ئاڵەکۆک

سافیی ھیرانی add_a_photo
سافی شیعرەکانی سافی
٣٠. جانا لە فیراقی تۆ پەشێواوە دڵی من
جانا لە فیراقی تۆ پەشێواوە دڵی من
پەروانەیی شەمعی تـووە سوتاوە دڵی من
سەرتابەقەدەم غەرقەیی خوێناوە دڵی من
وەحشی سیفەتە بەستەیی نێو داوە دڵی من

دڵ ئەلبسەیی خوێنی هەموو دەم کە لەبەردا
دەیزانی فەلەک کینەیی وی ما بوو لەسەردا
چەن عـاشقی کووشتون و خوێنی بە هەدەردا
لەم تالعی بەرگەشتەیە چۆن ماوە دڵی من

دائیم کە لە دەست جەوری زەمانە بە جەفایە
پەیوەستە بە جەور و ئەلەم و دەرد و بەڵایە
بۆ عاشقی بێچارەیە ئەو عادەتە وایە
بۆیێ کە لە گۆشەی غەمە داماوە دڵی من

تابووری بەڵا وا لە دوو لا هاتووە یاران
بۆ قەتلی سەری عاشق و مسکین و هەژاران
مەعلومە کـە دەرناچێ لەبەر تیری سواران
سەد دەفعە لـە دەم قـازوخیان داوە دڵی من

سەرقافڵەچی دەستی مـنت دامەنە قوربان
ماژۆ بە عەجەل مەحمەلی لەیلا بە هەموو ئان
مەجنوون سیفەتـان ماون لەم رێگە پەرێشان
بێچارە لە یارانی بـەجێ ماوە دڵی من

دائیم لە هەوایی تۆ گەلێ حالی پەشێوە
هەردەم لە جەفایی توو ئەوا کەوتووە جێوە
ئەم قوربەسەرە ڕۆحی گەیشتە سەری لێوە
دەرمانی بکە تاکو نەفەوتاوە دڵی من

ئەی بایی سەبا قاسیدی جانانی ڕۆح‌ئەفزا
نامەی غەم و دەرد و ئەلەمم بۆ بەرە بەغدا
تا چەند لە ئەو میحنەتەدا بێ سەگی دەرگا
موددێکە وەکوو (سافی) کە شێواوە دڵی من
دیوانی سافی، چاپی سێیەمین ١٩٧٣ زایینی، چاپخانەی کوردستان هەولێر، لاپەڕە ٣٢و٣٣.
نووسین: کەماڵ ڕەحمانی

پەراوێز edit