ئاڵەکۆک

کامەران موکری add_a_photo
کامەران موکری گوڵ ئەستێرە
١٤. مەرگی سێبەر
فریشتەی شەبەق لە درزی
کەژاوەکەی خۆر دابەزی
پێی نایە چەمی مرواری
وەشەی بۆ هێنا بە دیاری
گڵەزەردەی جوان، گەردن کەش
ڕازایەوە بە گوڵی گەش
کچی خنجیلانەی نازدار
ڕژانە سەر فەرشی بەهار
داری شێخەباس، سێبەری
بوو، بە چەتری شێوە پەری
چەند جوانە ورشەی قەنەوز
تێکەڵ بە نیگای چاو نێرگز
لەرەی دەسماڵ، پوولەکە ڕێز
دڵی دڵدار ئەکا بێ هێز
کچۆڵەی بەژن و باڵا بەرز
بە ترپەی نەرمی پانیبەرز
وەکوو فریشتەی ناو بەهەشت
ئاوازێکی ئەدا بە دەشت
چۆن ئاوازێک، تا بڵێی خۆش
نەغمەیەکی ئێجگار بەجۆش
لەسەر نقامی زوڕناژەن
نەرم، ئەلەرێوە بەدەن
کراس کەتانێک بوو تەنک
کەوا شیرداخێکی ناسک
ورشەی شیرینی کەمەرچین
کە، ئەیدا، لە خامەکی شین
دڵ ئەگریا و پێئەکەنی
سەد دڵ ئەیوت ئای لە بەژنی
گێل گێلە و پشتەسەر، کرمەک
ملەگۆی سەر سوخمەی خامەک
هاڕەی لەم چەشنانە خشڵ
ڕای ئەپەڕان پەپوولەی دڵ
کوڕیش، سەڵڵتەکەی چۆغەی شین
فەقیانەکەی سپی بەفرین
مشکی و جامانەی تێک ئاڵا و
بۆی شەیدا بوو ئەگریجەی خاو
سەماوەری وەرشو و زەرد
وەکوو، زیو و زێڕی بێگەرد
تاکوو نیوەی بە سەوزەگیا
بە تەبیعەت ئەپۆشرا
چەند خۆشە لە قوڕیی عەجەم
بۆم تێکا، چایەک نوقڵەدەم
وای لە ڕەوتی کڵاو ئاڵتوون
زۆر هەرزەکاری بۆ مردوون
لکی سەرپۆشی پوولەکە
لەسەر ئەس سوخمە خامەکە
بریسک و هووڕ، وەکوو ئاسمان
لەسەر باخی سنگێکی پان
چارشێوی جوانی نۆکەمەر
بێ ئارام بوو لەسەر کەمەر
کوڕی عەبای دۆخ سورمە پۆش
دڵی فیزی ئەهاتە جۆش
پیاوی نێرگەلەی زیوین کێش
دڵی کەیلی ئاوات و ئێش
بۆنی مێخەک و هی سمڵ
غەمزەی بەنازی ڕوومەت گوڵ
هاڕەی پێکەنین، هەیاسە
ئەبوون بە شەپۆلی تاسە
پۆل پۆل لە دەوری سەماوەر
دائەنیشتن لەژێر سێبەر
سێبەر، بەڵام هی یەک درەخت
سێبەری دەشتاییەک تەخت
هەر شێخ هەباس بوو، بە تەنیا
سێبەری ئەڕشتە سەر گیا
لە سەد لاوە بە دیلانە
ئەگێڕا ئەو دارە جوانە
چاو ڕەش و چاو کاڵی خرپن
باریکەلە و شۆخ و گۆشتن
بە دەنگێکی زۆر سازگار
فریشتەکان کچی نازدار
گۆرانییان ئەوت... بەستە
چڵ بە مردووی ئەوت هەستە
ئەرخەوان ئەیوت سەیرکەن
چەند جوانە گژ و گیا و چیمەن
فەقێ لەتاو سوخمە خامەک
کۆڕێکیان ئەگرت هی کەوشەک
ملای ڕووخۆش کە، دائەبوو
سوختەش بە سەریا هەڵئەچوو
ئەی دارەکەی شێخەباس ئاخ
لە دڵی منا، بووی بە داخ
هاتن سەربازی عوسمانی
نامەردانە سووتانیانی
لەتاو سەرما و سۆڵەی بەفر
لقیان شکانی بۆ، ئاگر
ئەو یادەش ئەو ڕابوردوە
لە دڵی منا نووستوە
هەزاران یادی وا بەسوێ
دێنەوە بیرمان سەر لەنوێ
ئەی دارەکەی هەر بە بیستن
من کەوتمە خەفەت ڕشتن
مرد سێبەرەکەی شێخەباس
سووتا درەختەکەی هەباس

پەراوێز edit