ئاڵەکۆک

هێدی add_a_photo
هێدی کاروانی خەیاڵ
٣٢. ورینگە
ھەر لە ڕێت کەوتم و نەمزانی لەبەرچی وایە
ڕۆژ نییە ڕووی تۆ، کەچی چاوی لەبەر ھەڵنایە

لەشی نەرمت لە وشەی ناسک ئەگەر داڕێژم
سەد ھەزار ھێندی وشەی تر ھەوەسی تێدایە

نواندنی مەڕمەڕی سینەت لە کراسی تەنکا
وەک لەرەی مانگی شەوی چاردە لەناو دەریایە

سەر دەشێوێ لە خەیاڵ و لە من و، ھەڵبەستم
بۆنی کەزیەی تۆ ئەگەر دێ بە کزەی شەوبایە

خەمی من بۆیە لە ژێر سێبەری تۆدا دەڕەوێ
پرچی تۆ پەرچەمە، باڵای تۆ وەکوو ئاڵایە

مەم لە ئێخەت سەری ھەڵداوە ئەویش سەرتاپای
چەق و چۆیە، تەزووە، لەرزە، مچوڕکە، تایە

کە ھەنێت بسکی لەسەر لادەچێ، لالەی ڕووتە
گەردنیشت ئەگە خاڵ لێبگەڕێ مینایە

چاوی تۆ زۆر لە ئەوین ئەدوێ لەگەڵ من چ بکەم
مەست ئەدرکێنێ قسە و، دوایە دەکا حاشایە

دەمی عیسا وەکوو ئەفسانە لەلام وا بوو بەڵام
کە بزەی تۆم دی منیش ھاتمە سەر ئەو بڕوایە

حەز دەکەم قەت لەسەرت کەم نەبێ موویەک، چونکە
ھەیە پەیوەندی لەگەڵ ژینی من ئەو ھەودایە

تا کراس دەخزێ لە سینگت مەمی تۆ دەکوشێ، بەڵام
دزی خۆماڵییە، ناگیرێ بە ھیچ دەزگایە

نییە وەک شیعری من ئەوڕۆ تەڕ و تێراو، ئیتر
قەدی شلکی تۆ کە ھەڵبەستی خوایە، جیایە

شەرم و، ئاوات و، نیاز و، ھەوەسی لێ دەڕژێ
پەیکەری تۆ لە سەر و سینگ و کەمەر تا پایە

ھێندە شیرن ئەدوێم بۆ تۆ، لەناو بێشکە مەگەر
دایە بەو شێوەیە بۆی کردبی لای لایە

ھێدی یادی دەمی تۆی پێ نەکرا، چارە چییە؟
خاڵەکە ھێندە بچووکە، بە خەیاڵا نایە
نووسین: کەماڵ ڕەحمانی

پەراوێز edit