ئاڵەکۆک

سافیی ھیرانی add_a_photo
سافی شیعرەکانی سافی
٥٠. هوزاری خونچەزارێکم کە ڕوویی نەوبەهارێتی
هوزاری خونچەزارێکم کە ڕوویی نەوبەهارێتی
نزاری لالەزارێکم کە دڵ وا داغدارێتی
فیدایی لێو و زارێکم نقوودی جان نیسارێتی
خوماری چاوخومارێکم هەزاران وا خومارێتی
ئەسیری زولفی یارێکم هەموو عالەم شکارێتی

بە تەوق و کۆتی کاکۆڵی لە پای خستووم و تاساندم
وەکوو نێچیری سەیادان لە خوونی خۆمی گەوزاندم
کریشمەی گۆشەیی چاوی بوو ئیمڕۆ زیهنی شێواندم
وەکوو لەیلا بە سەد ناز و نەزاکەت عەقڵی لێ ساندم
دڵم دائیم وەکوو مەجنوون لە عەشقا بێ قەرارێتی

لە هەر ڕەمزێکی سەد ناز و نەزاکەت دایە ئەم شۆخە
لە هەر غەمزێکی سەد فیتنە و هیلاکەت دایە ئەم شۆخە
هەزاران تاجی شاهی وا لە ژێری پایە ئەم شۆخە
لە ئیقلیمی مەلاحەت چونکی بێ‌هاوتایە ئەم شۆخە
دەبینم چەند شەهەنشا وا موتیعی رەهگوزارێتی

ئۆمێدم نا لە ژین وەقتێ قیامی قامەتی لاوی
کە وەستاون لە بۆ قەتلم پیادەی پەرچەمی خاوی
چ چارەی تیرەبارانە لە پەنجە و دەستی خوێناوی
دەزانم دەمکوژێ چاو و تەنافی زولفی داو داوی
برۆی قەوس و موژەی پەیکانی عوشاقی هەژارێتی

مەتاعی جان لە ڕێی عەشقی بە تاڵان و خەسارەت چوو
هەموو عومرم لە هیجرانی بە سەد عیجز و مەرارەت چوو
گەدایی دڵ بە مەزلوومی لە ژێر تەختی نەزارەت چوو
بە غەمزەی چاوەکەی عەقڵ و دڵ و دینم بە غارەت چوو
خودا چی بوو کەوا ئیمرۆ هەموو کەس ئینتزارێتی

دڵی بولبول لەبۆ خونچەی دەمی هەر ئاخ و ئۆخێتی
کە زاغی خاڵەکەی دائیم لە باغی سێو و خۆخێتی
لە ڕوو گوڵ، پەرچەمی سونبول، دوو نێرگس وا لە ڕۆخێتی
گوڵی ڕوخسارە، خونچەی لێوە عەرعەر قەدی شۆخێتی
گەهێ بولبول، گەهێ قومری، گەهێ دڵ وا هوزارێتی

عەجاییب نەوبەهارێکە کە گوڵشەن چەتری هەڵداوە
لە لایێ سونبول و نەسرین، لە لایێ نێرگسی ساوە
بە ناڵەی بولبولان (سافی) مەگەر چ بوە، چ قەوماوە؟
شکۆفەی غونچەیی لێوی لە باخا وا دەمی داوە
وە یا بۆی عەترە (عەونی)، خەندەیێکی لێو و زارێتی

دیوانی سافی، چاپی سێیەمین ١٩٧٣ زایینی، چاپخانەی کوردستان هەولێر، لاپەڕە ٨٠ـ٨٢.

خوماری چاو خومارێکم هەزاران وا خوماریتی
ئەسیری زولفی یارێکم هەموو عالەم شکاریتی

وەکوو لەیلا بە سەد ناز و نەزاکەت عەقڵی لێ ساندم
دڵم دایم وەکوو مەجنوون لە عەشقا بێ قەراریتی

لە ئیقلیمی مەلاحەت چونکە بێ‌هاوتایە ئەو شۆخە
دەبینی چەند شەهەنشا وا موتیعی ڕاگوزاریتی

دەزانم دەمکوژێ چاوی، تەنافی زولفی داو داوی
برۆی قەوس و موژەی پەیکانی عوشاقی هەژاریتی

بە غەمزەی چاوەکەی عەقڵ و دڵ و دینم بە غارەت چوو
خودا چی بوو کەوا ئیمڕۆ هەموو کەس ئینتزاریتی

گوڵی ڕوخسارە، خونچەی لێوە، عەرعەر قەددی شۆخیتی
گەهێ بولبول، گەهێ قومری، گەهێ دڵ وا هوزاریتی

شکۆفەی خونچەیی لێوی لە باخا وا دەمی داوە
ئەمە بۆی عەترە (عەونی)، خەندەیێکی لێو و زاریتی

دیوانی عەونی، چاپی یەکەم ساڵی ١٩٩٧ زایینی ـ هەولێر، لاپەڕە ٥٣و٥٤.
نووسین: کەماڵ ڕەحمانی

پەراوێز edit