لە سنگا، دوو سێوی گوڵ بەدەم کاڵ و تورت
هۆی دڵیان بە تیری خورپەی تیژ دائەگرت
وەک قوببەی هەیاسە بێ لەرە و بزوتن
ڕووی دەمیان ئەکردە چەناگە و بەرگەردن
ڕوومەتی گوڵی گەش، لاملی وەک هەتاو
بەژنی ڕێک، ناسکۆڵە، ئەگریجەی زەرد و خاو
کە من دیم خوێنی گەش ئەچۆڕا بۆ سەرسنگ
ئەسووڕا لە لامل، ئەگریجەی وەک گزنگ
پێ لەسەر مەچەکی شووشەیی و لەسەر ڕوو
تا ئەو دیو پەردەی گۆشت بە زەبر ڕۆئەچوو
گوڵی دەم بوو بۆوە بە خونچەی نەپشکووت
گەردی سام لە کۆشی پەڕەیا ئەبزووت
گڵێنەی ئەوەندە خولی خوارد لە ترسا
تا گیر بوو لە گوشەی چاوی وەک نێرگسا
ئەو کچە، ئەو جوانە، ئەو بەژنە نازدارە
ئەو شەنگە، ئەو گوڵە بێ باخ و بەهارە
کەوتە ناو چڵپاوی پایزی گوڵ وەرێن
ناو لیتەی تاوان و ناو گۆمی سووری خوێن
وەک بەفری ڕێی ئاسمان خاوێن بوو داوێنی
بەم ڕەنگەش ئابڕووی تکایە ناو خوێنی
کچانی دراوسێ کە وەک ئەو جوان نەبوون
ڕەفتاری پۆخڵیان پۆشیبوو بە ئاڵتوون
دیبوویان هەنگی ماچ ئەو گوڵەی مژیبوو
چنۆکی دەروونیان لە تاوا تەزیبوو
قاویان دا مناڵی بزێو و هیچ نەزان
لەو کچە بێکەسە وەکوو سەگ ورووکان
خاتوونی کەتن باز، کە وەستای کارانە
ئەو کچەی دەرپەڕان بەو بانگی شێوانە
ئەو شەنگە ئەگەرچی دوای ئەوەش هەر ماوە
بەڵام کز، دڵ شکاو، گوڵی ڕووی ژاکاوە