بەژنی ناسک، قژی زێڕین
باڵ بەرزێکی خوێن شیرین
ورشەی ئەو ڕوومەتە ئاڵە
هی ئەو بەرگەردنە کاڵە
لەگەڵ پرشنگی چاوی ڕوون
ئەڕژایە دڵ و ناو دەروون
وەسفی بە هەنسکی شمشاڵ
ئەپژایە دەشت، دەوەن قەدپاڵ
کچە کوردی تا بڵێی جوان
وەکوو فریشتەی خەوی شوان
ئەو کچە جوانەی نەغەدە
چاوی بەخشی بۆ ئەم کوردە
دوژمن پێی ووت ئەی وردیلە
ئەی کچە کوردی نەشمیلە
حەیفە، ڕوومەت، کەمەر، بەژن
چاوی گەلاوێژی و گەردن
ئەبەخشی بە، لەوێچێ خۆڵ
ئەی کیژی ساویلکەی کڵۆڵ
وەرە، وەک کچێکی سەلار
پێت ببەخشین کۆشک و تەلار
هەر تەنیا یەک وشە بڵێ
لە پەنهانی شەڕکەری دێ
پێمان بڵێ کام پەناگا
کام کەژ ئەکەن بە بارەگا
ئەتبەخشین ئەی کچی پچووک
ئەی خنجیلانەی ئێسک سووک
ماچ کە، دەس و پەنجەی سەردار
مەبە، بە قوربانی هەژار
با، ڕوومەتی ئاڵی ناسک
نەڕژێتە سەری خوێن تک تک
با چاوی سەرنج ئاگرین
ئەی کچە کورد هەڵنەکۆڵین
کچ وتی: «ئەی زۆردارینە»
بۆ ئەم خاکە نازەنینە
قوربانە هەموو ژینی من
بژی کورد، با بمرێ دوژمن
من سەرن شۆڕناکەم هەرگیز
پێشمەرگەم بۆ کوردی ئازیز
جوانیی چاو، قژ، ئەم گەردنە
ئەم بەژنە کوا هینی منە
ئەبم بە قوربانی وڵات
بۆ کورد گیانم ئەکەم خەڵات
لای من شانازییە و خۆشی
بڵێن کچێ چاوی بەخشی
ئەی چاوی گەش هەڵتکۆڵن
خۆشترە لە چاو شۆڕکردن
ئەی برژانگی ورد نەلەرزی
بە چاو بڵێ بۆ کورد ئەمری
چەند خۆشە، چاو، بێ بە دیاری
بۆ ژیانی کوردەواری
هەر دوو چاویان گوشی بەتین
بە پەنجە، تا هەڵیان کۆڵین
خوێن ڕژایە سەر ڕووی نازدار
بانگی کرد، با بمرێ زۆردار
ئەی کچە کوردی قارەمان
لەبیری ناچی، .. کوردستان
ئەی چاو هەر بلەرزە و بڵێ
دوژمنی کورد ئەبێ هەڵێ
کچە نەغەدەی نازەنین
ئەبێ تۆڵەت هەر بسێنین
«ئاڵای خەباتمان نانەوێ»
«کوردینە تۆڵەمان ئەوێ»