بیکەرەوە دەرگای ڕەشی زیندانت
دابڕێژە کۆتی قورسی گرانت
شوورە بکێشە لە پەنجە و بازوو
لە ناو خوێناوا شوورەکەت هەڵچوو
با بۆم شەپۆل دات تاریکی مەنگت
ئەی زنجیر با بێت، لە پێما دەنگت
با بێت قامچی و دار، بەن لە تەختی پشت
بە فەن ئەو گۆشتەم، بۆ بکەن بڕشت
کوا قامچی کوا دار کوا زڕەی زنجیر
کوا خوێن کوا سزا کوا نرکەی ئەسیر؟
سزام دەن، سزا، پڕ ژان و ئازار
نابیسن ئاهێک، ناڵەیەک، هاوار
دەستان هەڵمگرن چی لە بارتانە
درێغینەکەن لەو سزدانە
نەفیم کەن بۆ دوور بۆ سەحرای بێ پەی
بێ ئاوو سێبەر بێ هەورو
هەر دە پەنجەکەی پێم هەڵوەرێنن
لە دارکاریما قەت دامەمێنن
لە تەختی پشت و ڕوومەتی زەردم
بۆم دا بتاشن دوو کێل و بەردم
لەسەر تاتە شۆر بە خوێناوی خۆم
لێم گەڕێ بێ هەست تا خۆم خۆم ئەشۆم
لە پێستی ژێر پێم هی پشتی دەستم
کفن هەڵدڕن بە تاوی هەستم
***
وازکە دەروازی ڕەشی زیندابت
قوڕ برسەر خۆت و خزمەتکارانت
بە پشکۆی ئاگر ڕوومەتم بە داخ
ونجڕ کەن وێنەی نەقشی سەر بەیاخ
سنگم شەقار کەن نەک سنگی بێ خەم
لەت و پەتم کەن هێشتا کۆڵ نادەم
کۆڵ نادەم ئەبەد هەتاکو مەرگم
ئەبم بە قوربانی گەلی بێ بەرگم
قامچی کوای لە کوێی پشتی زامدارم
پێت ئەڵێ ڕوو ڕەش ناڵێم «بێزارم»
مەچەک کەلپچەی بەزان بە جارێ
ئەگەر چی خوێنی پیا دێتە خوارێ
پێ، پێوەندەکەت دائەڕزێنێ
گەردن تەوقەکەت هەر ئەپسێنێ
دەلاقەی زامم قەبری ستەمکار
جێ داری لێدان فەخرە بۆ هەژار
ئێمە دوژمنی دیل و کوڕنووشین
زیندانی تارت هەر هەڵئەلووشین
باوەڕ بەهێزتر لە دار و ئاسن
لە سێدارەتان بە هێزتر گەردن
ئەتکەین بە قووربان پێی کڕێشاوی
زەنجبەری برسی پەنجە خوێناوی
ژیان ببێتە کۆڕی ئاگرین
دنیا وەرگەڕێ ئێمە نابەزین
لە ناو قەفقەنی زنجیری زۆردار
قەڵای دوا ڕۆژین، مردن بۆ زۆردار
لە چاوی دایکا دڵۆپێکی سوور
لە ناویا شێوەو دیمەنی جەسوور
ڕۆژ، دوا ڕۆژ ماچی ئەکا لێوی کەل
ئەیکا بە قەقنەس مڵۆزمی گەل
ئەو خوێنەی کانیی دڵ هەڵی ئەدا
نەخشی ئەکێشێ ئازادی تیادا
سەیرکەن ئەوا دڕندەی کۆڵدان
وا تاسا لە ژێر پێی قارەمانان
وازکە دەروازەی ڕەشی زیندانت
دوا ڕۆژ بێ سوودە ناڵە و گریانت