خونچەی لێوی بزەی ساوا
لە دڵۆپی ئەشکی چاوا
لە بێخی دڵی ناسکا
توایەوە وەک خوێن تکا
لە سەر سنگی کچۆڵە و ژن
بە خوێن نووسرا: ئەمان کوژن
کۆرپە بە دایکا هەڵزنا
خەم بە دڵی وەک ئاسنا
بەیان کاتی خور هەڵاتن
هەڵی کرد ڕەشەبای مردن
بە خرمەی ئەستێرەی دۆشکا
گەلێ دڵ وەک شووشە شکا
سلەیمانی... شاری خەم چێژ
ڕاهاتووی کوشتار و دەست ڕێژ
سلێمانییەکەی بەرگەر
یەکسەر هەمووی بوو بە ئاگر
تانک، زرێ پۆش، تۆپی مەزن
بانگیان ئەکرد: ئەبێ بمرن
دوژمنی ئابڕوو تکاو
بڕبڕەی مەردێتی شکاو
لە ناو شارا بە بێ وچان
تۆوی ترس و مەرگی ئەچان
پشکۆی سام و خەم و سزا
بە پەنجەی ژینا ئەچزا
ماچی خوێناوی دایک و کوڕ
لە شەقاما ئەبوو بە گڕ
سوپای ساوا و بێ چەک کوشتن
قەدەغەی کرد تەرم ناشتن
لاشەی کوڕ لە کۆشی دایکا
پێلووی سووری پیا ئەلکا
ڕۆڵەکانی نورد بانگیان کرد
ئەژی ئەو کەسەی ئەمڕۆ مرد
کاتێ ئەڕۆن بەرەو سەیوان
بانگ کەن: ...
بەقوربانتان بم بزەی دەم
نەوەکو سام و ترس وخەم
با فوارەی خوێناوی گەش
باخی کورد بگرێتە باوەش
داتک لەگەڵ نەغمەی هەنسک
ڕای ئەوەشان دەس و ناسک
ئەیوت: ئەی جگەری پارەم
ئەبی بە گوڵ ئەم بەهارەم
ئەشکت بۆ ئەکەم بە ئاورنگ
گڕەی دڵیشم بە گزنگ
سلەیمانی.. شاری دڵتەنگ
بانگی لێ هەڵسا بە یەک دەنگ
وتی: دوژمنی ترسنۆک
ڕۆڵەی کورد نایەنە سەر چۆک
دوژمنانی ئاوات و ڕەنج
بانگیان ئەکرد: ئەی کوڕی گەنج
یا بەدەست ڕێژێک یەتکوژین
یا بلێ... نەژین
بڵێ من کورد نیم.. کوردستان
ئەکەم بە گۆڕی مەبەستتان
وێران بێ، کاول بێ خاکم
من کۆیلەیەکی دڵ پاکم
وڵاتم، چیم هەیە دەگمەن
با پێشکەش بێ بە ئەهریمەن
کیژۆڵەی چاو کەژاڵی جوان
هەموو بن بە کەنیزەکتان
نا.. هەزار جاربانگ ئەکەم: نا
دوژمن نیم بەرامبەر کورد، نا
بانگ ئەکەم بە وشەی پەتی
بژی، بژی کوردایەتی
ها.. ئەوە ڕووم، دڵم، سنگم
ئەوە بازووم، ئەوە چنگم
پێشکەش بێبە گوللەی دوژمن
مل کەج کردن نازانم من
من کوردم، ئاگری هەستم
گڕ ئەسێنێ بۆ مەبەستم
نابم بە کۆیلەی بێگانە
کەنیزەک نین ئەو کیژانە
لەسەر مشتێ خۆڵی وڵات
بێ پەروا گیان ئەکەم خەڵات
نا، هەزار جار بانگ ئەکەم نا
دوژمن نیم بەرامبەر کورد، نا
دوژمنانی خەبات و ڕەنج
بانگیان ئەکرد: ئەی کوڕی گەنج!
بانگ کە بڵێ: بمرێ مناڵ
هەڵوەری گوڵی باخچەی ئاڵ!
داڕزی پەنجەی هونەروەر
دەک بشکێ ئەژنۆی کورد پەروەر
وێران بێ خاکی شارەکەم!
بە پایز بێ بەهارەکەم!
نا هەزار جار بانگ ئەکەم: نا
دوژمن نیم بەرامبەر کورد، نا
لە پێناوی ساوای کورد
لە ڕێگیی درشت و وردا
لە سەر گوڵاڵەی خوێن ڕەنگم
جۆگەی خوڕ و گۆمی مەنگم
بەردێکی کەژی وڵاتم
لەسەر ئامانج و ئاواتم
دڵم، ژیانم ئەبەخشم
با بێ بە بڵێسە لەشم
لە لای ئێمە سزاو مردن
پیرۆزە نەک مل کەچ کردن
ئەبم بە قوربانی گوڵێ
چاوێ، دەمێ، دەستێ، دڵێ
لەم خاکە بێ و هی ئەم خاکە
گیانم لە مردن بێ باکە
چاڵێکیان هەڵکەند فراوان
قووڵ وەکوو دەروونی تاوان
هەشتا لاوی کوردیان ڕیز کرد
لە دڵ بەهێزەکانی کورد
----
برا و هاوڕێ کوڕ و باوک
درانە بەر شێلگەی تفەنگ
نرانە چاڵەوە بێدەنگ
خۆڵیان پیاکردن سەرانسەر
تەخت کران بە گرێدەر
پێش مردن هەموویان وتیان:
ئەمرین بە بێ باک بۆ ژیان
برایان! چمکی خەم مەگرن
ئێمە ئەمرین، ئێوە خۆش بن
ئەی شاری سلەیمانی جوان
ماڵئاوا لە تۆ و لوردستان
نا، هەزار جار بانگ ئەکەم: نا
دوژمن نیم بەرامبەر کورد، نا
لە پێلووما ژیان نووسی
نابێ بژین بە مەئیووسی
وەرن لەسەر دڵ بنووستن
کەمال و ئەنوەر و یاستن
لەگەڵ کاروانی شەهیدان
بوون بە قوربانی کوردستان
ئەژین لەم لاپەڕەی ئاڵا
لە گوڵاو و لەگەڵ شەماڵا
لە مەرگی سەختی دوژمنا
لە نرکەی هەڵمەت بردنا
نا، هەزار جار بانگ ئەکەم: نا
دوژمن نیم بەرامبەر کورد، نا