خونچەی دڵداریم گیانە ژاکابوو
تاکوو هەناسەی تۆ گەشانێوە
زۆر چقڵ هەر وا دڵمی پێکابوو
تا دڵ نەرمێکەی تۆ بوژانێوە
***
بە پەجەکانت زامی پڕلە سوێم
ساڕێژ بوو، دڵم کەوتە شنەشن
بۆیە، پەپوولەی هەستی ژینی نوێم
بیری چۆتەوە، سزا و خەم چەشتن
***
لە ئاسمانێکا، ڕەنگ پیرۆزەیی
گیانی دڵداری من لە گەشتایە
لە خۆشی گۆنای گەشی پەمەیی
هەمیشە ئەڵێی لە بەهەشتایە