ئاڵەکۆک

حەمەعەلی مەدهۆش add_a_photo
مەدهۆش یانەی دڵان
٢١. سکاڵا لەگەڵ سەیوان
پێنج خشتەکى لەسەر شیعرى ئەمحەد دەروێش (ئەخۆل)

ئەى گردى سەیوان، شیرین لە نێوان
ئەى شوێنى سۆزو ناڵەى پەشێوان
دایم پێت ئەڵێم لەگەڵ قوڕ پێوان
ئەى گردى سەیوان، سەیوانى سێوان
ئەى گەنجى گەوهەر تا بەسەر لێوان

چەند پاشاو گەدا وا لە گەڵتایە
چەند کۆرپەى ناسک وا لە باخەڵتایە
باسى ناکرێ کێ لە گڵتایە
هەر خوا ئەزانێ چى لە دڵتایە
چەند گەڵى وەریو لەژێر چڵتایە

وەکوو پیرۆزە ئەو ڕەنگە شینەت
دەرئەخا شێوەى جوان و شیرینت
خوێنە ئەو بەرگى ئاڵ و ڕەنگینەت
بە تێغى عەقڵى گەر بدڕن سینەت
سەروپا لەعلە بن و بنچینەت

ئەو دڕکەى لەڕووى تۆ دێتە دەرێ
ڕواوە لەناو ئینجانەى سەرێ
بەسووکى مەگرە، سەرنجى بەرێ
هەر گەڵایەکى کە لێت ئەوەرێ
پارەى دڵێکەو گۆشەى جگەرێ

بەرگت سەوزو سوور کردووتە بەرت
نیشانى ئەوەى شەوق و گەوهەرت
بەڵام دیارە مایەو هونەرت
تۆ گوڵزارێکى خارە سەمەرت
وشکە شۆرەکەت وە یا عەرعەرت

پڕە لە مارو مێروو لانەکەت
دڵ مەحزوون ئەبێ بە سەیرانەکەت
سیس بووە گوڵى گەش و جوانەکەت
هەر دەنکى گوڵى بیابانەکەت
هەر پەڕەى گوڵى ئەرخەوانەکەت

سەراپا لەژێر غەما ئەسیرە
حاڵت ئەزانێ هەرکەسێ ژیرە
ئەو ئرزەت ئەگەر تۆزێ دڵگیرە
لە خوێنى گەشى چەند جوان و پیرە
لە ئێسکى سەرى چەند گەدا و میرە

ژێر خاکت هەمووى تۆوى جەفایە
لاشەى هەزاران شەهیدى تیایە
بارانى فرمێسک بەسەر ئەوایە
سەوزە وردە گیات بەڵام ئەبوایە
بە پێچەوانەى ڕەنگى سوور بوایە

هەرچى نەمامێک لاى تۆ ڕواوە
لەڕیشەى جەرگ و لە ئەشکى چاوە
بۆیە وا ڕێک و شیرین هەستاوە
چون لەسەر لاشەو دڵان ڕواوە
بە خوێن و فرمێسک ئاویان دراوە

لە پێشا جێگەى خۆشى وەتەن بووى
شوێنى ئاسک و گۆڕو گەوزەن بووى
ئێستا بێ کەیف و کزو بێ ڕەنگ بووى
بڵام لەمەوبەر بەحەق گوڵشەن بووى
مێرگ و مێرگوزار، باغ و چەمەن بووى

تیپى نازداران ئەهاتە سەیرى
سۆزى یاران و ئاوازەى تەیرى
کۆترو کەو سوێسکە لە دەورى
لەسەر چڵانت بولبول و قومرى
دڵشاد ئەیانخوێند، ئێستەش کە ئەگرى

چەند پاشاو گەورەو خاوەنى سەروەت
گەلێ لاوچاکى ئازاو بەسیرەت
زۆر نازەنینى جوان و بە زینەت
چەند جووتە دڵخواز بێ جەورو و مەینەت
لەسەر سینەى تۆ ئەیانکرد عوشرەت

چەرخى زەمانە وەها ئەگەڕێ
هەر گوڵێ پشکووت زوو هەڵ ئەوەرێ
لەهەر جێ هەبوو تەخت و سەروەرێ
ئێستاکە بوونە خاکى سەرەڕێ
تۆزیان بە گێژى باوە ئەگەڕێ

لەبەرچى بەشەر دڵت پێ خۆش کات
لەژێر چەپۆکان سوڵتان و گەدات
کەسێ هەتا سەر نەیدیوە صەفات
ئەى گەردوون کەتۆ ئەمە بێ وەفات
بۆچى مبێنم بکێشم جەفات

ئەسوڕێمەوە شێت و سەرگەردان
ئەناڵم لەگەڵ هەناسەى سەردان
چیانم بووە بەدەردو سندان
قەسەمت ئەدەم بە حەقى یەزدان
وەرە تا زوو بمنێرە سەیوان

هەرچەند بە ناشاد کەوتووم دەربەدەر
سەربارى هەمووى فیراقى دولبەر
بووە بە داخ و سەوداو دەردى سەر
خەیاڵى ڕوخسار لەتۆى سینەو سەر
دڵ لەت لەت ئەکات بە مەوداى خەنجەر
١٩٤٢
حەمەعەلی مەدهۆش، یانەی دڵان (شیعر)، چاپی سێیەم - ٢٠٠٦

پەراوێز edit