ئاڵەکۆک

سافیی ھیرانی add_a_photo
سافی شیعرەکانی سافی
٢٦. لەبەر مەیلی مەیی عیشقی تووە یاری وەفــادارم
لەبەر مەیلی مەیی عیشقی تووە یاری وەفــادارم
لە تەکیە و خانەقا دەرچووم، خەریکی دەیر و زیننارم

لە بەدکرداریی من ڕوو وەرمەگێڕە ئەی شەهی خووبان
کە تۆ ڕوو وەربگێڕی کەس نییە گەر بێتە غەمخوارم

لە دووریت لەززەتی من پایەماڵی زیللەتە هەردەم
حەیاتم بێ ویسالی تۆ مەماتی ژینە ئەی یارم

ئەگەر شەمعی جەمالی تۆم نەبێ ڕۆژم شەوی تارە
بینایی نووری چاوانم، ئەتۆی ماهی زیادارم

ئەوەندەم عەجز و شادی، وەسڵ و هیجران دیوە ئەی یاران
لە ڕۆژی حەشردا ئەسلا نە حاجەت جەننەت و نارم

لە سەفحەی عەشقەوە گەر سڕڕی ڕەحمەت بێتە نێو عالەم
هەتا مەحشەر چ کەس سجدێکی نابا شاهی غەففارم

لە جیلوەی نەفی و ئیسباتی تۆ وەک سافی بە ڕۆژ و شەو
دەمێ بێ هۆش و سەرمەستم، دەمێ بێدار و هوشیارم
دیوانی سافی، چاپی سێیەمین ١٩٧٣ زایینی، چاپخانەی کوردستان هەولێر، لاپەڕە ٢٧و٢٨.
نووسین: کەماڵ ڕەحمانی

پەراوێز edit