ئاڵەکۆک

کامەران موکری add_a_photo
نامەی سەوز
نامەی سەوزیم نایە سەر دڵ
پڕی بوو لەوشەی وەک گوڵ
چاوی دڵداریم پێی پشکووت
تاسەی خۆشەویستیم بزووت
خۆری نامەکەی کەهەڵهات
بووژایەوە باخی ئاوات
نووسیبووی «ئەی یاری شیرین»
ئەمەوێ پێکەوە بژین
بمکە بە هاوڕێی ژینی خۆت
گیانەکەم زۆر دڵسۆزم بۆت
نامەکەی هەستێکی پێدام
پێم ببەخشێ ژینی بەتام
بۆ پرشنگی زەردەخە
بۆیە لارە ئەم گەردەنە
نامەی زەرد
نامەی زەردیم کە پێم هەیشت
مشتێ ئەسرینی خەمی ڕشت
نووسیبووی ئەی هیوای ژیان
تاکەی دیل بی لەبیابان
***
گەردەلوولی زەرد هەڵیکرد
نیشتە سەر لێوم لمی ورد
دەس وپەنجەیەک وەک کافوور
بۆی نووسیبووم پەیامی دوور
نامەکەی پڕ بوولەخەفەت
نامەسەر چاوو نامەسەر ڕوومەت
پیاماڕشت ئەسرین وتاسەم
سووتا بە گڕی هەناسەم
هەر بۆیەک ئان چاو پێکەوتن
سەد خۆزگەم ئەخوارست بەمردن
نامەی سوور
نامەی سووری پشکۆی ڕژان
نامەی سەر دڵی پڕ لە ژان
هەڵی کرد گەرداوی سزام
وەری گێڕا کەشتیی ئارام
نووسیبووی ژینی تەنیایت
ئەندێشەو ناسۆری جیاییت
نێرگزی خەندەی وەران
خۆشی لەناو دڵما مران
موتورفەکەم گەردنی لار
منیش غەمگین لە دووری یار
دەستی داوەتە بەر ئەژنۆ
ئەڵێ من هەرئەگریم بۆتۆ
دووریم لەوەی ئەیپەرەستم
یەکسەر لەپەلو پۆی خستم
هەربۆ یەک ئان چاو پێکەوتن
ئاوات ئەخوازم بەمردن
بەڵام تاچاو بڕکا بۆدوور
داخراوە بەڕیز تەنوور
چیا ئاگر، ڕووباری خوێن
هاژە ئەکا لەهەموو شوێن
تازە نایەمەوە گیانە
خۆم ویستوومە ئەم ژیانە
گیانەکەم ئەگەر بمێنم
تۆڵەی ئەم خەمە ئەسێنم
١٩٦٥

پەراوێز edit