کات بەیانی... پرشنگی کاڵ
پەرشی، گۆنای، گوڵاڵەی ئاڵ
کوڕی شۆخ و شەنگی پێست ڕەش
چەپکێک گوڵ، ئەگرێتە باوەش
دێت، بۆ لای یاری نازەنین
دوای سکاڵا و ڕازی شیرین
بەڵێن ئەبەستن – بەیانی –
بێنەوە، بۆ باخ و کانی
لەوێ لەگەڵ جریوەدا
تێر تێر لەو چەم و شیوەدا
گۆرانی خۆش بڵێن هی خۆش
بە بادەی دڵ ببن سەرخۆش!
بەیانی، وەک دوێنێ هەر دوو
ڕوویان کردە سەر کانی، زوو
شاجوانی ڕەشتاڵەی نازدار
کراسی مۆر، بریسکەدار
وەک گوڵە قەیفەیەکی تەڕ
هات، بەرەو ئاو، سێبەری کەڕ
یار لەوێ بوو.. بەڵام لەسەر!!
درەختێکی زڕی، بێ بەر!!
وەکوو میوەیەک سەرە و خوار
هەڵواسرا بوو... لاشەی یار
شوێنێک، بووبێت، بە پەرستگە
بۆ دۆلاری خاوەن «کارگە»
تیا، بێ نرخە گیانی هەژار
بە تایبەتی «قولی» نازدار !