ئاڵەکۆک

کامەران موکری add_a_photo
کچی جوان گەردنی نەرمی وەکو گزنگی هەتاو
کەمەری تەنگ، قۆڵی سپی، قژی زەردێکی خاو
پەنجەی تا بڵێی ناسک، چاو بە ورشە ورشی کاڵ
نزیک چەناگەی ناوەڕاست چاڵی تاقە یەک خاڵ
کچی جوان لەش و لاری نەخشی ئەو پەڕی جوانی
شەرمی، هەستێکی نیانی هەڵئەدا هەر وەکو کانی
هەر زێڕ بوو لە پشتی سەریەوە تاکو کەمەری تەنگ
بریسک و هوڕی وەکو سنگی بەهار جلی ڕەنگا و ڕەنگ
دڵی بە کوڕێکا چوو بوو هەژار بوو، بێ تەلار
پارەی نەبوو، سامانی نەبوو، بێجگە لە دڵی هەژار
ئەو لاوە نەی ئەوێرا داوای کچە بکا تا مردن
دووریش نەبوو هەر ناوهێنانی بە تەنیا نەبێتە هۆی کوشتن
چونکە سروەتی ڕەشی گەڵاو ڕێی لێ تەنی بوو تا ئاسمان
ئەو کچە دەوڵەمەند و ئەم هەژار و بێ سامان
خۆ ئێستە دڵیش هەر بە پارەیە مامەڵەی پێ ئەکەن
یەکێک بچێتە داوای دڵێک ئەڵێن چەند پارە ئەدەن
کچە بە زۆر مارە کرا لە پیاوێکی پیری دەوڵەمەند
بە سنووق ئاڵتوون و پارەی زۆری هەبوو بە کەمەرەند
فرمێسک کە ئەڕژانە سەر گۆنا دڵۆپ دڵۆپ ئەتووت
کە هێزی مردنە وادێتە خوارەوە کوت و نت
پەنجەی ئەم و ئەو ئارایشی ڕووی کچەیان ئەکرد
فرمێسکی لێڵیش ئەیسڕی و، ئەو ڕەنگە ئاڵەی ئەبرد
بووک ئارایشی کرا بە سووراوو پشتێن و گەردانە
هەنسک و دڵی بە خورپە کەوتەڕێ، هی ئەو کچە جوانە
بەو ناڕەوایییە بە زۆر دایان بە شوو بە نابە دڵ
سا چۆن نەوەرێت ئاواتی ئەو کچە هەر وەکو گوڵ
ئەوەندەی پێ نەچوو هەروا چەند مانگێک نەبێ تاڵ
بووک بوو بە بووکی سەیوان و بە میوانی جەرگی چاڵ
بەو داخەوە سەری نایەوە بەو دڵەوە بوو بە میوانی گڵ
نرخی چیە ئیتر دوای مەرگی ئەو توخوا پارە و خشڵ!!
کەس و کاری نەیان ئەزانی بگرین بۆ دڵی یان بۆ گیان
بە دەستی خۆیان بوو، دڵیان پلیشانەوە بۆ سامان
ئەی بووکی سەیوان، یادت لە گوڵی ئەرخەوانا سوور
بۆ مەرگی زۆرداریییە، هەستی من شەپۆل ئەدات بێ سنوور
١٩٥٤ - ڕۆژنامەی ژین ژمارە ١٣١١

پەراوێز edit