ئاڵەکۆک

کامەران موکری add_a_photo
کامەران موکری دیاری
٩. زەردەخەنە
لەناو، باخی دڵی گەرما
لە ئاسۆی دەروونی نەرما
بووی بە فریشتەی نازەنین
گۆڵاڵە سوورەی گەش، شیرین
لە کۆشی خەیاڵما هەرگیز
ئاوات بووی، ئەی کچی ئازیز
لە ئاسمانی یادما بە شەو
ئەبووی بە تریفەی مانگە شەو
لەگەڵ شەماڵی، پێدەشتا
یا، بای بزێو، لەگەڵ وەشتا
دڵی من ئەفڕی، دۆڵا و دۆڵ
ئەیبڕی، شەخەڵ، دەشتی چۆڵ
بۆ ناو باخی دڵداری گەش
تا ئارام بگرێتە باوەش
هەنسکی چاوەنواڕیمت
ڕازی وردی دڵداریمت
کرد، بە بەستە، بە ئاوازە
بە نەغمەی شیرین و تازە
لانکەت لە دڵما دانابوو
کەچی، لە پڕ، ڕۆژانی زوو
ئاو، بەسەر چوو، وەکوو خەو
ڕۆژی دڵداریت کرد بە شەو
دەک شەرمەزار بی، شۆخ و شەنگ
لە پڕ، لە ناکاو، بە بێ دەنگ!
گوڵی هیوام، کاتێ وەری
لە جیاتی ئەوەی، بۆی بگری
لەسەر، ڕووی، ئەو گوڵە نەرمە
کردت بە ئاهەنگ، بە نەغمە
شەرمەزار بی، هی دڵت، دڵ
ڕۆژانی، ڕابردووی بە کوڵ
بەڵێنی جاران.. کەنیشکە
دەک هەر خەم، بۆت بێ بە بێشکە
ئەرێ بۆ، وازت لێ هێنام؟!
ئەی کچی جوان، کچی نەفام!
تەلار؟ یا پارە؟ بڵێم زەڕ؟
زڕەی گوێچکەی تۆ بکا کەڕ
ناو؟.. کام ناو؟! هی دەوڵەمەندی
بەڵێ، بەمانەوە... بەندی
نەمناسی بووی؟! ببوورە لێم
لۆمەت ناکەم، ڕووت لێنانێم
ببوڕە! نەمزانی سامان
بۆتە هیوای تۆ... کچی جوان
ناوت نایەنم... تۆ، وەک گوڵ
ئەورێیتە ناو خاک و گڵ
ناگریم..! تۆ بگری، بەسزمان
پەنا، بەرە، بەر ئەشک و ژان
ئەوسا لەسەر پارەی مردوو
بگری، خۆزگەت بە ڕابوردوو
بڵێ خۆزگەم بەو دڵەی زوو
بەو ژیانەی لە کیسم چوو
زەردەخەنەکەت، بێ گومان
ئەڕژێتە ناو خوڕی گریان
ئەتوێتەوە، ناو ئەشکی سوور
نامبینیت مەگەر، هەر، لە دوور
نایبیستی نەغمەی ڕازەکەم
بەستەی شیرین ئاوازەکەم
برۆ بۆ ژووری ئاوێنە
وەک تیمسالێک خۆت بنوێنە
تیمسالی مەڕمەڕی بێ گیان
ئەی قوربانیی ساردی ژیان
منیش وەک پەپوولەی پاییز
ئەگەڕێم بۆ خونچەی ئازیز
بۆ دڵێک، من، نەوەک ئاڵتوون
بگرێتە دڵ، ناخی دەروون

پەراوێز edit