ئەڵێن شیعری بەتامن
چرۆی درەختی هیوامن
وەکوو بەهار تەڕ و بڕن
ڕەنگین و جوان، گەرم و گوڕن
هەیانە، شینێکی کاڵە
پارچەی ئاسمانی خەیاڵە
زەردی خەفەتی ژیانە
سکاڵای ئازاری گیانە
سەوزی کاڵی، دڵدارییە
بۆ دڵ جوانترین دیارییە
سپیی تیایە وەکوو بەفر
سووریشی وەک گڕی ئاگر
ئەو شیعرانەی وەکوو پشکۆن
هی ئەم خەڵکە و هی من و تۆن
ئەوان نەبێ شیعرەکانم
ڕستی وشەی خۆش و جوانم
هەمووی ئەکەم بە قوربانت
ئەیدەم بە یەک بزەی جوانت
پرشنگی شیرینی گۆنات
پەپوولەی نیگای بێ هاوتات
زەردەخەنەی خونچەی دەمت
بریسک و هووڕی پەرچەمت
هەموو شیعرەکانم دێنن
لە ئاستی جوانیتا کەمن
کامی خۆشە و تامی تیایە
هەڵبەستێکی بێ هاوتایە
لەناو تاڵی تەوالێتا
ئەتوێتەوە و لەبەر پێتا،
ئەبێ بە نەختە هاڵاوێ
ناژی، ئەمرێ لە دوای تاوێ
بەڵام هەمبێ تەنیا شیعرێ
ئەو هەڵبەستەی بەرگە بگرێ
هەر شیعری نیشتمانیمە
لەوە بەولاوە من نیمە