەنۆکە کە ڕۆژی سەد جاران دەمرێ. ئیتر ئەمن ئەڕۆم شەم، دوعام بۆ بکە...

... خودایە... خودایە بیپارێزە... ئەیدەمە دەست تۆ... خودای گەورە... ە...
***

پەراوێز edit