مانگ کە پێڵووی هەوری لێکنا، من دەمم برد
بۆ ئەستێرەی دەم و لێوێکی وەک یاقووت
کاتێ کە هەوریی ئەگریجەی خاویم لابرد
تریفەی مانگ ڕژایەوە سەر سنگی ڕووت
***
چرۆ و ئەستێرەکان و مانگ، نێرگز و گوڵ
خونچەی وردی ئاڵ و ناسکی لق و چڵ
کە زانیان لەوان شیرینترە ڕوو و سنگ
هەموو یەکسەر پەنایان بردە بەر گزنگ
مناڵانی ناو شەپۆلی دەریای هەتاو
ڕێیان تەنیم بە دەزوولەی سەرنجی چاو
مەگەر دیسان لەپشت پەردەی شەوا بێ دەم
بنێمەوە سەر مانگی ڕوو و هەوری پەرچەم