ئاڵەکۆک

سافیی ھیرانی add_a_photo
سافی شیعرەکانی سافی
٤٨. حەقیتم گەر فەلەک یاران بە ئاھی دڵ بسووتێنم
حەقیتم گەر فەلەک یاران بە ئاھی دڵ بسووتێنم
جەوازە گەر زەمین یەکسەر بە خۆێنی دیدە بڕشێنم

لە دەستی غەم جوانیم ڕۆیی و پیری ڕووبەڕووم وا ھات
لەمەولا چۆن مودارا بێت و ئایا چۆن ئەبێ ژینم

لە عەشقی لەیلەکەی بێ مەیلەکە و دنیایی دوون، ھەیھات
سەرێکی ڕاحتیم ساتێ نەبوو دانێمە باڵینم

لە دەردی دڵ، لە جەرگی کوڵ، لە داخی سینەکەی سووتاو
بە ڕۆژم داد و ڕۆڕۆیە، لە شەودا شیوەن و شینم

بڵێنە شۆخەکەم بێ‌ڕەحمی تا چەند، بێ وەفا تا کەی؟
بە سانی خونچە دڵتەنگ بم، وەکوو گوڵ جامە بدڕێنم

بە ڕیشی سپیەوە یاری نەکردم بەختی ڕەش جارێ
منیش بۆیە کە عادەت عاجزیی و ڕەسمە ناڵینم

لە زاری من مەکەن بێزار، (سافی) زۆر بە ئازارم
لە داخی سینەکەی سووتاومە ئەو ئاخە ھەڵدێنم
دیوانی سافی، چاپی سێیەمین ١٩٧٣ زایینی، چاپخانەی کوردستان هەولێر، لاپەڕە ٢٨و٢٩.
نووسین: کەماڵ ڕەحمانی

پەراوێز edit