گوڵە مینای زەردەخەنەی ناسک وەری بوو
باڵی وشەی خۆش و بەتام سڕ بوو تەزی بوو
لێو وشکی خەم، چاو بە تیری سام پێ کرا بوو
دڵ بەچنگی زەبری سزاو ناسۆڕ گوشرا بوو
مناڵ سنگی ئەوەندە دی شەقار شەقار بوو
مەمکی دایکی لەبەر چاو کەوت لە شتر بێزار بوو
پشکۆی گەشی گوندی سووتاو کوڵمی مناڵ بوو
نێڵە نێڵی ئاگر تێکەڵ بەگورو گاڵ بوو
پەنجەی زۆردار لە کوشتنی مناڵ و دایکا
کارامە بوو نیشانەکەی یەکسەر ئەپێکا
کاتێ گوللەی ڕۆڵەی کۆنغۆش کە گیزەی ئەهات
جووڵە نەبوو، بەرەی دوژمن خاوو کش و مات
پەڕەی وردی نێرگزی لێو سیس بوو ژاکابوو
لێوی وشەی تەڕو ناسک پێکا لکا بوو
گوڵ ئەگریاو دوا دڵۆپی شەونمی ئەڕشت
بۆ ئەو کوڵمەی خۆڵەمێش بوو لەسەر ڕووی ئەنیشت
بە ژیلەمۆو بە دووکەڵی کۆرپەلەی سووتاو
ئەپۆشرا بەری چاوی کەژاڵی هەتاو
ڕەنجبەرەکان، لەناو گەرووی سزاو مردنا
بەدیلێتی، یا لە کۆڕی خوێناو ڕشتنا
ڕەنجەرەکان بە برسێتی و ڕووتی و نەبوونی
شەونخونی و، سزاکێشان کزی و زەبوونی
ڕەنجبەرەکان لەو کاتەدا ئەکران بە نیشان
بانگیان ئەکرد، بژی شۆڕش، بژی تێکۆشان
***
وشەی گەرمی لۆمۆمبا بوو لە گەرووی مەرگا
ئەبوو بە خۆر لەسەر لێوی لاوی بەجەرگا
تاڤگەی خوێناو لە هاژەیا، یاچەمت ڕەنگ گڕ
ئەیووت بیری لۆمۆمبایە هێزی ئاگر بڕ
لە ئاگرو لە ئاسن و لە زبرەت دوژمن
بەهێزترە، هێزی لەشە بۆ هەڵمەت بردن
پیاوێکی شەنگ، تەمەنی پڕ دنیا دییەتی
زمان شیرین، گفت و گۆ خۆش، نەرم و شێنەیی
ڕەنگی پێستی زەردباوێکی کەمێ مەیلەو ڕەش
دەم و لێوی وەک کۆنغۆیی خرپن، چاوی گەش
واتئەزانی جوتیارێکە قاڵ بووی ڕەنجی شان
سەربازێکی هەروا سادەی ڕێگەی تێکۆشان
چونکە لای ئەو، ئەو زانایە، لە خۆبایی بوون
خووی نزمی بوو، بیری تاریک، نەک باوەڕی ڕوون
ئەو کە گیانی لەبەر گەلی لا خۆڕایی بێ
ئیتر بەچی، یا لەبەرچی لە خۆی بایی بێ
لۆمۆمبای بەرز لە پاش ئەوەی ئاگری خۆش کرد
کۆرپەی هیوای بە بارووت و بە خوێناو گۆش کرد
لە پاش ئەوەی خەوی دیلی لە میللەت زڕان
پەڕەی بیری نائومێدیی ڕابردووی دڕان
لە پاش ئەوەی قارەمانی ڕەشی گیان پۆڵا
بەرەو کۆڕی تێکۆشانی ڕزگاری جووڵا
خیانەتی پارەزادە، چرپەی گەیانە
داگیرکەری دوژمنی گەل، هێزی بێگانە
پەنجەی تاوان درێژ کرا بۆ زنجێکی دوور
وتیان ئەمشەو دێتە ئەوێ تیشکی بڕوای سوور
گیرا مانگی کەلی خەبات، لۆمۆمبای مەزن
بە وتەی ڕەش، هەموو لە شی کرا دەرزیاژن
هەر دوو دەستی ڕەنجی سووری پەنجە بە پەنجە
بە بزماری گەورە، کامی، کوڵ و گرنجە
بەسەر پشتی تەختەیەکا، بزمار ڕێژکران
پێیان ئەووت بانگێ بدە، بۆ جەنگاوەران
دەست هەڵگرن، چەک سەرەو خوار سەر دانەوێنن
هەر بەو جۆرە تۆ ئەمێنی و ئەوان ئەمێنن
لۆمۆمبای بەرز، هەتا کوشتیان وتی پەنجەی من
هیچ نانووسێ لەبەر خواستی گڵاوی دوژمن
من ئەکوژن بەڵام گەلی کۆنغۆی تێکۆشەر
دەست ئەنێتە بینی ئێوەی ڕسوا و داگیرکەر